سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر، کاریگەریی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لە کەرکووک هەبوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕەوەند مەلا مەحموود لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا باسی لە دوایین دۆخی دانوستانەکان لەسەر پۆستەکانی پارێزگاری کەرکووک و پێوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی دیموکرات کرد و وتی: ئێمە لەگەڵ پارتیدا کێشەمان هەیە چوونکە بیرکردنەوەمان جیاوازە ئەوان لەگەڵ عەرەبە سوننەکان و لەگەڵ تورکمانەکان و لەگەڵ تورکیا پێوەندییەکی بەهێزیان هەیە و هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر و بەغدا تەئسیری لەسەر شاری کەرکووک هەبوو.

کوردپرێس

زیاتر لە شەش مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە چووە. هێشتا پۆستە ئیدارییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەهۆی ناکۆکیی نێوان ڕەوتە سیاسییەکانی ئەم پارێزگایە لەسەر دابەش کردنی پۆستەکان دیاری نەکراون. ناتەبایی نێوان کورد (یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان) وایکردووە ئەم پرسە بە بێ چارەسەر بمێنێتەوە. ئێستا گرنگترین پێشنیار کە لەم بارەوە خراوەتەڕوو ئەوە بوو کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکرێتە خول لە نێوان پێکهاتەکان، کە سەرەڕای تەداخولی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێشتا ڕەوتە سیاسییەکان لەسەر ئەم پێشنیارەش ڕێکنەکەوتوون.

ڕەوەند مەلا مەحموود لێپرسراوی مەڵبەندی ۲ی یەکێتی لە کەرکووک لەبارەی هەڵویستی حزبەکەی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی ئەو پارێزگایەدا وتی: ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لەگەڵ تەواو بوونی هەڵبژاردندا، ئێمە کە لیستی براوەی یەکەم بووین لە شاری کەرکووک. ئەوەمان ڕاگەیاند کە پێمان خۆشە هەموو لایەنەکان بەشداری بکەن و ئێمە ئامادەین بۆ هەموو دانوستاندنێک. وەکوو یەکێتیی پێمان وایە ئەبێت هەموو لایەنە براوەکان بە یەکەوە حوکمڕانیی کەرکووک بکەن و پۆستەکانیش بەپێی ئیستیحقاقی ئینتیخابی لەنێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکووکا دابەش بکرێت.

لێپرسراوی مەڵبەندی ۲ی یەکێتی لە کەرکووک زیادی کرد: لەگەڵ تەواو بوونی هەڵبژاردندا ئێمە سەردانی لقی پارتی دیموکراتی کوردستانمان کرد لە شاری کەرکووک. ئەوان بۆ من و لەبەردەم کەناڵەکاندا باسی ئەوەیان کرد کە پارێزگاریی کەرکووک مافی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە چوونکە لیستی براوەی یەکەمە. پاشان ئەوان کە چوون سەردانی بەرەی تورکمانییان کرد پاش چەند مانگێک، لەوە بەرەی تورکمانی ڕایگەیاند ئێمە سوپاسی پارتی ئەکەین ئەو پێشنیارەی کە ئێمعە کردوومانە قبووڵی کردووە، خۆتان دەزانن کە ئەو پێشنیارە کە تورکمانەکان و عەرەبەکان و پارتی لەسەری ڕێککەوتبوون ئەوە بوو کە پۆستی پارێزگاریی کەرکووک 7 مانگ بۆ کورد (بەدیاری کراوی بۆ پارتی) بێت و ساڵێک بۆ تورکمان بێت و دوو ساڵیش بۆ عەرەبە سوننەکان بێت کە ئەمەش زۆر دوورە لە ئیستیحقاقی میللەتی کوردەوە.

ڕەوەند مەلا مەحموود لەبارەی دۆخی پێوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: ئێمە لەگەڵ پارتیدا کێشەمان هەیە چوونکە بیرکردنەوەمان جیاوازە ئەوان لەگەڵ عەرەبە سوننەکان و لەگەڵ تورکمانەکان و لەگەڵ تورکیا پێوەندییەکی بەهێزیان هەیە و هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر و بەغدا تەئسیری لەسەر شاری کەرکووک هەبوو. بەداخەواە نەئەبوو کورد بچێتە ژێر ئەو کاریگەرییەوە. ئێمە ئێستاش لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوڕمان بەوەیە کە کورد لە کەرکوو ئەبێت یەکدەست بێت و هەروەها ئەبێت مافی نەتەوەکانی دیکەش پارێزراو بێت. هەروەها پێشمان وایە دەبێت هەمووان لە کەرکوو مافی ئیستیحقاقیی خۆمان بەدەست بێنین. ئێمە و پارتی عەلاقاتەکنمان عەلاقاتێکی باش نییە وەکوو کە وتم بیرکردنەوەشمان جیاوازە ئێمە پێمان وایە کورد لە هەر شوێنێک بێت ئەبێت ڕێزیان لێبگرین و نابێت بیر لە چەوساندنەوەی کورد لە هیچ شوێنێک بکەین بەڵام دیارە پارتی بیر کردنەوەی لەگەڵ ئەمەدا جیاوازە. لە هەمان کاتدا ئێوە دەبینن ئێمە لە کوردستانیش لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش کێشەمان هەبوو تاوەکوو لە بەغداوە ئەو کێشە چارەسەر کرا. بۆیە ئێستاش لە شاری کەرکووک هەر چاوەڕوانی ئەوەین هەموومان پێکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشین و چارەسەری ئەم کێشانە بکەین بەڵام بەداخەوە بەشێک لە عەرەبە سوننەکانیش چوونەتە ژێر تەئسیری تورکیاوە و نەهاتوونەتە سەر ئەو قەناعەتەی کە پێویستە کێشەکانی کەرکووک دەبێت لەناو کەرکووکدا چارەسەر بکرێت.

News Code 223762

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha