یەکەم تاقیکردنەوەی دوای هەڵبژاردن؛ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ نەبووەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بایکۆتی فراکسیۆنەکانی عەرەبی و تورکمان نەیهێشت یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنە نوێیەکەی پارێزگای کەرکووک بکرێت و سەرۆک و دوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرێن. جێگری سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "لە دواکەوتنی وادەکان یاسا هیچ سزایەک یان رێکارێکی دیارینەکردووە."، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردنیش پێشنیازی نوێی پێیە.

کوردپرێس:

تۆڕی میدیایی ڕووداو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، دوای ۱۵ رۆژ لە پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە، ۵ـی شوبات و لە وەڵامدانەوەی نووسراوی ڕاکان جبووریی، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، فراکسیۆنە کوردستانییەکان "یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادەی ئەنجوومەنی پارێزگا بوون بۆ کۆبوونەوە، بەڵام نەیانتوانی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان تەواو بکەن، کە نۆ کورسییە. بەوهۆیەوە کۆبوونەوەکە نەکرا.

هەر یەکە لە هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک ۳ کورسی، بەرەی تورکمانی ۲ کورسی، هاوپەیمانی قیادە ۲ کورسی، هاوپەیمانی عرووبە ۱ کورسی، ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، کە بە سەرجەمیان خاوەنی هەشت کورسین.

سەعد ئەلڕاوی، جێگری پێشووتری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەوبارەیەوە دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی هیچ دەقێکی یاسایی نییە باس لەوە بکات، ئەگەر هێز و لایەنە سیاسییەکان لەو ماوانەی دیاریکراون نەگەیشتن بە هیچ چارەسەرییەک بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و دوو جێگرەکەی و پارێزگار و دوو جێگرەکەی، بۆیە پرسەکە بە هەڵپەسێردراوی تاوەکوو گەیشتن بە رێککەوتن دەمێنێتەوە".

سەعد ئەلڕاوی ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی لە کەرکووک ڕوویداوە دۆخێکی دەگمەنە، بۆشایی یاسایی هەیە لەوەی فراکسیۆنەکانی دیکە نەچوونەتە کۆبوونەوە، دەبێت ئەو بۆشاییە یاساییە چارەسەربکرێت.

لە بڕگەی یەکەمی مادەی ۷ی یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە هەرێمێکدا هەیە هاتووە، "سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و دوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامەکانی و لە یەکەم دانیشتنیدا لەماوەی ۱۵ رۆژ لە ڕۆژی پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، ئەگەر داواکاری بۆ کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەن بەردەست نەبوو، ڕۆژی ۱۶یەم کۆبوونەوەکە دەکرێت و بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن سەرۆکایەتی دەکات".

هەروەها لە بڕگەی حەوتەمیش هاتووە، "هەڵبژاردنی پارێزگار و دوو جێگرەکەی بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن لە ماوەی ۳۰ رۆژ لە بەستنی کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەن".

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەی پشتڕاستیدەکاتەوە یاسا بەرکارەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هیچ لێکەوتەیەک لەسەر هێز و ئەنجوومەن و دامەزراوەکان دانانێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی نەگەن بە رێککەوتن لە وادەکانی یاسایی، دەشڵێت، "لەو ناوچانەی لە قۆناخی دوای ناکۆکییدا چارەسەری واقیعی پشتی پێدەبەسترێت".

لەبارەی چارەسەرکردنی دۆخەکەشەوە بەتایبەت لە پارێزگای کەرکووک، دەڵێت، "باشترین بژاردە ئەوەیە کام بەربژێر زۆرترین دەنگی هێناوە وەکو سازانێک دەبێتە پارێزگاری ئەو شوێنە".

دوای نەهاتنی ئەندامانی فراکسیۆنەکانی عەرەبی و تورکمانی بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامەکەی کۆتای مەسیحی نووسراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ ۸ ئەندام لە کۆی ۱۵ ئەندام کە رێکارە یاساییەکانیان تەواو کردووە، لە هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەبووین و ئەوەش رێژەی یاسایی تەواو نەکرد".

رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە گوتی، "پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، ئێمە رێز لە بۆچوونیان دەگرین و لەسەر بنەمای بەیەکەوە کارکردن، رێککەوتن و هاوسەنگی کۆبوونەوەکەمان بەڕێوەنەبرد".

رۆژی ۱۸ـی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۳ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو و لە رۆژی ۲۱ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەى پەسند کرد.

لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی ئەو سێ لایەنەی لە هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادە بوون، حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک, گوتی، "ئومێدمان ئەوەیە لە داهاتوودا هەموو پێکهاتەکانی ئەنجوومەن بەیەکەوە کۆببینەوە، لەبەرئەوەی هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە جگە لە دانیشتن و گفتوگۆکردن بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام".

لێکەوتەیەکی ئاڵۆز بۆ خشتەی کورسییەکانی کەرکووک

 هەڵبژاردنی ۲۰۲۳ـی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک نەخشە و خشتەیەکی ئاڵۆزی هێناوەتە کایەوە، جگە لەوەی هیچ کام لە پێکهاتە سەرەکییەکان "کورد، عەرەب و تورکمان" زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەستنەهێناوە، ژمارەی کورسییەکانیان بەشێوەیەک یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوەی بەبێ ئەوانی دیکە بتواندرێت رێکارەکانی ئەنجوومەنی نوێ و پارێزگار تەواو بکات، هەرچەندە بەهۆی تێکەڵەی پارێزگاکەوە، ئەمە بۆ کەرکووک بە "ئەستەم" دەزاندرێت.

دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک لە ساڵى ۲۰۰۵ کرا و لە کۆى ۴۱ کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، لیستى برایەتى کە یەکێتى و پارتى پێکهێنەرى سەرەکیى بوون، ۲۶ کورسییان بەدەستهێنا و پۆستى پارێزگاریان وەرگرت.

خەبات نەجمەدین، شرۆڤەکاری سیاسیی، لەبارەی گەیشتن بە چارەسەر بۆ دۆخی کەرکووک، دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی دۆخی پارێزگای کەرکووک هەستیارە، باوەڕم وایە بەمنزیکانە ئەو کێشە چارەسەرببێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لەگەڵ ئەندامەکانی بەرەی تورکمانی رێککەوتن دەکرێت، چونکە بەردەوامیی دۆخەکە لە بەرژەوەندیی پارێزگاکە نییە".

ئەو دەشڵێت، "رەنگە بتواندرێت لەرێگەی دادگەی فیدڕاڵییەوە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت، ئەوەش لە رێگەی ئەوەی فراکسیۆنێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵا بکات و داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و گرتنەبەری رێکارەکان بکات، ئەو کات دادگە رۆژێک دیاری دەکات بۆ کۆبوونەوە و دەبێت ئەنجوومەن کۆببێتەوە، بەڵام ئەگەر لەو رۆژە نەگەیشتن بە چارەسەر دیارنییە دوای ئەوە چارەنووسی ئەنجوومەن چی دەبێت، بۆیە بۆشایی یاساییمان لەوبارەیەوە هەیە".

رۆژی ۲۱ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد، کە رۆژی ۱۸ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۳ هەڵبژاردنی بۆ کرا.

بۆ دانانی پارێزگار و دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک لە ۱۶ کورسی نیوە +۱ـی پێویستە، واتا نۆ کورسی؛ لە نەتەوەی کورد ۷ کورسی مسۆگەر کراوە، کە پێنجی یەکێتی و دووانی پارتین، کریستیانەکەش کە بە نزیک لە یەکێتی دادەنرێت، یەکلایی بووەتەوە بۆ پشتیوانی دوو فراکسیۆنە کوردییەکە، بەڵام هێشتا کورد پێویستی بە دەنگێکی دیکەی ئەو هەشت کورسییەیە کە دووانی تورکمان و شەشی عەرەبن.

هەردوو نەتەوەی عەرەب و تورکمان لە کەرکووک وێڕای ئەوەی بە تەنیا ناتوانن ئەنجوومەنی پارێزگا پێکبهێنن، پێکەوەش وەکو هاوپەیمان دەبنە هەشت کورسی و پێویستیان بە کورسییەکی دیکەیە بۆ دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک.

تەنیا بە یەک سیناریۆ دەتواندرێت کورد لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک و دانانی پارێزگار دووربخرێتەوە، ئەویش هاوپەیمانی نێوان عەرەب و تورکمان و کۆتای مەسیحییەکانە، کە ئەمەش بە دوور دەزاندرێت.

News Code 223013

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha