بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانی شاندە ئەمنیەکەی عێراق بۆ هەولێر بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "ئامانجی شاندەکە وەرگرتنی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە یەک هەڵوستی و بە خێرای کار لەسەر ڕاگرتنی لەشکرکێشی سوپای تورکیا بکرێت بۆ ناو خاکی کوردستان".
ڕۆژی چوارشەممە ۱۰ی مانگی حەوتی ۲۰۲۴، ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کۆبووەوە و هێرشەکانی تورکیای بۆ نێو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانی ڕەتکرەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "دەبێت تورکیا ڕەچاوی دراوسێیەتی باش و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ عێراقدا بکات لە هەر بابەتێکی ئەمنی هاو هەمەنگی بکات".
هەر لە کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، شاندی ئەمنی ڕاسپارد سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بەمەبەستی یەکهەڵوێستی.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکەکەی ڕابگرێت پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی کار بکات، ئەگینا دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزدەبێت و خەڵکێکی زۆر زیانی بەردەکەوێت.
لەمبارەوە مەریوان فەتاح چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "چەند ڕێکارێک هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێزەی تورکیا، لەوانە عێراق و ئەمەریکا ڕێکەوتنیان هەیە کە لە ۳۰ بەند پێکهاتووە و لە بەندی ۲۷ دا بەڕوونی باس لەوەکراوە کە هەرکات سیادەی عێراق کەوتە مەترسیەوە، ئەوە ئەمەریکا ئامادەیە بە شێوەی بەرفراوان پاڵپشتی بکات، بۆیە دەتوانێت سوود لەو ڕێکەوتنە وەربگرێت لەلایەکی دیکە پەنا بردنە بەر ڕێکارە نێودەوڵەتیەکان و دادگا نێودەوڵەتیەکان دەتوانێت ئەو هەنگاوانەی تورکیا ڕابگرێت".
ناوبراو وتیشی: "کاتی ئەوەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات و حزب و لایەنە سیاسیەکانیش کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بکەن بە مەبەستی چارەسەری ئەم دۆخە، چونکە دواجار شەڕ بەرۆکی کوردستان بگرێتەوە ماڵوێرانی و دەربەردەری بۆ تاکی کوردی لێدەکەوێتەوە".
تورکیا لە ڕۆژی ۱۵ ی مانگی شەشی ۲۰۲۴ەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی نوێی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە بەپاساوی لێدان لە بنکە و بارەگانی هێزەکانی پەکەکە، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکە ناوچەکانی پارێزگای دهۆکی گرتووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، تورکیا لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەوە ۲۳۸ بۆردوومان و هێرشی ئەنجام داوە و زۆربەی هێرشەکان کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای دهۆک.
لیوا محەمەد سابیر، شارەزای سەربازی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "هەر وڵاتێک بیەوێت بچێتە ناو خاکی وڵاتێکی دیکەوە من بە داگیرکاری دەزانم، بۆیە هیچ بیانوویەک نیە بۆ سوپای تورکیا کە بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، جا مەبەستەکەی مەترسیەکانی پەکەکە بێت یاخود پاراستنی سنورەکانی یان هەر هۆیەکی دیکە بیەوێت بنکە و بارەگا لەناو خاکی وڵاتێکی دیکە دروست بکات ئەمە پێی دەوترێت داگیرکار، لەگەڵ ئەوەشدا پەکەکە پێویستە لە دەرەوەی خاکی هەرێم بێت و بووەتە سەر ئێشە بۆ حکوومەتی هەرێمیش".
ناوبراو وتیشی "ئەم لەشکرکێشیە دەبێت ڕابگیرێت، چونکە نە خەڵکەکە و نەحکوومەتیش لەگەڵیدا نیە، بەڵام حکوومەتی هەرێم لەبەر ئەوەی توانای نیە بکەوێتە ملمڵانی لەگەڵ وڵاتان دەبێت هەوڵ بدات بەڕێگای گفتوگۆ چارەسەری بکات لەگەڵ حکوومەتی عێراقی، لەگەڵ ئەوەشدا ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی یەکێکی دیکەیە لە گرفتەکانە بۆ لاوازکردنی حکوومەت کە نەتوانێت بە یەک هەڵوێستی ڕایی خۆی بڵێت".
زۆریەک لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دژی ئەو لەشکرکێشیەی سوپای تورکیان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بە مەترسی گەورەی دەزانن بۆ سەر تەواوی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان و شکاندنی سیادەی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.
مەریوان فەتاح چاودێری سیاسی ئەوەشی بە دەنگی ئەمریکا وت: "هاتنە ژوورەوەی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق بە ڕاستی زەنگیکی مەترسیدارە، چوونکە نازانرێت ئەم هێزە تا کەی دەمێنێتەوە، هەروەها نازانرێت تا چەند کیلۆمەتر داخڵی ئەم خاکە دەبێت، ئەمەش شکاندی سیادەی دەوڵەتێکە وەکوو عێراق بەگشتی لەگەڵ ئەوەشدا شکاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە تایبەت".
مەریوان فەتاح وتیشی: "هۆکارەکە ئەوەیە بەم هاتنە ژوورەوەیە وەک باس دەکریت ۵۰ کیلۆمەتر داخڵی وڵاتەکە دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی وێرانکاریەکی گەورە و شەرێکی گەورە لەو ناوچانەدا دروست دەکات و دانیشتوانی نزیکەی هەزار گوند ئاوارە دەبن، لەگەڵ لە لەناوچوونی ڕووبەرێکی زۆری دارستان و سەوزای".
Your Comment