ئەرکی سەرشانی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم  بپارێزن‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان‌ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، پارتی‌ و یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە ده‌قى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ بەمشێوەیە:

ڕاگەیه‌ندراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان ‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن ‌و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی ‌و ئابووری  هەرێم ‌و کێشەچارەسەرنەکراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بەگشتی ‌و بوودجە و بژێوی ژیان‌ و مووچەی فەرمانبەران بەتایبەتی، لەلایەک ‌و هەڵبژاردنەکانی  ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی‌ و نیشتمانیی هاوڕابووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

١- هەردوولا کۆکبووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکووک، بەهەموو پێکهاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری­بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شار و شارۆچکەکان.

٢- هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی‌ و پارتی ‌و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم  بپارێزن‌ و پارێزگاری لەدەستکەوتەکانی شۆڕش ‌و خەبات ‌و خوێنی شەهیدانى کوردستان بکەین.

٣- بۆ چارەسەری کێشە سیاسی ‌و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی لە ئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی‌ و بژێوی‌ ژیان ‌و خزمەتگوزاریی ‌و بوودجە و مووچە بدەین بەتایبەتی.

News Code 222994

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha