بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین لە ئەنقەرە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و لەبارەی پرسی کوردەوە وتی: ئەگەر حکوومەتی تورکیا نکۆڵی لە بوون، کولتوور و ناسنامەی کورد نەکات و پەسندی بکات کە چارەسەری پرسی کوردیش ''مافێکە''، دەتوانێت چارەسەری بکات.
لەبارەی بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی کە رۆژی سێشەممە گوتی، با عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەم پارتی کۆببنەوە، ئەحمەد تورک گوتی: ''بێگومان ئاشتیی ئەم وڵاتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. هەر کەسێک سوودی بۆ ئاشتی هەبێت، ئێمە لەناخەوە پاڵپشتیی لێدەکەین. بەڵام ئەم ئاشتییە، بەڕاستی پێویستە ببێتە ئاشتییەکی شکۆمەندانە. پێویستە ژینگەیەک دروستبکرێت کە کۆتایی بە ئازارەکان بهێنێت و گەلەکان بتوانن بەسەربەخۆیی و یەکسانی تێیدا بژین. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین بەرەو ئاشتی بڕۆین".
تورک لەبارەی دانانی قەییوم گوتی: ''ئەو هەنگاوە لەنێوبردنی ویستی گەلە و رێگە نادەین دەست بەسەر ویستی گەلدا بگیرێت. هەر کەسێک بڵێت من دیموکراسی و مرۆڤم، دەبێت رێز لە ویستی گەل بگرێت".
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی (سێشەممە، ۲۶-۱۱-۲۰۲۴)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی، "چاوەڕێ دەکەین پەیوەندی ڕووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و گرووپی دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت و بە بڕیارەوە بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە".
سەرۆکی مەهەپە ڕۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد و رۆژی ۲۲ـی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە".
ئەو هەنگاوانە لە کاتێکدان، دانانی قەییوم بۆ بەشێک لە شارەکانی کوردستانی تورکیا بەردەوامە.
بەیانیی رۆژی دووشەممە ۰۴-۱۱-۲۰۲۴، قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووهای کوردستانی تورکیا دانرا.
بەگوێرەی بڕیارەکە، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین دانرا؛ ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیهـ لە شوێنی گوڵستان سۆنوک، سەرۆکی شارەوانیی ئێلیهـ بە قەیووم دانرا؛ هەروەها لە شوێنی محەممەد قەرەیلان، سەرۆکی شارەوانیی خەلفەتی، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی خەلفەتی دانرا.
لە دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ۳۱ـی ئاداری ئەم ساڵەوە تائێستا لە کوردستان و تورکیا قەییوم بۆ حەوت شارەوانی دانراون کە پێنجیان سەر بە دەم پارتی بوون و دووانەکەی دیکەیان سەر بە جەهەپە بوون.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
Your Comment