ئیرادەیەکی جیدی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی سووریا هەیە

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دیمەشق، ئاماژەی دا بە پێشکەوتنی پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی کاتیی سووریا و ڕایگەیاند دوو لایەن ئیرادەیەکی جیدییان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان هەیە. ئەو هەروەها وتی پێشنیازی تێکەڵکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) وەک هێزێکی تایبەتی دژەتیرۆر لە ژێر چەتری وەزارەتی ناوخۆی سووریا، چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دیمەشق، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ حکوومەتی کاتی سووریا، ڕایگەیاند: دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کە زیاتر لە ۱۰ ساڵ تەمەنیان هەیە، بە دەیان دامەزراوەن و هەندێکیان زوو تێکەڵ دەکرێن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان کاتی زیاتر و دیالۆگی زیاتر پێویستە. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک کێشە هێشتا لە ژێر گفتوگۆدان و بڕیاری کۆتایییان لەسەر نەدراوە، بەڵام هەنگاوە باشەکان نراون و «شەمەندەفەرەکە کەوتووەتە سەر رێڕەوی خۆی». بە پێی قسەکانی، هەم لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەم لە لایەن حکومەتی دیمەشقەوە ئیرادەیەکی جیدی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هەیە.

عەبدولکەریم عومەر لەبارەی ئەو دامەزراوانەی هێشتا تەواو تێکەڵ نەبوون، وتی هیچ بابەتێک نییە کە دەستی پێ نەکرابێت، بەڵام هەندێک ئاست هێشتا ماون. بەپێی وتەکانی، هێزە سەربازییەکان و ئاسایش بە تەواوی چوونەتە سەر وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام یەکێک لە بابەتە هێشتا ماوەکان، دۆسیەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)یە. ئەو ڕوونی کردەوە کە یەکینەکانی پاراستنی ژن جەخت دەکەنەوە لە سەر ئەوەی ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری، بەهۆی ئەو خەبات و کارەی ئەنجامیان داوە، بەڵام وەزارەتی بەرگری و حکومەتی دیمەشق دەڵێن لە سوپای سووریا هێزی ژنان نییە. بۆیە، بەگوتەی ئەو، پێشنیازێکی نوێ لەلایەن یەپەژەوە کراوە کە وەک گرووپێکی دژەتیرۆر لە نێو وەزارەتی ناوخۆدا کار بکەن، ئەم پێشنیازەش ئێستا لەسەر مێزی سەرۆککۆماری دیمەشقە و چاوەڕێی وەڵامە.

لە دۆسیەی پەروەردەدا، ناوبراو باسی لەوە کرد کە زۆر هەنگاو نراون، وەک دیاریکردنی بەڕێوەبەری پەروەردە لە حەسەکە، بەڵام کێشەی خوێندنی زمانی کوردی هێشتا چارەسەر نەکراوە. ئەو وتی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا خوێندن بە زمانی کوردی بووە و بەپێی مەرسوومی ۱۳ی سەرۆکی سووریا، مافی زمان و کولتووری کوردی ناسراوە. بۆیە، لە ڕوانگەی ئەوانەوە دەبێت قوتابیان مافی خوێندن بە زمانی دایکەیان هەبێت. بەڵام وەزارەتی پەروەردەی سووریا تەنها پێشنیازی دوو کاژێر خوێندنی زمانی کوردی لە هەر هەفتەیەکدا کردووە.

عەبدولکەریم عومەر ئاشکرای کرد کە پێشنیازی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوەیە پرۆگرامی نیشتمانیی سووریا وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی، بۆ ئەوەی قوتابییەکان هەڵبژێرن بە کوردی یان بە عەرەبی بخوێنن. بەگوتەی ئەو، هەفتەی رابردوو، لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد و وەزیری پەروەردەی سووریا ئەم پێشنیازەیان ئاراستەی سەرۆککۆماری دیمەشق کردووە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامن.

لە هەمان کاتدا، ئاماژەی بە هەنگاوەکانی دیکە کرد و وتی دەستەی ژنان و دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی تێکەڵ بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی سووریا کراون، نووسینگەی جێبەجێکاری پارێزگا دیاری کراوە و بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمیش دیاری کراوە. بەگوتەی ئەو، بۆ یەکەمجار لە مێژووی سووریادا ژنێکی کورد وەک بەڕێوەبەری هەرێمی قامشلۆ دیاری کراوە.

ناوبراو سەبارەت بە شێوازی دیاریکردنی ئەو بەرپرسانە، ڕوونی کردەوە کە ئەو پرۆسەیە بەپێی رێککەوتنی ۲۹ی کانوونی دووەم و لە ڕێگەی دیالۆگەوە ئەنجام دراوە. بەگوتەی ئەو، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە، لیژنە هاوبەشەکان پێک هاتن و گفتوگۆیان کرد، سەرۆککۆماری سووریاش هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو تێکەڵبوونەی داوە. ئەو دیاریکردنی ژنێک بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هەرێم بە جێگەی شانازی زانی، چونکە پەیوەندی بە تێکۆشانی ژنان، بەتایبەتی ژنی کورد، لە ئاستە سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتیدا هەیە.

لە بابەتی ئاوارەکاندا، عەبدولکەریم عومەر ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاوێکی باش نراوە و دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین دەستی پێکردووە. بەگوتەی ئەو، نزیکەی ۱۰۰۰ خێزان لە گرووپی داهاتوو رۆژی پێنجشەممە بەرەو عەفرین دەگەڕێنەوە، ئەوەش بە مژدەیەکی خۆش بۆ خەڵکی ناوچەکە ناو دەبات. هەروەها ئاماژەی کرد کە پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی، گرێ سپی و ڕەققە هێشتا ماوە و هیواداری ئەوەی هەیە لە داهاتوودا هەموو ئاوارەکانی سووریا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، چونکە شەڕی ناوخۆیی زیاتر لە ۱۴ ساڵ ئاوارەبوونی زۆری لێکەوتووەتەوە.

لەبارەی خاڵە جێگیرە ناکۆکەکانیش، عەبدولکەریم عومەر ئاماژەی بە پرسی پەرلەمان و لیژنەی داڕشتنەوەی دەستووری داهاتووی سووریا کرد و وتی پرسی کورد تەنها بابەتێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسییە و دەبێت لە ئاستی سیاسی، دەستووری و یاساییدا چارەسەر بکرێت. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە شێوازی پێکهاتنی پەرلەمانی ئێستای سووریا رازی نییە.

بەپێی وتەکانی، هەڵبژاردنی پەرلەمان بە شێوەیەک بووە کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەل تێدا نییە و نزیکەی ۳۰ لە سەدی ئەندامان لەلایەن سەرۆککۆماری وڵاتەوە دیاری کراون. ئەو وتی ژمارەی کورد، ژنان و پێکهاتەکانی دیکە زۆر کەمە و ئەو پەرلەمانە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی سووریای داهاتوو نییە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، سووریا دەوڵەتێکی فرەنەتەوە و فرەپێکهاتەیە و بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی نوێ، دەبێت هەموو پێکهاتە و هێزە سەرەکییەکان لەسەر مێزێکی هاوبەش دابنیشن و پێش پێکهاتنی لیژنەی دەستووری، دیالۆگ و رێککەوتنی سیاسی هەبێت. ئەو جەختی کردەوە کە سووریای داهاتوو دەبێت دیموکراسی، ناناوەندی و پشتیوانی لە رۆڵی ژنان بکات.

سەبارەت بە پرسی هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات، عەبدولکەریم عومەر ڕوونی کردەوە کە دامەزراوەکان بە شێوەیەکی وردە وردە تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبن. ئەو نموونەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری هەرێمی جەزیرە و بەڕێوەبەری هەرێمی قامشلۆی هێنایەوە، کە ئێستا لە دامەزراوەکانی حکومەتدا بەرپرسیاریان وەرگرتووە. بەگوتەی ئەو، کاتێک پرۆسەی تێکەڵبوون تەواو بێت، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا و لەو کاتەدا کۆتایی بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕادەگەیێندرێت. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە تەنها تێکەڵبوونی کارگێڕی بۆ سەقامگیری بەس نییە و دەبێت مافی کورد و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە دەستووری داهاتوودا گەرەنتی بکرێن.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ناوبراو باسی لە رۆڵی کورد دوای کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردان کرد و وتی: کۆنفرانسی ۲۶ی نیسان یەکەم هەنگاو بوو بۆ کۆکردنەوەی هەموو پارتە سیاسییە کوردییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بزووتنەوەکانی ژنان و کەسایەتییە سەربەخۆکان. بەگوتەی ئەو، لەو کۆنفرانسەدا رێککەوتن لەسەر پڕۆژەیەک بۆ داهاتووی سووریا و مافی گەلی کورد کرا و لیژنەیەک هەڵبژێردرا. بەڵام، بەداخەوە، لەو رۆژەوەی ئەو لیژنەیە هەوڵی دانیشتن لەگەڵ حکومەتی دیمەشقی داوە، هێشتا هیچ وەڵامێکی فەرمی لە دیمەشق وەرنەگرتووە. عومەر ئەوە بە جێگەی نیگەرانی زانی و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکڕیزیی کوردان و دیالۆگی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و بنیاتنانی سووریایەکی نوێ پێویستە.

News ID 227619

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha