بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان۲۴ـی ڕاگەیاند، لەم ھەفتەیە کۆبوونەوەیەک لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکرێت بۆ ئەوەی لایەنەکان رێکبکەون و پۆستی پارێزگاری کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، لە کەرکووک هەمیشە پۆستەکان بە ئیستحقاقی قەومی یەکلاییدەکرێنەوە نەک حزبی، ئیسحقاقی قەومیش لێرە کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی بەدەستهێناوە، لەو روانگەیەوەش کورد کاندیدی دەبێت بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.
شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: کورد پێکەوە بەتایبەتی هەردوو حزبی پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەوەن کوردێک بکرێتە پارێزگاری کەرکووک، بەڵام پێویست بەوە دەکات لایەنە عەرەبی و تورکمانیش رازی بکەین لەسەر ئەوەی کە پێکەوە پۆستەکان دابەش بکەین.
رۆژانی (۱۶ و ۱۸ـی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۳) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە ۱۵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن گەیشتە ۴۱%، کە شەش ملیۆن و ۵۹۹ هەزار و ۶۶۸ دەنگدەر روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد.
لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە ۱۶ ملیۆن کهس مافی دهنگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەبوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ۷۷۶۵ بنکەی دهنگدانی ئامادەکرد لە ۴۸ هەزار و ۴۰ وێستگەی دەنگدانی لەخۆگرتبوو، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان. لە کاتێکدا ۷۰ پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێیان لەسەر ۲۷۵ کورسی لە هەر ۱۵ پارێزگاکە کرد کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردنیان ئەنجامدا.
Your Comment