بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاخەوان عەبدوڵا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵلا، سوپاسالاری عێراق کۆ بووەتەوە و سەبارەت بە لیوای ۲۰ی هاوبەش بڕیار دراوە کە "تەواوی گرفتەکان وەلابنرێن و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەربچێت."
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بڕیاردراوە لیوا هاوبشەکە تا ۱ی ۱۲ پەیوەندی بکەن و مووچەی ئەو مانگەشیان پێ بدرێت.
لیوای ۲۰ ئەو هێزە هاوبەشەیە کە لە ئابی ۲۰۲۱ لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بڕیاری دروستکردنی درا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە لەنێوان هەردوولادا هەیە و چەکدارانی داعش دەیقۆزنەوە. هێزەکە سێ هەزار و ۷۰۰ پێشمەرگەی تێدایە و مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت.
بەپێی وتەی شاخەوان عەبدوڵا، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ناوی پێشمەرگە و سەربازانی سوپای عێراق لە هێزەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە رادەگەیەنرێت و هەر کەموکورییەک هەبێت دوای دەستبەکاربوونیان چارەسەر دەکرێت.
Your Comment