ڕەزامەندی دراوە لیستی مووچەی پێشمەرگە بە ناو بۆ بەغدا بنێردرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لێپرسراوی ڕاگەیاندنی هێزەکانی یەکەی ۷۰ ڕاگەیاند: ڕەزامەندی دراوە لیستی مووچەی هێزە سەربازییەکان بە ناو بۆ بەغدا بنێردرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیوا ئەحمەد لەتیف، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی یەکەی ۷۰ بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: "وەزارەتی دارایی عێراق بە ئاشکرا گوتوویەتی بە کۆد مووچە خەرج ناکات و داوای کردووە لیستی بەناوی چواری بۆ بنێردرێت، رەزامەندی دراوە لیستی بەشێکی هێزە ئەمنییەکان بە کۆد بنێردرێت، لەوانەش ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای زانیاری و پاراستن، ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان."

لیوا ئەحمەد وتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان رازی بووە لیستی هێزەکانی پێشمەرگە، بەرگری و فریاکەوتن، زێرەڤانی، هێزەکانی ۷۰ و ۸۰، وەزارەتی پێشمەرگە و نەوت و گاز بەناوی چواری بنێرێت."

شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە هەولێرە، لەبارەی وردبینیی لیستی هێزە ئەمنییەکان، لێپرسراوی راگەیاندنی یەکەی ۷۰ دەڵێت، "ئەو لیژنەیەی چاودێریی دارایی عێراق هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە گفتوگۆ دەکەن، ئێمە لیستمان بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە و لیژنەکەی چاودێریی دارایی لەگەڵ وەزارەتی دارایی گفتوگۆ دەکات."

لیوا ئەحمەد دەشڵێت: "لیستمان بە ناوی چواری و کۆدی بایۆمەتری ئامادەیە و هیچ گرفتێکمان نییە بە ناو لیست بۆ بەغدا بنێردرێت."

سەبارەت بە تێبینییەکانی عێراق بۆ خەرجنەکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، ئەحمەد لەتیف باسی لەوە کرد، "تێبینی لەسەر ئەوە هەیە کە لیستی دیکە لەنێو لیستەکانی هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە، کە بەپێی دەستوور نابێت ئەوانە مووچە وەربگرن، کە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن یان ناوی ناڕاستی تێدایە."

دوای زیاتر لە دوو مانگ، مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ۴ خەرج نەکراوە، تەنیا لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە مووچەیان وەرگرتووە، ئەوانیش لەلایەن هاوپەیمانانەوە مووچەیان پێدەدرێت.

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی یەکەی ۷۰ باسی لە هۆکاری جیاوازیی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان کرد لە مانگی ۳ بۆ مانگی ۴ و گوتی: "بەهۆی پلە بەرزکردنەوەی پلەداران و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە لە مانگەکانی ۳  و ۱۱، لیستی مووچەی مانگی ۴ و مانگی ۹ گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، ساڵانە مووچەی مانگی ۳ لەگەڵ مووچەی مانگی ۴ و مانگی ۹ لەگەڵ مانگی ۱۰ جیاوازیی هەیە، بەهۆی ئەو پلە بەرزکردنەوە مووچەکەی زیاد دەکات."

لیوا ئەحمەد لەتیف جەختی کردەوە: "لە هێزەکانی ۷۰ یەک ناوی (وەهمی) نییە و یەک کەسی تێدا نییە کە بەپێی دەستوور نەتوانێت مووچە وەربگرێت."

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ کردووە کە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی مووچەی هێزە سەربازییەکان، لیستی مووچەی مانگی ئایار بەپێی لیستی فەرمی ئامادە بکەن.

لە فەرمانەکەدا ناوی هەریەک لە یەکەکانی ۷۰ و ۸۰، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، فەرماندەیی بەرگریی و فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی نەوت و گاز هاتووە.

News Code 223635

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha