بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی MHP لە پەرلەمانی تورکیا ئامادەبوو و ڕایگەیاند: "پێداگرم لەسەر پێشنیارەکەم، ئەگەر ڕێبەری PKK دەڵێت تیرۆر کۆتایی هات و پارتی کرێکاران هەڵوەشایەوە، بابێتە فراکسیۆنی دەم-پارتی لە پەرلەمان و ئەو شتانە بڵێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئامێزگرتنی کورد پرسێکی پێویستە، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریش بەهەمانشێوە پێویستە، هەروەها لە تورکیا کێشەی کورد بوونی نییە و هەرکاتێک ئێمە بمانەوێت ئاشتی بەرقەرار بکەین، ناحەزان پەیدادەبن".
لەبارەی دانانی قەیومەوە لە شارە کوردییەکان باخچەلی باسی لەوەشکرد، "ئەوەی لە ماردین و ناوچەکانی دیکە ڕروویانداوە سەپاندنی قەیوم نییە و ئەو بڕیارە بە دەستی حکوومەت جێبەجێ کراوە و لەچوارچێوەیە یاساکانی وڵاتدایە".
ئەوەشیخستەڕوو، "چارەسەری سیاسی لە بەرژەوەندی هەمووانە و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان زامنی بونیادنانی دەوڵەتی تورکیایە، نەیاران و ئیمپریالیزم دەیانەوێت بەناوی فیدراڵیزمەوە تورکیا پارچە بکەن".
Your Comment