سەرجەم ئەو لیست مووچانەی بۆ بەغداتان ناردووە تەمویل كراون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە، ڕایگەیاند، ئەو لیستانەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە سەرجەمی مووچەکەیان تەمویل کراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، لە نووسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لە ژێر ناوی "بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم؛ ئەی داهاتی نەوتی و نانەوتی چی لێ دەكەن؟" لەبارەی ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم، وتوویەتی: "ئەو لیستانەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردوون سەرجەمی مووچەکەیان تەمویل کراوە، تەنیا ئەو لیستانەتان ناردووە، پاشان مووچە بەڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆوە دەدرێت، ئێوە لە مانگەکانی ١٠و ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٣ مووچەتان نەداوە کوا داهاتی ناوخۆ کە مانگانە سەرووی ٣٢٠ ملیارە!"

ئەو پەرلەمانتارە وتووشیەتی: "جگە لەوە ١٧/١٠/٢٠٢٣ کاتێک هاتن بۆ بەغدا لیستێکتان هێنابوو کۆی گشتی مووچەی هەرێم ٩١٣ ملیار و ٦٢٣ ملیۆن دینار بوو، ئێستە بەبێ دامەزراندنی وانەبێژو خۆبەخش و سێ یەکەمەکان و بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و پلەبەرزکردنەوە، چۆن موچە گەشتوە بە ٩٤٩ ملیار و ٨١٣ ملیۆن دینار، واتە لەم ماوەدا ٣٦ ملیارو ١٩٠ ملیۆن مووچە زیادی کردووە".

سۆران عومەر وتووشیەتی: "سەیرە وەزارەتی دارایی باس لەداهاتی نەوتی و نانەوتی ناکات! کە بەپێی یاسای بودجەو بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەبێ ئەو داهاتانە ڕادەست بکرێ، بەتەنکەر نەوت دەفرۆشن کوا داهاتەکەی؟ جگە لەوە مانگانە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە وەردەگرن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە: "پاشان بەوشەیەکیش باسی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناکەن! باس لە مافی یاسایی و دەستوری مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن مەگەر پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران مافی یاسایی و دەستوری نییە؟! مەگەر هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان وەک خانەنشینی عێراق مافی یاسایی و دەستوری نییە؟".

بەبڕوای پەرلەمانتارە كوردەكە: "پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئێوە بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕەد دەکەنەوە بۆ جێگیرکردنی مووچە لەبانکە حکوومییە فیدراڵییەکانەوە، ئەی بەدیلتان چییە بۆ برسیکردنی خەڵک و نەهاتنی مووچە؟ چۆن ئەتوانن بەم دۆخەوە بچنە هەڵبژاردن و داوای دەنگ لە خەڵک بکەن؟".

پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند، بۆ مووچەی مانگی شوبات وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا تەمویلی مووچەی لەسەدا ۵۹ی كۆی گشتی مووچەی هەرێمی كردووە و بەوەش لەسەدا ۴۱ی مووچەخۆرانی هەرێم بێ‌بەشكراون لە مووچەكانیان و کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بە نزیکەی ۳۹۰ ملیار دینار دروست دەبێت و "گرفتی گەورەی دارایی دروستدەکات و دەبێتە هۆی بێبەشکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆران و دروستکردنی فەرق و جیاوازی لەنێوان مووچەخۆران".

News Code 223210

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha