چارەسەری پرسی کورد بەو شێوەیە نابێت، لەلایەک تەوقە دەکەن و لەلایەکی دیکەوە زللە دەوەشێنن

هاوسەرۆکی پارتی دەم سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئاکپارتی و مەهەپە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لە تورکیا دەڵێت: ئێوە لەلایەک دەستتان درێژ دەکەن (تەوقە دەکەن) و لەلایەکی دیکەوە شەق و زللە دەوەشێنن. پرۆسەی چارەسەری بەو شێوەیە نابێت."

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (DEM) ڕایدەگەیەنێت: تورکیا بە چارەسەرکردنی پرسی کورد دووچاری تەنگژە نابێت و رایگەیاند، "ئەگەر لەم وڵاتەدا کێشەی کورد نەبێت و هەموو هاووڵاتییان هەست بە یەکسانی بکەن و بە زمانی دایک بخوێنن، وڵات دابەش نابێت."

هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لە کاریگەریی خراپی چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە تورکیا کرد و گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تورکیا لاواز بێت و دووچاری قەیرانی ئابووری بووبێت، هۆکارەکەی ئەوەیە پرسی کورد چارەسەر نەکراوە."

هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئاکپارتی و مەهەپە گوتی: "ئایا بەڕاستی چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراسییانە لە پشت ئەو هەنگاوەی ئەوان هەیە؟ تاوەکوو ئیستا دڵنیا نین. ئێوە لەلایەک دەستتان درێژ دەکەن (تەوقە دەکەن) و لەلایەکی دیکەوە شەق و زللە دەوەشێنن. پرۆسەی چارەسەری بەو شێوەیە نابێت."

هاتیمئۆغوڵڵاری جەختی لە پاڵپشتیی پارتەکەی بۆ پرۆسەی چارەسەری کردەوە و گوتی: "ئەگەر ئومێدێکی بچووکیش هەبێت، ئێمە دەمانەوێت ئەو ئومێدە گەورە بکەین. کێشەی کورد بە چەک و شەڕ چارەسەر نابێت. پێویستە شەڕ و پێکدادان کۆتایی بێت و پرۆسەیەکی ئاشتی و دیموکراسییانە دەستپێبکات."

چارەسەری پرسی کورد بەو شێوەیە نابێت، لەلایەک تەوقە دەکەن و لەلایەکی دیکەوە زللە دەوەشێنن

شایانی باسە دەوڵەت باخچەلی سەرەتای مانگی رابردوو لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی تەوقەی کرد و رۆژی ۲۲-۱۰-۲۰۲۴ ش لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە ۴۰ ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.

ڕۆژی ۳۰-۱۰-۲۰۲۴یش ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی ئەو بابەتە قسەی کرد و گوتی، "ئەگەر خوا تەمەن و دەرفەت بدات، نیازمان هەیە ئەم پرسە (پرسی کورد) لە رۆژەڤی وڵاتەکەمان بە تەواوی دەربهێنین و تاج بخەینە سەر ۴۰ ساڵەی سیاسیمان کە بە خزمەتی گەل تێپەڕیوە".

News Code 224313

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha