بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسانی یەکێتی جەخت لەسەرئەوەدەکەنەوە داوای کۆبوونەوەیان لە پارتی کردووە و هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە، لەکاتێکدا سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕەتیدەکاتەوە یەکێتی داوای کۆبوونەوەی لێکردبن.
شێرزاد سەمەد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،"وەکوو لە ڕاگەیەنراو و ڕاگەیاندنی یەکێتیش ئاماژەی پێدەکرێت، یەکێتی دەیەوێت ناوماڵ و ڕیزی کورد یەکبخات و پێکەوە بە وەرەقەیەکی هاوبەش لەگەڵ پێکهاتەکانی تر کاربکەین، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنیمان دەستنەکەوتووە".
بڕیاربوو پێنجشەممە، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و یاریدەدەرەکانیان کۆ ببێتەوە، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان و پێکنەهێنانی هاوپەیمانێتی کۆبوونەوەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،"لە لقی کەرکووکی پارتی هیچ داواکارییەکی یەکێتیمان پێنەگەیشتووە بۆ دانیشتن، جارێک مەڵبەندی یەکێتی بۆ پیرۆزبایی کردنەوەی لق سەردانیان کردین و بەگەرمی پێشوازیمان لێکردن".
ئەو وتیشی،"ئومێدەوارین بتوانین پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دابنێین تا خزمەت بە هەموو نەتەوەکانی کەرکووک بکات".
Your Comment