بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چوارشەممە ۲۳ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴، سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندان، لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان لە ئەنقەرە، پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەین، خوای گەورە لەو کەسانە خۆشبێت کە گیانیان سپارد، سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی کەسوکاریان دەکەین.
دەمیرتاش، دەڵێت: "ئەو عەقڵییەتەی کە هەوڵ دەدات بە ڕشتنی خوێن چارەی کێشەکانمان لە ڕێگەی دیالۆگ و سیاسەتەوە بوەستێنێت، پێویستە بزانێت ئەگەر ئۆجەلان دەستپێشخەری بکات و بیەوێت زەمینە بۆ سیاسەت خۆش بکات، ئێمە بە هەموو هێزمانەوە پاڵپشتیی دەبین".
هاوکات جەختی لەوە کردەوە: "هەر ڕێبازێک ڕەت دەکەینەوە کە ئامانج لێی لەکەدارکردنی سیاسەتی دیموکراسی و هەوڵی چارەی ئاشتی بێت".
دەمیرتاش وتیشی: "هەرگیز ڕێگە نادەین ئەوانەی ئاشتییان دەوێت، سەرکوت بکرێت".
شایانی باسە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۳ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴ هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە.
میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند: "لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشکەران و هێزە ئەمنییەکان، یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە." باسیان لەوەش کرد "دوو چەکدار هێرشەکەیان بۆ سەر کۆمپانیاکە کردووە و کوژراون. بەهۆی هێرشەکەوە ۵ کەس کوژران و ۲۲کەسی دیکە بریندار بوون."
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە پەیامێکی لە زیندان بڵاو کردەوە سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر ئەنقەرەی کرد.
News Code 224267
Your Comment