بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تولای حاتەم ئۆغۆللاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە گردبوونەوەی "دیموکراسی و ئازادی" له شاری ئێلح، ڕایگهیاند: کورد ۴۰ ساڵە بۆ ئاشتی و خوشک و برایەتی و دیموکراسی تێدەکۆشێت، کەچی ئەوان ویستیان کورد سەرکوت بکەن و نەیانتوانی، ئەمڕۆ ئەم گۆڕەپانە نیشانیدا کە ئەوان سەرنەکەوتن، وتی، "بانگەواز لە ئەنقەرە دەکەین؛ ئێمە ئامادەین بۆ ئاشتییەکی شەرەفمەندانە، بۆ چارەسەر لەسەر بنەمای دیموکراتیک ئامادەین".
ناوبراو ئاماژهی بهوهش كرد، "لە ڕێگەی قەیومەوە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن دەستی بەسەردا گیراوە و دەخوازن هەڵبژاردن نەهێڵن، ئەمە نابێتە دیموکراسی بەڵکوو دەبێتە فاشیزم، تێکۆشانی هاوبەش دژی فاشیزم بەردەوام دەبێت، قەیومی ئێلح لە توویتێکدا دەڵێت (چارەنووس و هیوای تورک و کورد یەکە)، درۆ دەکات، گەلی ئێلح لێرەیە، هیوای گەلی ئێلح و خوشک و برایەتی لێرەیە، تۆ ناتوانی نوێنەرایەتی ئەوان بکەیت، تۆ قەیومی، تۆ دزی، تۆ بە قەڵغانی پۆلیس و بەزۆرەملێ لە شارەوانییەکان نیشتەجێ بووی".
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی باسی لهوهش كرد، "ئەگەر ئێوە جددین، پێش هەموو شتێک دەرگای ئیمڕاڵی بکەنەوە، با ئۆجهلان بێتە دەرەوە و پەیامی خۆی بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین بدات، ئەگەر هاوبەشەت دڵسۆزە با سەرەتا وەزارەتەکان ڕابسپێرێت و دەرگای ئیمڕاڵی بکاتەوە بۆ ئەوەی ئۆجهلان پەیامی خۆی بە گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بدات".
ناوبراو ئهوهشی خستهڕوو، هێشتا ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆمار لەم بارەیەوە قسەی نەکردووە، ڕاوێژکار و وتەبێژەکانیان دەدەوێن، وتی: "ئەوان دەڵێن قەیوم بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە، بڕۆن بەلای کارتانەوە، گوڵستان سۆنوک ۶۵%ی دەنگەکانی هێنا و قەیومتان دانا، باسی خوشک و برایەتی دەکەن، ئەمە کەی خوشک و برایەتییە، لە زیهنیەتی ئەواندا نکۆڵی و لەناوبردن و تاکپەرستی هەیە".
حاتەم ئۆغۆللاری ڕوونیشی كردهوه، "ئەوان دەڵێن دەم پارتی ئاشتی ناوێت، ئەمە درۆیەکی مەزنە، دەم پارتی بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە ئامادەیە، ئەگەر دەسەڵات دەستی ئاشتی درێژ بکات دەستی دەگرین، ئەگەر نا بۆ تێکۆشان ئامادەین، گەلی کورد پەروەردە بە زمانی دایکی دەوێت، پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستانی دەوێت لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیک. ئاخۆ عەقڵی دەوڵەت و دەسەڵات ئامادەن؟ گەلەکەمان چاوەڕێی ئەم وەڵامەیە".
Your Comment