بە سکاڵایەکی دیکە، بەغدا ملکەچی خەرج کردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ۲۰۲۳یش دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەحمەد حاجی ڕەشید لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێسدا ڕایگەیاند: مادام کە دادگای فیدراڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراقی مولزەم کردووە، دەکرێت سکاڵایەکی دیکە لەو دادگایە تۆمار بکرێت و دیسان ئیلزامی خەرج کردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ۲۰۲۳یش بکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە.

کوردپرێس:

 پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ، وەزیری دارایی عێراق یەک مانگ مۆڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان داناوە کە کارتی ئەلیکترۆنی بۆ سەرجەم مووچەخۆران دروست بکرێت و لە ڕێگەی هەژماری بانکییەوە مووچەکانیان وەربگرن. دوو پرسیار دێتە پێشێ: یەکەم ئەوەی ئایا بەغدا بە ژمارەی یەک ملوێن و دووسەد هەزار کارمەندی هەرێم ڕازی بووە و وەک خۆی بەپێی لیستەکە مووچەی هەموو ئەو یەک ملوێن و دووسەد کەسە دەنێرێت یان نا؟ دووهەم ئەوەی کە ئایا دەکرێت لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا هەژماری بانکی بۆ ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەران دروست بکرێت؟! ئەگەر نەکرێت چی ڕوو دەدات؟

ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوەڵامی ئەم پرسیارانەوە بە کوردپرێسی وت: بەغدا تا ئێستا بە ژمارەی ۱ ملیۆن و ۲۰۰ هەزار کارمەند لە هەرێم ڕازی نەبووە، بەغدا تەنها بە لیستی مەدەنی ڕازی بووە و هەروەها بە خانەنشینانی مەدەنی، کەمئەندامان. ئەوەی ماوەتەوە لیستی وەزارەتی پێشمەرگە و بەشی ئەمنیە کە هێشتا هەم حکوومەتی هەرێم ناوەکانی نەناردووە و هەم حکوومەتی بەغدایش ئیقراری نەکردووە لەسەر ئەوان.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید زیادی کرد: چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە نەدراوە ڕوونە، دەکرێت دواجار مادام کە دادگای فیدراڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراقی مولزەم کردووە، سکاڵایەکی دیکە تۆمار بکرێت و دیسان ئیلزامی ئەوەش بکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەو سێ مووچەیەش وەربگرن.

ناوبراو لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایندەی ئابووری هەرێمی کوردستان بەو ئاراستە سیاسییەی لە پێشیەتی چۆن دەبینن؟ ڕاگەیاند: لە ڕاستیدا ئێمە لە عێراقدا بە گشتی کێشەی ماڵیمان نییە بەڵکوو کێشەی ئیدارەدانی ماڵیمان هەیە، واتا ماڵ و پارە و داراییمان زۆرە بەڵام ئیدارەدان و بەکار هێنانی ئەو پارەیە گرفتی تێدایە، بۆیە ئایندەی هەرێمی کوردستان بەباش نابینم. هەرێمی کوردستان ئەوەی کە هەیبوو نەوت بوو و داهاتە ناوخۆییەکان. ئێستا بارگرانیەکی زۆریان لەسەر خەڵک دروست کردووە و دواجاریش دەبێت لە کۆتاییدا بینێرنە بەغدا بۆیە لەڕێگای بەڕێزتانەوە پێشنیاری ئەوە دەکەم کە هەرێم ئەوەی لەوەی پێش باج و ڕسووم سەنراوە کۆتایی پێبێنت و پاشەکشە بکات بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاسوودە بژین.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە کۆتاییدا وتیشی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زۆر وازحە لەسەر ئەوەی کە چیدی حکوومەتی فیدراڵی عێراق مولزەم کراوە بە مووچەدان بەو مەرجەی کە هەرێمی کوردستان تەنها کارتی بایۆمەترییان بۆ دروست بکات بۆ ئەوەی کە لە یەکێک لە بانکەکان ژمارەیەکی ئەلەکترۆنییان هەبێت وەکوو ئەوەی لە تورکیا و ئێران و ئۆردن هەیە، بەمشێوەیە فەرمانبەران لە دڵەڕاوکە ئەکەون هەر وەکچۆن مووچەخۆرانی عێراق هەموو مانگێک بەهرەمەند ئەبن بەو شێوەیە مووچەخۆرانی هەرێمیش بەهرەمەند دەبن.

News Code 223213

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha