بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر، بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، کێشەی مووچەی پێشمەرگە و پێداویستییەکانی لەنێوان هەرێم و بەغدا هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵکوو لە دوای دروستبوونی حکوومەتی عێراقیەوە و بە دیاریکراوی ئێمە لە ساڵی ۲۰۰۷وە دەستمان کردوە بەگفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی مووچە و پێداویستی پێشمەرگە، بەداخەوە هەتا ئێستاش یەکێکە لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
ناوبراو رئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەمە بۆچوونی کەسی خۆمە، لە عێراقیش هەتا ئێستا زۆر لە دامودەزگا ئەمنییەکان ناویان نەناردوە، بەڵام ئەگەر بەتەنیا ناو بێت واتە ناوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ بەبێ زانیاری وردو دۆسیە و ئەولەویات لەو بڕوایەدا نیم ئەمە لە ڕوی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمەوە هیچ مەترسی هەبێت، بەڵام هەندێک دامودەزگای ئەمنی وەک هەواڵگرییەکان هەیە ئەوە دەتوانین بڵێین ئەمەیان لە ڕوی ئەمنییەوە ناکرێت، بەڵام بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ گرفتێک نییە.
جەبار یاوەر لە بارەی هێزەکانی "ڕۆژ" و "پاک" وتوویەتی، ئەو دوو هێزە بە هیچ جۆرێک لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە نەبوون بەڵکوو سەربە وەزارەتی ناوخۆ بوون، ئەوەندەی ئاگاداربین لەگەڵ هێزەکانی زێرەڤانی مووچەیان وەردەگرت، نەک لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتووشیەتی: "ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت زانیاری هەبێت لای حکوومەتی عێراق کە خەڵکانی بیانی لەو هێزانە موچە وەردەگرن کە ئەوە نایاساییە، بەڵام ئەوە بەتەنیا هۆکار نییە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکی یاسای بوودجەیە".
جەبار یاوەر پێشی وایە: "ئەگەر حکومەتی هەرێم و بەغدا نەگەنە ڕێککەوتن لەسەر خاڵەکانی یاسای بودجە هەر لە بابەتی نەوت و داهاتی ناوخۆ و تەوتین، ئەوا بەخوا نەک هەر ئەم مانگە بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو ناوخۆ گرفتی موچە دروست دەبێت، بەڵکوو بۆ مانگەکانی داهاتو گرفت بۆ موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەبێت".
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەبار یاوەر وتویەتی"کاتی خۆی کە من لە وەزارەت بوم هەم لەلایەن حزبەکەم هەم لەلایەن بەرپرسانی هێزەکانی ۷۰ و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەرپشک کرابوم سەبارەت بەوەی هەر زانیارییەکم بوێ لەسەر هێزەکانی ۷۰، تەنانەت بە ناو و ژمارە و تەواوی زانیارییەوە هەموویم لابوو، بەڵام ڕاشکاوانە بڵێم لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی هەشتام لانەبوو".
جەبار یاوەر وتووشیەتی: "بەڵێ ئەو قسەیە ڕاستە لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی ۷۰ و ۸۰ لای وەزارەتی دارایی هەرێمیش نییە، ئەوە بەڕێز کاک ئاواتی شێخ جەناب ماوە، ئەو کاتەی من لە ئەرکدا بوم لە وەزارەت پێش خانەنشین بونم، چەند جارێک داواکراوە کە لیستی ناوی هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ۷۰ و ۸۰ بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بەڵام بەڕاستی لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی ۷۰ و ۸۰یان پێنەدراوە، تەنیا بە ژمارە و کۆد دەیاننارد، بۆ نمونە دەیانوت ئەوەندە ئامر لیوا هەیە، ئەوەندە پێشمەرگە ... ئەوەندە ... واتە تەنها ژمارە، ئیتر بەپێی ئەو ژمارەیە بڕە پارەیەکیان بۆ دەناردن خۆیان ڕاستەوخۆ مووچەیان دابەشدەکرد لەناو هێزەکانیان، بەڵام ئێمە ناو و زانیاری تەواوی لیوا هاوبەشەکان و دیوانی وەزارەتمان دەنارد هەر کات بیانویستایە".
ناوبراو وتوشیەتی :"هۆکاری نەناردنی لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی ۷۰و ۸۰ بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەو کاتە پەیوەندی هەبوو بەو ململانێی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەبوو کە هەر لایەنەی نەیدەویست لایەنەکەی تر بزانێت ژمارە و زانیاری هێزەکانی، ئەو کاتەی من لە وەزارەت بوم، ژمارەی هێزەکانی ۷۰ نزیکەی ۷۰ هەزاربوو".
ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستۆتەڕوو: "من ئەوە بۆچونی کەسی خۆمە، بابەتی ئەوەی هۆکاری نەناردنی موچەی پێشمەرگە و ناوخۆ، نەناردنی لیستی ناو و زانیاری هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی پێشمەرگەیە، بە ڕاستی ئەمە بیانوە لەلای هەردوو حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم، باشە سبەی تەوتین بکرێن ئەو هێزانە بچنە بانکی تی بی ئای ئەژماریان بۆ بکرێتەوە بۆ وەرگرتنی مووچە، خۆ بانکەکە پێویستی بەکارتی زانیاری و سەرجەم زانیاری و وێنەی کەسێتی دەبێت ئیتر ئەو کاتە ئەوە چ زانیارییەک دەبێت هەتا هەرێم بڵێت ناینێرم".
Your Comment