بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، وێڕای گەیشتنی پارە لە بەغداوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی بڵاو نەکردوەتەوە و دەستیگرتووە بەسەر ئەو پارەیەی کە لە بەغداوە هاتووە.
نەوەی نوێ ڕاشیگەیاندووە، حکوومەتی هەرێم کێشە بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە دروست دەکات.
جووڵانەوەی نەوەی نوێ جەختیشی کردۆتەوە: "ئەمە نیشانەی ئەوپەڕی ئیفلاسی ئەم دەسەڵاتەیە، کە سەرەڕای هاتنی پارە بەڵام بەردەوام کێشە بۆ مووچەخۆران دروست دەکات و سزایان دەدات، لە پێناو بەرژەوەندی دوو بنەماڵەدا."
نەوەی نوێ پێشی وایە ئەو کارەی پارتی و یەکێتی تەنیا بۆ ئەوەیە کە "مووچەی مووچەخۆران ڕاستەوخۆ لە بەغداوە نەدرێت، ئامانجی دەسەڵاتیش ئەوەیە، مووچەخۆران لە ژێر دەستی ئەو دوو حزبەدا بن و بە ئارەزووی خۆیان مووچەیان ببڕن و پاشەکەوت بکەن و دوابخەن."
لە ڕاگەیەنراوەکەی نەوەی نوێدا ئەوەش هاتووە، "ئێمە وەک نەوەی نوێ کاری سەرەکیمان دەرهێنانی مووچەی مووچەخۆرانە لە ژێر دەستی پارتی و یەکێتی و بەم نزیکانەش مژدە خۆشەکە و هەنگاوی کۆتایی ڕادەگەیەنین".
Your Comment