هێشتا لەبارەی دۆسیەی ئەمنییەوە لەگەڵ تورکیا ڕێکنەکەوتووین

بەشی جیهان- وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم دەڵێت تورکیا بوونی هێزەكانیان لەناو خاكی عێراق دەبەستنەوە بە بوونی پەكەكەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (ئەلحوڕە) باسی لە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێم دەکات و دەڵێت: "عێراق لەوبارەیەوە هیچ گڵۆپێكی سەوزی بۆ توركەكان هەڵنەکردووە، پرسی بوونی سوپای توركیا لەنێو خاكی عێراق، یەكێكە لەو خاڵانەی كە بەم نزیكانە لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ بەرپرسانی توركیا تاوتوێ دەكرێت".

فواد حسێن جەختیشی كردۆتەوە كە لە گفتوگۆكاندا لەگەڵ لایەنی توركی تاوەكوو ئێستا نەگەیشتوینەتە رێككەوتن لەبارەی دۆسیەی ئەمنییەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند "تورکیا بوونی هێزەكانیان لەناو خاكی عێراق دەبەستنەوە بە بوونی پەكەكەوە و  كێشەی پەكەكە كە كێشەیەكی توركییە، ئێستا بۆتە كێشەیەكی عێراقییش، بۆیە دەبێت بەڕێگەی عێراقیانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت".

فواد حسێن ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق باوەڕی بە چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێگەی توندوتیژیی نییە، و لەگەڵ لایەنی ئێران گەیشتینە كۆمەڵێک ڕێككەوتن لە پەیوەست بە حزبە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە هەرێم، دەكرێت هەمان شێواز لەگەڵ توركیاو پەكەكە بەكاربهێنرێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا باسی لەوە كردوە كە دەستپێشخەرییەكی وڵاتەكەی هەیە بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئەنقەرەو دیمەشق و پەیوەندییەكانیشیان لەو روەوە بەردەوامن.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "دوێنێ لە واشنتۆن چاوی بە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كەوتوە لەپێناو رێكخستنی دیدارێک لە بەغدا بۆ لایەنی توركی و سووری، و پێموایە ئەگەر بەهۆی نێوەندگیرییەكەی عێراقەوە لایەنی توركی و سووری بگەنە ئەنجامی گرنگ و چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەی ئاشتی و گفتوگۆ نەک لەڕێگەی چارەسەری سەربازییەوە، ئەوا سەركەوتنی ئەو نێوەندگیرییە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر عێراق دەبێت".

News Code 223778

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha