بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەدی حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بێزاری خۆی بەرامبەر بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناوخۆ دەربڕی و به دهنگی ئهمریكا-ی ڕاگەیاند: "هیوادارم هەرێم نەبێتە دوو ئیدارەیی، هەرچەندە لە ڕاستیدا دوو ئیدارەیییە، من پێموایە ئەگەر دوو ئیدارەیی بوایە هەندێک لە کێشەکانی خەڵک کە دروستەبێت ڕەنگە لە دژی یەکتری چارەسەریان بکردایە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە جێگەی داخە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان چوار مانگە نەیتوانیوە موچەی کارمەندانی و موچەخۆرانی دابین بکات، بەو هۆیەوە کاریگەری زۆر لەسەر ئاستی دارایی هاوڵاتیان دروست بووە و مامۆستایانی پارێزگاكانی سلێمانی، ههڵهبجه و ئیدارهكانی راپهڕین و گهرمیان زیاتر لە چوار مانگە بایکۆتی قوتابخانە حکومییەکانیان کردووە.
حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتی پێنهدانی مووچە دەخاتە سەر حکوومەتی عێراق و فەرمانبەرانیش حکوومەتی هەرێم بە نەدانی مووچەکانیان تۆمەتبار دەکەن.
لە دوایین لێدوانیدا، سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم بەغدای بەوە تۆمەتبارکرد "گێچەڵ" دەکات بە پرسی دابین کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
محەمەدی حاجی مەحموود نیگەرانە لە هەڵوێستی ئەمریکا لەمەڕ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دەڵێت، "ئەمریکا لە دۆخی مووچەخۆران بەرپرسە، چوونکە دەستوورێک کە ئەو خۆی دایناوە ئێستا جێبەجێ ناکرێت".
ناوبراو وتیشی، "ئەمریکا هەوڵی دا دەستورێک بۆ عێراق بنووسرێت، ئەمریکا هەوڵیدا لە هەرێم و عێراق حکوومەتێک دابمەزرێ، بۆیە پێموایە ئەمریکا بەرپرسە لەوەی مووچە نادرێت، چوونکە ئەو دەستورەی کە خۆیان و بریمەر دایاننا، کورد دەبێت گلەییەکانی لە ئەمریکا بێت، کە ئەم دۆخەی بەجێهێشتوە، لە دەستوردا جیاوازی نێوان پارێزگاکانی عێراق و کوردستان نابێت هەبێت، یوئێنی ئیشی چییە؟ ئەوانیش بەرپرسیارن".
بەرپرسانی ئەمریکا لە لێدوانەکانیاندا هەمیشە جەخت لە پێویستی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەنەوە بە شێوەی دایالۆگ، لە هەمانکاتدا، بەرپرسانی ئەمریکا و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار بە ئاشکرا بێزاری خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بە بەربەستەکانی بەردەم یەکگرتنەوەی هێزی یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی ۲۰۱۸وە جگە لە دابین کردنی ۲۰ ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان.
سەرەتای ساڵی ۲۰۲۱، هاوپەیمانان نزیکی دوو مانگ ئەو ۲۰ ملیۆن دۆلارەیان نەنارد و دوایانخست، ئەو کات، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ نیگەرانی ئەمریکا لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و باڵادەستی حزبی یەکێتی و پارتی لە ناو هێزەکەدا.
بە بڕوای محەمەدی حاجی مەحمود، هێشتا هاوپەیمانان پاڵپشتییەکی باشن بۆ هەرێم و وتی، "هاوپەیمانان تا ئێستاش مانگانە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکەن، پێموانییە پەیوەندیەکان لەگەڵ هەرێم خراپ بێت، بەڵام ڕووداوە گەورەکان وایکردوە کورد پەراوێز بخرێت، هەرچەندە کورد قەزیەکەی گەورەیەو ناگەڕێتەوە دۆخی دواتر".
وتیشی، "کێشەکانی ناوخۆی هەرێم و هەواڵی هەڵە وایکرد هەرێم بۆردومان بکرێت لەلایەن ئێرانەوە و عێراقیش کاریگەری هەیە، بە دڵنیاییەوە ئێرانیەکان بەهەڵەی نازانن کە هێرشیان کردووە".
سەرەڕای کێشەکان لە هەرێم و خراپی دۆخەکە، بەڵام ئەو سورە لەسەر ئەوەی کێشەی کورد لە پرسی دارایی گەورەترە و وتی، " کورد قەزیەیەکی گەورەی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بوودجە و مووچە گەورەترە".
ئهوهشی وت، "کونسوڵی ئەمریکام بینی، پێموت بۆ توانیتان بۆ تەیموری بچووک لە ئەندەنوسیا دەوڵەت دروست بکەن، بۆ توانیتان بۆ باشووری سوودان و مۆنتنێگرۆ دەوڵەت دروست بکەن و بۆ نەتان توانی بۆ کورد و فەڵەستین دەوڵەتێک دروست بکەن؟".
Your Comment