کوردپرێس
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و نەینەوا لە چەند بوارەوە هەم بۆ حکوومەتی ناوەندیی عێراق و هەم بۆ لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەت بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرینگیی بنەڕەتیی هەیە. فرە ئایینی و فرە ئەتنیکی لەم دوو پارێزگایەدا و هەڵکەوتنی زۆرینەی ناوچەکانیان لە ڕیزی ناوچە کێشەلەسەرەکان و مادەی 140ی دەستووری عێراق بووەتە هۆی ناکۆکی و ڕاجیاوازی لەسەر پۆستەکان.
لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی پێشووی بۆردی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وتی: ئێمە وەکوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ئەوەداین کە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، ڕێژەی دەنگەکان و ڕێژەی کورسییەکان ببێتە بناغەی سەرەکی بۆ دابەش کردنی پۆستەکان و لە هەموو دونیایش هەر وایە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە هەموو پێکهاتەکان بەپێی سەنگ و پێگە و کورسییەکانی خۆی پشکی هەبێت لە بەڕێوەبردنی دوو ئیدارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و نەینەوادا. ئەگەر دابەش کردنەکان لەسەر ئەساسی کورسییەکان بێت ئەم پڕۆسە دیموکراسییە کامڵ دەبێت و دەگاتە ئەنجام. یەکێتی سوورە لەسەر ئەمەی کە پشکی پارێزگای بەر یەکێتیی نیشتمانی بکەوێت چوونکە زۆرینەی دەنگەکان و زۆرینەی کورسییەکانی بەدەست هێناوە بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئێمە جەخت دەکەینەوە هەموو پێکهاتەکان بە کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە کە کورسییان بەدەست هێناوە، هەموویان بەشداری لە ئێدارەی کەرکووک و نەینەوادا بکەن بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن خزمەتی ناوەچەکان بکەن و هەموویان پێکەوە بەشدار بن تا تەبایی و یەکڕیزییەک دروست دەبێت و بەمەش دەتوانین متمانە بگەڕێنینەوە لەناو پێکهاتەکاندا و هەر بەمەش دەتوانین سەقامگیرییەک لە نینەوا و کەرکووک و مووسڵ جێگیر بکەین.
ئەم ئەندامەی دەستەی سەرکردایەتیی یەکێتی، پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی بە بێبەشداریی حزبەکەی بە نامومکین دەزانێت و لەمبارەوە بە کوردپرێسی وت: پێناچێت لایەنەکانی دیکە سەرکەوتوو بن لە هەوڵەکانی خۆیان ئەگەر بە بێ یەکێتی بیانەێت هەوڵی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک بدەن. چوونکە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن ڕێگا نادات و هەروەها واقیعی کەرکووک ڕێگا بەمە نادات وە لە هەمانکاتیشدا حکوومەتی فیدراڵیش پێناچێت بەوە ڕازی بێت کە بە بێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئیدارەی کەرکووک پێکبهێندرێت.
کێشەی کوردەکان تەنها لەسەر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نییە بەڵکوو لە نەینەوایش پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕازییە بە پڕۆسەی دابەش کردنی پۆستەکانی ئیدارەی ئەو پارێزگایە. لەتیف نێروەیی لەبارەی مامەڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پرسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و نەینەوا بە کوردپرێسی وت: ئێمە بۆ سەلماندنی نیاز پاکیی خۆمان دەنگمان دا بە کاندیدی پارتی بۆ جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا ئەوەش بە بێ ئەوە کە هیچ داواکاریی و مەرجێکمان هەبێت و ئەوانیش سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. ئێمە دەمانەوێت پارتی دیموکراتیش بە هەمان ڕۆحیەتەوە بۆ دیاری کردنی پارێزگاری کەرکووک کەرکووک دەنگ بە یەکێتی بدات کە ئەمە لە بەرژەوەدیی ئێمەدایە وەکوو کورد و لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووکدایە و دەبێتە هەۆی سەقامگیریی پێکهاتەکانی کەرکووک وە هەر بەمەش دەتوانین پڕۆسەی دیموکراسی لە کەکووک گەشە پێبدەین کە پشک و ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بکەینە بناغە و مەرجی سەرەکی بۆ پێکهێنانی ئیدارە.
ئەم ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوەوە: ئێمە ئەبێت گەشبین بین کە لە یەک مانگی ئایندەدا ئەم بابەتە یەکلایی ببێتەوە بە تایبەتی لە پارێزگای کەرکووک هەوڵەکان بەردەوامن. هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق سوودانی بەردەوامن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێدەچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو بابەتە یەکلایی ببێتەوە و لایەنەکان بگەن بە ئەنجامێکی ئەرێنی و ئیجابی بۆ پێکهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگای کەرکووک.
Your Comment