لە ویلسۆنەوە تا ترەمپ؛ تێڕوانینی ١٣ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ پرسی کورد

پرسی کورد لە ماوەی جیاوازدا لە سیاسەت و هەڵوێستی سەرۆک کۆمارەکانی ئەمریکا، لە وودرۆ ویلسۆن هەتا جۆ بایدن، جێگای گرنگی هەبووە. بابەتی مافی گەلان لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، هەتا هاوکاریی سەربازی لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە شەڕی دژی داعش، لە هەڵوێستەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە. پێداچوونەوە بە ئەم هەڵوێستانە نیشان دەدات کە ڕوانگەی واشنتۆن هەمیشە لەنێوان پشتگیری لە ماف و ئاسایشی کوردەکان لە یەک لاوە، و بەرژەوەندی و هەژموونی ستراتیژی خۆی لە ناوچەکە لە لایەکی دیکەوە، هاتووچۆی کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەیوەندیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کوردەکان لە زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ڕێگایەکی پڕ لە هەڵکشاو و دابەزین بڕیوە. ئەم ڕێگایە لە بیرۆکەی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلە ناتورکەکان لە دوا ساڵەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەستی پێکرد، و دواتر کوردەکان لە شوێن و ڕۆڵی جیاوازدا وەک قوربانیی سەرکوت، هاوپەیمانی جیوپۆلیتیکیی جەنگی سارد، و لە کۆتاییدا وەک هاوبەشی ئاسایشی واشنگتۆن لە شەڕی دژی گرووپە توندڕەوەکان دەرکەوتن.
ئەم بابەتە لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا ڕەنگی داوەتەوە. سەرۆک کۆمارەکانی ئەمریکا، لە وودرۆ ویلسۆن ــ کە لە ساڵی ١٩١٨ باس لە «دەرفەتی گەشەی خۆبەڕێوەبردنی سەربەخۆ» بۆ گەلە ناتورکەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کرد ــ هەتا جۆ بایدن، کە لە سەردەمی ئێستادا لە ڕۆڵی هێزە کوردییەکان لە شەڕی دژی داعش بەرگری کردووە، هەریەکەیان هەڵوێستێکی جیاوازیان هەبووە.
دوای ویلسۆن، ئەم بابەتە لە سەردەمی جان ف. کێنێدی، لیندۆن جۆنسۆن، ڕیچارد نیکسۆن، جێرالد فۆرد، جیمی کارتەر و ڕۆناڵد ڕێگان زیاتر لە چوارچێوەی جەنگی سارد، گۆڕانکارییەکانی عێراق و بەرژەوەندییە جیوپۆلیتیکییەکاندا شوێنکەوتوو بوو.
دواتر، جۆرج هـ. و. بوش لەگەڵ قەیرانی مرۆیی کوردەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٩١، بیل کلینتۆن بە سیاسەتی سنووردارکردنی سەدام و پشتگیری لە ناوچەی قەدەغەی فڕین لە باکووری عێراق، جۆرج دابلیو بوش بە پشتگیری لە دامەزراندنی عێراقێکی فیدراڵ دوای ڕووخانی سەدام، باراک ئۆباما بە هاوکاریی سەربازی لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە شەڕی دژی داعش، و دۆناڵد ترامپ بە تێکەڵکردنی پشتگیری لە ڕۆڵی سەربازیی کوردەکان لەگەڵ سنووردارکردنی پابەندبوونی ئەمریکا، هەریەکەیان بەشێک لە مێژووی ڕوانگەی واشنگتۆن بۆ پرسی کورد پێکهێناون.
پێداچوونەوەی ئەم هەڵوێستانە نیشان دەدات کە سیاسەتی ئەمریکا لە بەرامبەر کوردەکان هەمیشە لەنێوان پشتگیری لە ئاسایش و مافە سیاسییەکانیان لە یەک لاوە، و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان، پاراستنی ئارامی ناوچە و ڕەتکردنەوەی گۆڕینی سنوورە فەرمییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەکی دیکەوە، هاتووچۆی کردووە.

یەکەمین هەڵوێستی گرنگی سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکا کە دواتر لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی کورددا گرنگی پێدرا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی وودرۆ ویلسۆن، بیست‌و‌هەشتەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
ویلسۆن لە ٨ی کانوونی دووەمی ١٩١٨، لە وتاری ناسراوی خۆی لە کۆبوونەوەی هاوبەشی کۆنگرەس، کە بە «چواردە بنەمای ویلسۆن» ناسراوە، چوارچێوەی بۆچوونی ئەمریکای لەبارەی ڕێکخستنی جیهان دوای جەنگی یەکەمی جیهانی پێشکەش کرد.
ئەو لە بەشی تایبەت بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ڕایگەیاند:
«بۆ ناوچە تورکنشینەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی ئێستا، دەبێت دەسەڵاتێکی ئاسایشبەخش دابین بکرێت؛ بەڵام ئەو نەتەوانەی دیکەی کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی تورکیادان، دەبێت لە ئاسایشی دڵنیای ژیان و هەروەها دەرفەتێکی بێبەربەست بۆ گەشەی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبردن بەهرەمەند بن.»
(سەرچاوە: Woodrow Wilson, Address to a Joint Session of Congress, January ۸, ۱۹۱۸ – Fourteen Points Speech)
هەرچەندە ویلسۆن لەم وتارەدا ناوی کوردەکانی بە ڕاستەوخۆ نەهێنا، بەڵام بنەمای دوازدەهەمی وتارەکەی دواتر بوو بە یەکێک لە گرنگترین بەڵگەکانی پشتیوانی بۆ نەتەوە ناتورکەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەوانەش کوردەکان، لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە مافی خۆبەڕێوەبردن.
زۆرێک لە ڕێبەرانی کورد دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، ئەم بەڵێنانەیان کردە بنەمای داواکارییە سیاسییەکانیان.
ئەم بیرۆکەیە لە کۆتاییدا لە پەیمانی سێڤر (Sèvres) لە ساڵی ١٩٢٠یش ڕەنگی دایەوە؛ بەڵام بە هۆی گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە و سەرکەوتنی بزوتنەوە نەتەوەییەکەی تورکیا، ئەو پەیمانە جێبەجێ نەکرا و لە ساڵی ١٩٢٣ پەیمانی لۆزان شوێنی گرتەوە.
دوای تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهانی و دەستپێکردنی جەنگی سارد، پرسی کورد چووە قۆناغێکی جیاوازەوە.
لەو قۆناغەدا، واشنگتۆن کەمتر لە ڕوانگەی مافی نەتەوەییەوە سەیری پرسی کوردی دەکرد و زیاتر ئەوی لە چوارچێوەی ململانێی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت، پاراستنی سەقامگیریی دەوڵەتەکانی ناوچە و هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەسەنگاند.
لە سەردەمی سەرۆکایەتی جان ف. کێنێدی، بزوتنەوەی کوردەکانی عێراق بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی هەوڵی دا سەرنجی ئەمریکا بۆ پرسی خۆبەڕێوەبردنی کورد جلب بکات.
مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩٦٣ نامەیەکی بۆ کێنێدی نارد و داوای کرد ئەمریکا لە مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا پشتگیری بکات.
ئەو لە نامەکەدا نووسی:
«ئێمە هیچ شتێک ناوێین جگە لە مافی دادپەروەرانە و نەتەوەیی خۆمان؛ خۆبەڕێوەبردن لە چوارچێوەی حکومەتی عێراق.»
(سەرچاوە: Letter from Mustafa Barzani to President John F. Kennedy, July ۱۲, ۱۹۶۳)

بەڵام، حکومەتی جان ف. کێنێدی و دواتر حکومەتی لیندۆن جۆنسۆن پێیان باشتر بوو خۆیان لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە کێشەی کوردەکان بپارێزن.
بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیشان دەدەن کە واشنگتۆن لەم ماوەیەدا داواکارییەکانی کورد بۆ خۆبەڕێوەبردن بە یەکێک لە هۆکارەکانی ناسەقامگیریی عێراق دەزانی، بەڵام ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا پاراستنی سەقامگیریی ناوچە و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی کاریگەریی یەکێتیی سۆڤیەت بوو.
(سەرچاوە: U.S. Department of State, Foreign Relations of the United States, ۱۹۶۴–۱۹۶۸, Near East Region)
سەردەمی سەرۆکایەتی ڕیچارد نیکسۆن یەکێک بوو لە گرنگترین قۆناغەکانی مێژووی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ بزوتنەوەی کوردەکانی عێراق پێش ساڵی ١٩٩١.
لەو ماوەیەدا، ئەمریکا بە شێوەی نهێنی و بە هاوکاریی ئێرانی سەردەمی مەحەممەد ڕەزا شا، پشتگیری لە هێزەکانی مەلا مستەفا بارزانی کرد.
ئامانجی سەرەکیی واشنگتۆن دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی نەبوو، بەڵکو مەبەستی بەکارهێنانی توانای کوردەکان بوو بۆ زیادکردنی فشاری سەر حکومەتی بەعسی عێراق و سنووردارکردنی کاریگەریی یەکێتیی سۆڤیەت.
لە بەڵگەنامەکانی حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بەو سیاسەتە هاتووە:
«بارودۆخی هەستیار و ئاڵۆزی کوردستان و توانای ئەو ناوچەیە بۆ گێڕانی ڕۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێی سەرنجە.»
(سەرچاوە: Foreign Relations of the United States, ۱۹۶۹–۱۹۷۶, Volume XXVII, Iraq; Iran; Persian Gulf, Document ۳۱۹)
هەروەها، لە ساڵی ١٩٧٤، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بەڵگەنامەیەک بە ناونیشانی «پشتگیریی زیاتر لە کوردەکانی عێراق» ئامادە کرا، کە لە تێیدا بەردەوامبوونی یارمەتی بە بزوتنەوەی بارزانی تاوتوێ کرا.
(سەرچاوە: FRUS ۱۹۶۹–۱۹۷۶, Volume XXVII, Document ۲۴۶)
بەڵام، ئەم پشتگیرییەش سروشتێکی ستراتیژی هەبوو و بە مانای پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان نەبوو. ئامانجی ئەمریکا بەهێزکردنی هەڵوێستی کوردەکان لە بەرامبەر بەغدا و بەکارهێنانیان لە چوارچێوەی ململانێ و هاوکێشە هەرێمایەتییەکاندا بوو.
دوای ئەوەی جێرالد فۆرد گەیشتە سەر دەسەڵات، ئەم سیاسەتە بەردەوام بوو، بەڵام ڕێککەوتنی جەزائیر لەنێوان ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٧٥ هاوکێشەکان گۆڕی.
دوای ئەوەی ئێران پشتگیریی خۆی لە کوردەکانی عێراق وەستاند، ئەمریکاش یارمەتییەکانی بۆ هێزەکانی بارزانی ڕاگرت.
ئەم بڕیارە دواتر لە ناوخۆی ئەمریکادا ڕەخنەی زۆری لێ گیرا. «ڕاپۆرتی پایک»، کە لەلایەن لیژنەی زانیاریی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە ئامادە کرابوو، واشنگتۆنی تاوانبار کرد بەوەی کە کوردەکانی بۆ ئامانجە جیوپۆلیتیکییەکانی خۆی بەکارهێنا و پاشان بەجێیهێشتن.
(سەرچاوە: U.S. House Intelligence Committee, Pike Report, ۱۹۷۶)
لە سەردەمی جیمی کارتەر، هەرچەندە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا گرنگیی زیاتری بە بابەتی مافەکانی مرۆڤ دەدا، بەڵام پرسی کورد هێشتا نەبوو بە بابەتێکی سەربەخۆ لە سیاسەتی واشنگتۆن.
حکومەتی کارتەر ڕەخنەی لە سەرکوتکردنی حکومەتەکانی ناوچە دەگرت، بەڵام هیچ پشتگیرییەکی سیاسیی ڕاستەوخۆی لە بزوتنەوە کوردییەکان نەکرد.
(سەرچاوە: Jimmy Carter Presidential Library, Human Rights Foreign Policy Documents)

سەردەمی ڕۆناڵد ڕێگان یەکێک بوو لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد. لە ماوەی جەنگی ئێران و عێراق، حکومەتی ئەمریکا بەهۆی نیگەرانی لە سەرکەوتنی ئێران، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا پاراست.
دوای هێرشی کیمیایی سوپای عێراق بۆ سەر شاری هەڵەبجە لە مارسی ١٩٨٨، کە هەزاران کورد لێیدا کوژران، حکومەتی ئەمریکا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی مەحکوم کرد، بەڵام وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی ڕۆناڵد ڕێگان دژی حکومەتی سەدام حوسێن سنووردار مایەوە.
پشکنینی بەڵگەنامە مێژووییەکان نیشان دەدات کە حکومەتی ڕێگان هەوڵی دەدا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێراق خۆی بپارێزێت، و لە هەمان کاتدا پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ بەغدا بپارێزێت.
(سەرچاوەکان: Joost Hiltermann, A Poisonous Affair: America, Iraq, and the Gassing of Halabja؛ The Nation, "An Inconvenient Truth"؛ Congressional Record, Prevention of Genocide Act Debate, ۱۹۸۸)
لەگەڵ کۆتایی جەنگی سارد و هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت، ڕوانگەی ئەمریکا بۆ پرسی کورد چووە قۆناغێکی نوێ.
دوای ڕاپەڕینی کوردەکانی عێراق دژی سەدام حوسێن لە ساڵی ١٩٩١ و هەڵهاتنی بەرفراوانی دانیشتووانی کورد بۆ سنوورەکانی ئێران و تورکیا، حکومەتی جۆرج هـ. و. بوش بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا چووە ناو بابەتی پاراستنی کوردەکان.
بوش لە ١٦ی نیسانی ١٩٩١، کاتی ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی «دابینکردنی ئارامی» (Operation Provide Comfort) وتی:
«ئەگەر نەتوانین خواردن، دەرمان، جل و شوێنی نیشتەجێبوونی پێویست بۆ ئەو کوردانە دابین بکەین کە لە چیاکانی سنووری تورکیا و عێراق دەژین، دەبێت هانیان بدەین بۆ ناوچەکانی باکووری عێراق بگوازنەوە، کە جوگرافیا دەرفەتی گەیاندنی یارمەتییەکی فراوان دەڕەخسێنێت... ئامانجی درێژخایەنی ئێمە هەر ئەوەیە: کوردەکانی عێراق و هەموو پەنابەرە عێراقییەکان، لە هەر شوێنێک بن، بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و لە ئاشتی و ئارامیدا بژین؛ ئازاد لە سەرکوتکردن و ئازاد بۆ ژیانی خۆیان.»
(سەرچاوە: George H. W. Bush, Remarks on Assistance for Iraqi Refugees and News Conference, April ۱۶, ۱۹۹۱, George Bush Presidential Library)
لەگەڵ ئەوەشدا، بوش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەنگاوی ئەمریکا چارەسەرێکی هەمیشەیی و سیاسی بۆ پرسی کورد نییە.

لە سەردەمی بیل کلینتۆن، ئەمریکا پشتگیری لە ناوچەی قەدەغەی فڕین لە باکووری عێراق کرد و ئاسایشی کوردەکانی عێراقی لە بەرامبەر هێرشەکانی بەغدا دابین کرد. بەڵام، هەروا بەردەوام لە دژایەتی دابەشبوونی عێراق و سەربەخۆیی کوردستان مایەوە.
کلینتۆن دوای هێرشی هێزەکانی سەدام بۆ سەر هەولێر لە ساڵی ١٩٩٦ وتی:
«هێزەکانی عێراق هێرشیان کرد و شاری هەولێری کە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان لە باکووری عێراقدا بوو، داگیرکرد.»
(سەرچاوە: Bill Clinton, Remarks Announcing Missile Strike on Iraq, September ۳, ۱۹۹۶)
ئەو هەروەها ئاگاداری دا:
«کاتێک خەڵکی خۆت سەرکوت دەکەیت یان هاوسێیەکانت هەڕەشە لێ دەکەیت، دەبێت بهای ئەو کارەش بدەیت.»
(هەمان سەرچاوە)
بەڵام، کلینتۆن بە ڕوونی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامانجی ئەمریکا دروستکردنی عێراقێکی دابەشبوو نییە. ئەو وتی:
«ئامانجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوە نەبوو عێراقێکی دابەشبوو و ناسەقامگیر ببینێت.»
(سەرچاوە: Presidential Remarks on Assistance for Iraqi Refugees, ۱۹۹۶)
دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، پرسی کورد بوو بە یەکێک لە گرنگترین پێکهاتەکانی داڕشتنی سیستەمی سیاسیی نوێی عێراق.
حکومەتی جۆرج دابلیو بوش پشتگیری لە مۆدێلی عێراقێکی فیدراڵ کرد و کوردەکانی بە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەو سیستەمە زانی.
بوش لە ٦ی ئاداری ٢٠٠٣ وتی:
«عێراق دەتوانێت ببێتە شوێنێک کە خەڵک ببینن شیعە، سوننە و کورد دەتوانن لە ژێر سیستەمێکی فیدراڵدا پێکەوە بژین.»
(سەرچاوە: George W. Bush, President Discusses Iraq in National Press Conference, March ۶, ۲۰۰۳)
هەروەها، دوای ڕووخانی بەغدا، لە پەیامێکی تەلەفزیۆنی بۆ گەلی عێراق لە ١٠ی نیسانی ٢٠٠٣ ڕایگەیاند:
«هەموو ئەو گەلانەی کە وڵاتەکەتان پێکدێنن ــ کورد، شیعە، تورکمان، سوننە و هەموو ئەوانی دیکە ــ لەو سەرکوتکردنە ترسناکە ئازاد دەبن کە زۆرێکیان تووشی بوون.»
(سەرچاوە: White House, President’s Message to the Iraqi People, April ۱۰, ۲۰۰۳)
لە سەردەمی باراک ئۆباما، پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکان چووە قۆناغێکی نوێ.
دەرکەوتنی داعش وای کرد هێزە کوردییەکانی عێراق و سووریا ببنە گرنگترین هاوپەیمانانی زەمینیی واشنگتۆن لە شەڕی دژی ئەم ڕێکخراوە.
ئۆباما لە ساڵی ٢٠١٤ لەبارەی هەرێمی کوردستان وتی:
«هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کارا بەڕێوە دەبرێت؛ لە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، لە بەرامبەر ئایین و ئاینزا جیاوازەکاندا لێبوردەترە، و ئەوەش ئەو شتەیە کە ئێمە دەمەوێت لە شوێنەکانی دیکەش ببینین. بۆیە پاراستنی ئەم دۆخە زۆر گرنگە.»
(سەرچاوە: Barack Obama Interview with Thomas Friedman, The New York Times, August ۲۰۱۴)
حکومەتی ئۆباما هەروەها هێزە کوردییەکان بە یەکێک لە بەهێزترین هێزەکانی شەڕی دژی داعش ناساند.
(سەرچاوە: White House ISIS Coalition Briefings, ۲۰۱۴–۲۰۱۶)

لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ، ناکۆکی نێوان گرنگیی سەربازیی کوردەکان بۆ ئەمریکا و سنوورداربوونی پابەندبوونە سیاسییەکانی واشنگتۆن زیاتر ئاشکرا بوو.
ترامپ لە ساڵی ٢٠١٧ ستایشی ڕۆڵی کوردەکان لە شکستدانی داعش کرد و وتی:
«ئەوان خەڵکێکی مەزنن. شەڕکەرێکی مەزنن. من زۆر حەزم لێیانە.»
ئەو هەروەها زیادی کرد:
«ئەوان لەگەڵ ئێمە شەڕیان کرد. ئەوان لەگەڵ ئێمە کوژران.»
(سەرچاوە: Donald Trump Press Conference, November ۱۳, ۲۰۱۷)
بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩، دوای بڕیاری دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریا، ترامپ جەختی لە سنوورداربوونی پابەندبوونی ئەمریکا کردەوە و وتی:
«ئێمە هەرگیز ڕێکمان نەکەوتبوو تا کۆتایی تەمەنی خۆمان لە کوردەکان بپارێزین.»
(سەرچاوە: White House Cabinet Meeting Remarks, October ۲۰۱۹)
ئەو هەروەها وتی:
«کوردەکان دەزانن چۆن شەڕ بکەن، بەڵام وەک پێشتر وتم، ئەوان فریشتە نین.»
(سەرچاوە: Oval Office Bilateral Meeting with Italian President Sergio Mattarella, October ۱۶, ۲۰۱۹)
لە بەرامبەردا، جۆ بایدەن، کە لەو کاتەدا پاڵێوراوەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بوو، بڕیاری ترامپ بۆ دەرهێنانی هێزەکان ڕەخنە لێگرت و وتی:
«دۆناڵد ترامپ هێزە دیموکراتییەکانی سووریا ــ کورد و عەرەبە ئازاکانی کە لەگەڵ ئێمە بۆ لەناوبردنی خەلافەتی داعش شەڕیان کرد ــ فرۆشت و بە هاوپەیمانێکی گرنگی ناوخۆیی لە شەڕی دژی تیرۆریزم خیانەتی کرد.»
(سەرچاوە: Joe Biden Statement on Syria Withdrawal, October ۱۰, ۲۰۱۹)
بەڵام، بایدەن پێش ئەوە، کاتێک جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا بوو، نیگەرانییە ئاسایشییەکانی تورکیا سەبارەت بە هێزە کوردییەکانی سووریاش لەبەرچاو گرتبوو.
ئەو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنقەرە لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦ وتی:
«ئەگەر ئەوان لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات بمێننەوە، لە هیچ بارودۆخێکدا پشتگیری هێزە کوردییەکان ناکەین. دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکە؛ ئەگەر نا، لە هیچ بارودۆخێکدا پشتگیریی ئەمریکایان وەرناگرن.»
(سەرچاوە: Joint Press Conference, Joe Biden and Turkish Prime Minister Binali Yıldırım, August ۲۴, ۲۰۱۶)

لە کۆی گشتییدا، مێژووی سەد ساڵەی ڕوانگەی سەرۆککۆمارانی ئەمریکا بۆ پرسی کورد نیشان دەدات کە سیاسەتی واشنگتۆن چوار قۆناغی سەرەکی بەخۆیەوە بینیوە:
یەکەم، باسکردنی مافی گەلانی ناتورک لە سەردەمی وودرۆ ویلسۆن؛
دووەم، بەکارهێنانی کوردەکان وەک ئامرازێکی جیوپۆلیتیکی لە سەردەمی جەنگی سارد؛
سێیەم، پشتگیریی مرۆڤدۆستانە و پەسەندکردنی ڕۆڵی کوردەکان لە عێراقێکی فیدراڵ دوای ساڵی ١٩٩١؛
و چوارەم، گۆڕینی کوردەکانی عێراق و سووریا بۆ هاوبەشانی ئاسایشی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش.
لەگەڵ هەموو ئەم گۆڕانکارییانە، سیاسەتی گشتیی ئەمریکا هێشتا لەنێوان دوو ئامانجدا هاتووچۆی کردووە: لە یەک لایەن، پشتگیری لە ئاسایش و مافە سیاسییەکانی کوردەکان، و لە لایەکی دیکەش، پاراستنی هاوسەنگیی ناوچەیی و دژایەتی گۆڕینی سنوورە فەرمییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بۆیە، سەرۆککۆمارانی ئەمریکا لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا جاروبار پشتگیرییان لە کوردەکان کردووە، بەڵام هەرگیز بە شێوەیەکی فەرمی خۆیان پابەند نەکردووە بە دامەزراندنی دەوڵەت یان کیانێکی سەربەخۆی کوردی.
سەرۆککۆمارانی ئەمریکا کە لەم ڕاپۆرتەدا ناویان هاتووە، بە ڕیزبەندیی مێژوویی بریتین لە:
وودرۆ ویلسۆن (Woodrow Wilson)، بیست و هەشتەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (١٩١٣–١٩٢١): ئاماژەی کرد بە مافی گەلانی ناتورکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و «دەرفەتی گەشەی خۆبەڕێوەبردن» لە «چواردە خاڵی ویلسۆن» (١٩١٨).

جان ف. کێنەدی (John F. Kennedy)، سی و پێنجەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (١٩٦١–١٩٦٣): وەرگرتنی داواکاریی مستەفا بارزانی سەبارەت بە خۆبەڕێوەبردنی کوردەکانی عێراق (١٩٦٣).

لیندۆن بی. جانسۆن (Lyndon B. Johnson)، سی و شەشەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (١٩٦٣–١٩٦٩): سەیرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی سەقامگیریی عێراق و ململانێی جەنگی سارد.

ڕیچارد نیکسۆن (Richard Nixon)، سی و حەوتەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (١٩٦٩–١٩٧٤): پشتگیریی نهێنی لە بزوتنەوەی مستەفا بارزانی لە عێراق.

جێرالد فۆرد (Gerald Ford)، سی و هەشتەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (١٩٧٤–١٩٧٧): بەردەوامبوون و پاشان وەستاندنی پشتگیریی ئەمریکا لە کوردەکانی عێراق دوای ڕێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥.

جیمی کارتەر (Jimmy Carter)، سی و نۆهەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (١٩٧٧–١٩٨١): جەختکردنەوە لەسەر مافەکانی مرۆڤ، بەڵام بێ سیاسەتێکی دیاریکراو لە بەرامبەر بزوتنەوە کوردییەکان.

ڕۆناڵد ڕێگان (Ronald Reagan)، چلەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (١٩٨١–١٩٨٩): سەردەمی هێرشی کیمیایی هەڵەبجە و وەڵامدانەوەی سنوورداری حکومەتی ئەمریکا لە بەرامبەر عێراق.

جۆرج هـ. و. بوش (George H. W. Bush)، چەلو یەکەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (١٩٨٩–١٩٩٣): پشتگیریی مرۆڤدۆستانە لە کوردەکانی عێراق و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی «دابینکردنی ئارامی» لە ساڵی ١٩٩١.

بیل کلینتۆن (Bill Clinton)، چەلو دووەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (١٩٩٣–٢٠٠١): پشتگیری لە ناوچەی قەدەغەی فڕین لە باکووری عێراق و پاراستنی کوردەکان لە هێرشەکانی سەدام.

جۆرج دابلیو بوش (George W. Bush)، چەلو سێیەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (٢٠٠١–٢٠٠٩): پشتگیری لە عێراقێکی فیدراڵ و ناساندنی ڕۆڵی کوردەکان لە سیستەمی سیاسیی نوێی عێراق.

باراک ئۆباما (Barack Obama)، چەلو چوارەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (٢٠٠٩–٢٠١٧): هاوکاریی فراوان لەگەڵ هێزە کوردییەکانی عێراق و سووریا لە شەڕی دژی داعش.

دۆناڵد ترامپ (Donald Trump)، چەلو پێنجەمین و چەلو حەوتەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (٢٠١٧–٢٠٢١): ستایشکردنی ڕۆڵی کوردەکان لە شکستدانی داعش، بەڵام ڕەتکردنەوەی پابەندبوونی هەمیشەیی ئەمریکا بۆ پاراستنیان.

جۆ بایدەن (Joe Biden)، چەلو شەشەمین سەرۆککۆماری ئەمریکا (٢٠٢١–٢٠٢٥).


ئامادەکردن: بەشی توێژینەوەی هەواڵدەریی کوردپرێس.

News ID 227642

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha