نابێت پرۆسەی ئاشتی تەنها لە چوارچێوەی چەکداناندا بمێنێتەوە

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە گفتوگۆیەکدا باس لە پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی پرسی کورد لە تورکیا کرد و گوت پەکەکە بە شێوەیەکی ئاشکرا کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری لە دژی تورکیا هێناوە و ئامادەیە لە چوارچێوەی تێکۆشانی سیاسی و دیموکراتیکدا بەشداری بکات، بە مەرجێک زەمینەی یاسایی و سیاسی بۆ ئەوە دابین بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قەرەسوو ڕاشیگەیاند: ئەگەر پرۆسەکە تەنها لە چوارچێوەی چەکداناندا بمێنێتەوە، ئەوا چارەسەری پرسی کورد نایەتە ئاراوە. بە وتەی ئەو، چەک لە گۆڕەپانی سیاسەت دەردەچێت، بەڵام ئەگەر هەنگاوی یاسایی، دیموکراتیک و مافی مرۆڤی لەگەڵیدا نەبن، ئەوا ئەو پرۆسەیە کێشەی نوێ دروست دەکات و ناتوانێت ئاشتییەکی بەردەوام بەرهەم بهێنێت. هەروەها جەختی کردەوە کە دەوڵەتیش دەبێت بە هەمان شێوە نزیکایەتییەکی ژیرانە و جددی نیشان بدات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قەرەسوو ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە یەکێک لە بنەڕەتیترین مەرجەکانی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی ناساند. ئەو گوت، دۆخی ئێستای ئۆجەلان ناتوانێت بەردەوام بێت، چونکە ئەگەر نەیتوانێت بە ئازادی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە، میدیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبێت، پرۆسەکە بە شێوەیەکی سرووشتی پێش ناکەوێت.

بەپێی قسەکانی ناوبراو، ئامانجی سەرەکی بریتییە لەوەی سەرەتا ئۆجەلان دەرفەتی کاری ئازاد و پەیوەندیی فراوانی هەبێت و پاشان لە ماوەیەکی کورتدا ئازاد بکرێت. قەرەسوو ئاماژەی بەوە دا کە تا کاتێک ئۆجەلان ئازاد نەبێت، قورسە باسی چارەسەری پرسی کورد بکرێت یان هەنگاوە سەرەکییەکان جێبەجێ بکرێن، چونکە بە بۆچوونی ئەو، هەم گەریلا، هەم گەل و هەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم بابەتەدا هەستیارییەکی زۆریان هەیە.

قەرەسوو هەروەها ئاماژەی دا کە ئەگەر گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک بکرێتەوە و یاسایەکی نوێ دەرچێت، پێویستە ڕێگە بۆ گەڕانەوەی سیاسەتمەداران، ئازادکردنی ژمارەیەک لە زیندانیان و بەشداریی هێزە سیاسییەکان لە ژیانی دیموکراتیک بکرێتەوە. بە بڕوای ئەو، ئەو هەنگاوانە لەگەڵ چەکدانان و گۆڕینی دۆخی ئۆجەلان، دەتوانن بنەمای چارەسەریەکی بەردەوام بۆ پرسی کورد دروست بکەن.

News ID 227627

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha