بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی ڕووداوى ڕاگەیاند: لە دواى پەسندکردنى خشتەى بوودجەى ۲۰۲۴، پارەى مووچەى نەدراوى لیوا هاوبەشەکان دەدرێت کە لایەن وەزارەتى بەرگریی عێراقەوە نەدراوە.
لە ۲۰ـى تشرینى یەکەمى ۲۰۲۱، بە بڕیارى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، لیواى ۲۰ـی پێشمەرگە خراوەتە سەر وەزارەتى بەرگریى عێراق وەک بەشێک لە لیواى هاوبەشى نێوانیان لە بۆشایی ئەمنى ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام لە کۆتایی ۲۰۲۳ دەستبەکار بوون.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لەو لیوا هاوبەشانە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دیارنییە قەرەبووەکە لە ساڵى ۲۰۲۱ ـەوە دەبێت، یان لەدواى دەستبەکاربوونى لیواکەوە."
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، لە دواى دەستبەکاربوونى ئەو لیوا هاوبەشە لە مانگى کانوونى یەکەمى ۲۰۲۳، مووچەى شەش مانگى ۱۶۶ ئەفسەریان نەدراوە..
سەگڤان سندى وتیشی: "رەنگە مانگانە مووچەیەکى دیکەی زیادە بدرێتە ئەوانەى مووچەکانیان نەدراوە، وەک قەرەبووى مووچەى پێشوویان".
پارەى تەرخان کراو بۆ مووچەى وەزارەتى بەرگریى عێراق لە خشتەى بودجەى ۲۰۲۴ بووە بە ۸.۲ تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا ساڵى ۲۰۲۳ ئەو خەرجییە ۷.۶ تریلیۆن بووە، بەوە نزیکەى ۶۰۰ ملیار زیادیکردووە.
Your Comment