٢٨ تەمووز ٢٠٢٦ - ١٢:٢٣
میراتی سویسرا بۆ کوردەکان

بەپێی شیکارییەک کە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی بڵاوکراوەتەوە، زۆربەی قەیرانەکانی سەدەی ڕابردوو دەربارەی پرسی کورد، ڕەگ و ڕیشەیان لە ڕێکخستنە سیاسییەکانی دوای پەیماننامەی لۆزاندا هەیە؛ ڕێککەوتنێک کە بەرژەوەندیی هێزە گەورەکانی خستە پێش داواکارییە نەتەوەییەکانی کوردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لۆزان بۆ زۆربەی خەڵکی جیهان، ناوی شارێکی ئارامی سویسرایە؛ بەڵام بۆ کورد، زیاتر لەوەی شارێک بێت، ناوی پەیماننامەیەکە کە ڕێڕەوی سەدەیەک لە سیاستەکانی تورکیای لەبەرامبەر پێناسە و ناسنامەی کوردی دیاری کرد. پەیماننامەیەک کە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، سنوورەکانی کۆماری تازەپێگەیشتووی تورکیای جێگیر کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا پرسی کوردی لە بەرنامەی کاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سڕییەوە.

پەیماننامەی لۆزان، بەپێچەوانەی پەیماننامەی سیڤەر کە بەشێوەیەکی سنووردار باسی لە ئەگەری پێکهێنانی کیانێکی کوردی کردبوو، تەواوی ئەو بەڵێنانەی وەلانا و زەمینەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک ڕەخساند کە لەسەر بنەمای «یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ناسنامە» بنیات نرا. لەو کاتەوە، کورد تەنها وەک بەشێک لە دانیشتووانی تورکیا پێناسە کران و مافە سیاسی و نەتەوەییەکانیان لە هاوکێشە فەرمییەکاندا سڕدرایەوە.

تورکیای مۆدێرن تەنها میراتگری خاکی عوسمانی نەبوو، بەڵکوو میراتگری نەزمی سیاسیی لۆزانیش بوو؛ نەزمێک کە مانەوەی بەسترابووەوە بە پشتگوێخستنی ناسنامەی کوردەکانەوە. ئەم پرسیارە دەورووژێندرێت کە ئایا هێزە ڕۆژئاواییەکان بەڕاستی لە بەرامبەر موستەفا کەمال ئاتاتورکدا شکان، یان لە بنەڕەتدا دامەزراندنی کۆماری تورکیایان بە شێوەیەک بەڕێوە برد کە هم بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزرێت و هم ڕێگری لە سەرهەڵدانی کیانێکی کوردی بكرێت. سیاسەتی بەریتانیا و فەڕەنسا زیاتر لەوەی لەسەر مافی نەتەوەکان وەستابێت، لەسەر پاراستنی هاوسەنگیی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەستابوو.

سەرەنجام ئەم شیکارییە دەگاتە تورکیای ئەمڕۆ. ئەگەرچی لە دوو داهاتوودا (دوو دەیەی ڕابردوودا) هەندێک چاکسازیی سنووردار دەربارەی زمان و کلتووری کوردی ئەنجام دراون، بەڵام ئەم چاکسازییانە هەرگیز بە مانای قبووڵکردنی ڕاستەقینەی ناسنامەی کوردی نەبوون. ڕێگەدان بە پەخشی بەرنامەی کوردی بە کاتی سنووردارکراوەوە، ناچارکردن بە بەکارهێنانی ژێرنووسی تورکی، سنووردارکردن لە فێرکاریی زمانی کوردیدا و تەنانەت قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هەندێک پیتی ئەلفوبێی کوردی وەک Q، W و X لە ناونانی منداڵاندا، لە جۆرەکانی ئەو نموونانەن کە بۆ نیشاندانی بەردەوامیی تێڕوانینی ئەمنیی دەوڵەتی تورکیا بۆ پرسی کورد دەژمێردرێن.

بە پشتبەستن بە توێژینەوەکانی حەمیت بۆزئەرسەلان دەکرێت بگوترێت کە ئەم سنووردارکردنانە، ڕەگیان لە هەمان ئەو چوارچێوەیەدا هەیە کە لۆزان بۆ کۆماری تورکیای دروست کرد؛ چوارچێوەیەک کە تەنها کەمینە پێناسەکراوەکانی ناو پەیماننامەی لۆزانی بە فەرمی دەناسی و کوردەکانی لە دەرەوەی ئەم پێناسەیە دەهێشتەوە. لەبەر ئەوەش، زۆربەی چاکسازییە ئەنجامدراوەکان لە کرداردا نەیانتوانیوە پرسی کورد چارەسەر بکەن و زیاتر لایەنی تاکتیکییان هەبووە.

سیاسەتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە درێژەی هەمان کەلەپوور و میراتە مێژووییەدا هەڵدەسەنگێندرێن. ئەردۆغان، سەرەڕای دوورکەوتنەوە لە هەندێک پێکهێنەری کەمالیزم، لە پرسی کورددا هێشتا لە چوارچێوەی لۆزاندا دەجووڵێتەوە و هەوڵی داوە تەواویەتی خاکی و مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا بپارێزێت. ئۆپەرسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری سووریا و عێراق، کەڵکوەرگرتن لە وتاری ئاینی لەم ئۆپەرسیۆنانەدا و دژایەتیکردنی هەرجۆرە پێکهاتنی کیانێکی سیاسیی کوردی لە سنوورەکانی باشووریدا، هەموویان درێژەی هەمان لۆژیکی ئەمنین کە سەدەیەک لەمەوبەر دوای لۆزان جێگیر بوو.

ئەگەرچی دەقی پەیماننامەی لۆزان هێشتا بڕست و بڕوای یاسایی هەیە، بەڵام پێشهاتەکانی سەدەی ڕابردوو نیشانیانداوە کە پرسی کورد بە پشتگوێخستن لە نێو ناچێت. ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکان لە سووریا، پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و بەردەوامیی داواکارییە سیاسی و کلتوورییەکانی کوردانی تورکیا، نیشانی دەدات ئەو پرسیارەی لە لۆزاندا بە بێ وەڵام مایەوە، هێشتا یەکێکە لە گرنگترین ئاڵنگارییەکانی سیاسەتی ناوخۆیی و ناوچەییی تورکیا. لەبەر ئەمەش، «لۆزان زمانی کوردیی نەدەناسی، بەڵام مێژوو، ناچاری کردووە گوێ لەم زمانە بگرێت.»

 

ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی کوردی

News ID 227636

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha