هاوكاریەكانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە  تا ساڵی ۲۰۲۶ بە تەواوەتی كۆتاییانپێدێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هاوكاریەكانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تا ساڵی ۲۰۲۶ بە تەواوەتی كۆتاییانپێدێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، "یاداشتنامەیەكی تێگەشتنمان هەیە لە نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاگاداری حكوومەتی عێراق بۆ چوار ساڵ و هەر مانگێک ۲۰ ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و ئامێر و مەشق و ڕاهێنان لە خۆی دەگرێت، ساڵانە هاوكارییە ماددییەكان كەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا ۲۵، واتە لە ۲۰۲۶ دا سفر دەبێتەوە".

ناوبراو وتیشی "كەمكردنەوەی یارمەتییەکان سزا نییە، بەڵكوو بە پێی ئەو لێكتێگەشتنەیە كە هەیە لە نێوانماندا؛ دەشڵێت حكوومەتی هەرێم دەبێت پلانی پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەبێت.
یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ساڵی ۲۰۱۶ ئەنجامدرا و لە مانگی ۱۰ی ۲۰۲۲ نوێكرایەوە.
بە پێی لێكتێگەشتنەكە پێنتاگۆن مانگانە ۲۰ ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و ئامێری جەنگی و مەشق و ڕاهێنان پێشكەش بە هێزە هاوبەشەكانی پێشمەرگە دەكات و هاوكاردەبێت لە یەكگرتنەوەی هێزەكانی ۷۰ و ۸۰ و دروستكردنی هێزی پێشمەرگەیەكی هاوبەش.
هاوكارییەكانی ئەمریكا بەكاردەهێندرێن بۆ دابینكردنی مووچەی نزیكەی ۵۴ هەزار پێشمەرگە كە ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند، كەمكردنەوەی ئەم هاوكارییانە كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر وەزارەتەكەی "كەمبوونەوەی هاوكاریەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، كاریگەری دەبێت لە تازە بوونەوەی چەک  و ئامێرەكانی پێشمەرگە، بڕینی هاوكاریەكان كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقیش".

بەختیار محەمەد وتیشی،"دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكەنەوە و پلانیان هەبێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەم بوونەوەیە".

News Code 222846

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha