بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەممەد كەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووک دەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند: لەگەڵ ئەوەن کوردێک ببێتە پارێزگاری کەرکووک و بە دڵی هەموو لایەک بێت.
ناوبراو وتیشی: پارتی داوای لە یەکێتیی کردووە چەند ناوێک پێشکەش بکەن، پارتیش چەند ناوێک پێشکەش بکات، بۆ ئەوەی هەردوولایان گفتوگۆ بکەن لەسەر دیاری کردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی پاریزگاری کەرکووک، بەڵام تا ئێستە یەکێتیی ناوەکانی ئامادە نەکردووە.
محەممەد كەمال هیواشی خواست لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی داهاتوودا هەموو لایەک لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، کە کورد بێت و خەڵکی کەرکووک بێت.
محەمەد کەمال لەبارەی ڕێککەوتنی شاراوە لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ڕایگەیاند: پارتی بە دزییەوە کار ناکات و ژێربەژێریش کار ناکات، پارتی هەمیشە بە ئاشکرا کاری کردووە باشترین بەڵگەش ڕیفراندۆمە، گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوامە بۆ دیاری کردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.
ناوبراو ئاشکراشی کرد تا ئێستا ڕێککەوتنێکی ئیمزاکراو نییە لەسەر دیاری کردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەڵام ئەوەی کە هەیە گفتوگۆکان بەردەوامە بۆ ئەم مەبەستە.
Your Comment