ئەمریکا هۆشداری لەبارەی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی پێشمەرگە دەدات

بەشی جیهان- وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"یان گوتووە، "ئەگەر دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە بێت، ناتوانن چیدی پارەی هاوکاریی مانگانەی پێشمەرگە بنێرن".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکوومەتی ئەمریکا مانگانە ۱۵ ملیۆن دۆلار وەکوو هاوکاری و بۆ مووچەی پێشمەرگە دەنێرێت، پێشتر ئەو بڕە مانگانە ۲۵ ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەم ساڵەوە بڕی هاوکارییەکانی کەم کردەوە.

میدیای پارتی لە زاری تیمی پڕۆژەی هەژماری منەوە بڵاویانکردەوە،ئەمریکا ئامادە نییە لە ڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە پارەی مووچەی پێشمەرگە بدرێت.

تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"  هۆکاری نەناردنی هاوکارییەکانی پێسمەرگە لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە  "چەند بانکێکی عێراقی لە لیستی ڕەشی ئەمریکان، دۆلاریان پێنادرێت و پێویستیان بەوەیە چوار بۆ پێنج ساڵ کار بکەن تاوەکوو بتوانن لە لیستی ڕەشی ئەمریکا بێنە دەرەوە و دۆلاریان پێبدرێت."

وەک تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" دەڵێت "هەر مووچەخۆرێکیش لەڕێگەی ئەو بانکانەوە هەژماری بانکی بکاتەوە، دواتر ناتوانێت لە دەرەوەی وڵات دۆلار لە هەژمارەکەی ڕابکێشێت و ناشتوانێت دۆلار حەواڵە بکات".

ئەم گوتانەی تیمی پڕۆژەی هەژماری من لە کاتێکدایە، بۆ بەردەوامبوونی دابەشکردنی مووچە بەبێ کێشە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پێویستە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و حکوومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی هەژماری منەوە بکرێت و حکوومەتی عێراقیش داوا دەکات لە ڕێگەی بانکە حکوومییەکانی عێراقەوە بکرێت.

هەر ئەمڕۆش، عەزیز ئەحمەد, جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئێکسەوە ڕایگەیاند، هەر بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی پێدرابێت و مەرجەکانی هەژماری منی تێدابێت، دەتوانێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکات.

وتیشی، هەموو بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەی هەژماری_من مۆڵەتیان لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقییەوە پێدراوە و بە تایبەتی پەسەند کراون بۆ پرۆژەکە. دوای ئەم ڕاستکرنەوەیە، دەتوانین بە تەواوی توانامانەوە بەردەوام بین تا هێڵی کۆتایی.

هەروەها وەزیری دارایی عێراق بە پێویستی دەزانێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکانی رەشید، ڕافیدەین و بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بکات.

News Code 223426

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha