سەرجەم زیانە مەدەنییەکانی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان

بەشی جیهان- ڕێکخراوی CPT  لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماری زەرەر و زیانەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیای لە خاکی هەرێم بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی ڕاپۆرتەکە بەمشێوەیە:

سەرجەمی زیانە مەدەنییەکانی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ەوە بۆ ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٤.

* ٩ گوند بە تەواوەتی چۆڵ بوون.

* ١٨٤ خێزان ئاوارەبوون.

* زیاتر لە ٦٨،٠٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستان سووتاون.

* ١ کەنیسە، ١ کارگەی تەحینی، ١ ئۆتۆمبێل، ٢ سەرچاوەی ئاو، ١٩ خانووی هاووڵاتی مەدەنی بۆردوومان کراون و وێران بوون.

* ١ هاووڵاتی مەدەنی برینداربووە.

* کارەبای گوندەکانی بەری گارێ و گوندی میسکا بە ئامانج گیراون و لە کار کەوتوون.

* ئامێرەکانی پەیوەندی کردن و بورجی تەلەفۆنی هێڵەکانی پەیوەندی کردنی تورکیا، لە بارەگا سەربازییەکانی تورکیاوە کاریگەرییان کردووەتە سەر هێڵەکانی پەیوەندی کردنی زیاتر لە ١١٠ گوند.

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بووەتە هۆی چۆڵ بوونی ٩ گوند. هەشت لەو گوندانە دەکەونە سنووری قەزای ئامێدی و گوندەکەی تریش دەکەوێتە سنووری قەزای باتیفا. چوار لەو گوندانەی کە چۆڵ بوون، گوندەکانی بەری گارێن کە دەکەونە باشووری قەزای ئامێدی و دامێنی باکووری چیای گارا.

ئەم گوندانە بریتین لە گوندەکانی، مژێ کە پێشتر ٣٨ خێزان لە ناویدا دەژیان و لە قۆناغی ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنەکە، لە مانگی شوباتدا قوتابخانەی ناو گوندەکە بۆردوومان کرا و لەگەڵ زەویدا تەخت بوو. لەچوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا خانووی ٢ هاووڵاتی مەدەنی گوندی مژێ بۆردوومانکراون.

گوندی سپیندارێ کە پێشتر ٤٣ خێزان لەوێدا دەژیان، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی ناو گوندەکە بۆردوومان کراوە. کەفنە مژێ کە پێشتر ٣٢ خێزان تیایدا دەژیان و گیرگاشێ کە ماڵی ١٦ خێزانی تێدا بوو، بەتەواوی چۆڵکراون. خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی گوندی کەفنە مژێ بەهۆی بۆردوومانەکانەوە وێران بووە.

 زۆرینەی گوندنشینەکانی بەری گارێ، کە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان کشتوکاڵ کردن بوو، بەهۆی ئاوارەبوونیانەوە بەشێکیان لە شارەدێی دێرەلووک نیشتەجێن و بەشەکەی تریشیان بۆ ژیان کردن ڕوویان کردۆتە پارێزگای دهۆک، بەمەش لەکاری جووتیاری دوور کەوتوونەتەوە و لە زەوی و باخ و بێستانەکانیان دابڕاون.

زۆرینەی ئەو خەڵکانەی کە ئاوارەبوون، لە ئێستادا بێکارن و بەشێکی کەمیان لە شوێنی تازەی نیشتەجێبوونیان توانیویانە ئیشی کرێکاری بدۆزنەوە و هەندێکی تریشیان میوە و بەرهەمی جوتیارانی گوندەکانی تر دەفرۆشن. سەرباری چۆڵبوونی ئەو گوندانە، دارستان و باخ و بێستانی گوندەکان بەهۆی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیاوە سوتاون.

باخ و بێستانەکانی ئەو گوندانە، داری سێو، بەڕوو، ترش، گوێز، قەزوان و بنێشتیان تێدا بووە. چوار گوندەکەی تری قەزای ئامێدی کە چۆڵبوون، لە دەڤەری بەرواری باڵان و دەکەونە باکوری خۆرئاوای قەزای ئامێدی لە باکوری دامێنی چیای مەتینا. گوندە چۆڵبووەکانی ئەو ناوچەیە بریتین لە، گوندی میسکا کە پێشتر ١٦ خێزانی مەسیحی و مسوڵمان لەو گوندەدا دەژیان گوندەکە لە ژێر بۆردوومانی بەردەوام دایە. سەربازانی تورکیا چوونەتە ناو گوندەکەوە و کیوماڵی ناو ماڵی گوندنشینانیان کردووە. لە ٨٥٪ی زەوی و زار و بێستانی گوندەکە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە سوتاون.

 دوو خانووی هاووڵاتیانی مەدەنی لە گوندەکەدا بۆردوومان کراون. کەنیسەی گوندەکە و سەرچاوەی ئاوی گوندەکە بۆردوومانکراون. بەگشتی، ٩ خانووی هاووڵاتیانی مەدەنی ناو گوندەکە بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی تورکیا، یان سوتاون یاخود زیانی زۆریان بەرکەوتووە. گوندی دەرگەلێ موسا بەگی لە بەرواری باڵا، یەکێکی ترە لە گوندە چۆڵبووەکان و پێشتر ١٠ خێزان لە گوندەکەدا دەژیان. کارگەیەکی دروستکردنی تەحینی لە گوندەکەدا بۆردوومانکراوە. لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، هاووڵاتیانی گوندەکە لەلایەن تورکیاوە ئاگادارکران بۆ جێهێشتنی گوندەکەیان. گوندەکانی شێلازە و بشیلێ، دوو گوندی تری بەرواری باڵان کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا چۆڵبوون. گوندی دێمکاش کە دەکەوێتە قەزای باتیفا و پێشتر ١٢ خێزان تیایدا دەژیان، لە ئێستادا چۆڵ بووە.

زۆرێک لە گوندەکانی قەزای ئامێدی و باتیفا، بەهۆی بۆردوومانە چڕەکانی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچەکە کارەساتی گەورەی ژینگەیی و لەدەستچوونی بەرهەمی جوتیاران تیایاندا روویداوە. لەماوەی یەک مانگی ئۆپەراسیۆنەکەدا، زیاتر لە ٦٨،٠٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی ناوچەکە سوتاون. ئەو زەوی و باخ و بێستانە سوتاوانە، لەلایەن جوتیارانی ناوچەکەوە بۆ کشتوکاڵ کردن و چاندنی داری میوە و بەرهەمێنانی سەوزە و پاقلەمەنی و دانەوێڵە بەکاردەهاتن و سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانی گوندنشینان بوون. بۆ نموونە، لە ٦ی تەمووزدا، سەربازانی تورکیا لە بنکەی سەربازی شاخۆڵ لە قەزای باتیفاوە، بە هەڕەمەکی تەقەیان بەڕووی گوندی دێرێدا کرد. تەقەکردنەکان بوونە هۆی دروستبوونی ئاگرێکی زۆر بە درێژایی چوار کیلۆمەتر لە ناوچەکەدا. لەگەڵ ئەمانەشدا، لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا سوپای تورکیا بەلایەنی کەمەوە ٤٥ جار بۆردوومانی ناو گوندی گوهەرزێی کردووە کە تەنیا بە دووری ١٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی قەزای ئامێدییەوە.

گوهەرزێ شوێنی نیشتەجێبوونی ١٧٤ خێزانە، بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئەم دوواییەی سوپای تورکیا بۆسەر گوندەکە، ٦ خانووی هاووڵاتیانی مەدەنی و ١ ئۆتۆمبێلی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە. ١ سەرچاوەی ئاوی کشتوکاڵی گوندەکە بۆردوومان کراوە. زۆرینەی بۆردوومانەکان بۆسەر گوندی گوهەرزێ، لەڕێگەی بارەگای سەربازی نوێی تورکیا لەسەر گرێ بەهارەوە ئەنجامدراون. هەروەها، لەگەڵ دامەزراندنی هەر بارەگایەکی سەربازییدا، سوپای تورکیا بورجی هێڵەکانی پەیوەندی کردنی دامەزراندووە و ئەمەش بووەتە هۆی لاوازی هێڵەکانی پەیوەندی کردن لە زیاتر لە ١١٠ گوندی ناوچەکە و گوندنشیانانی ئەو ناوچەیە، بە بەردەوامی پەیامی ئۆتۆماتیکییان بەدەست دەگات و پێیان دەگوترێت "خوات لەگەڵ لە عێراق"، "بەهیوای گەشتێکی خۆش لە تورکیا".

بەگشتی، لە ماوەی یەک مانگی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیدا، سوپای تورکیا ١٠ بارەگای سەربازی نوێی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بنیاتناوە و بەمەش ژمارەی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا گەیشتۆتە ٧٤ بنکە و بارەگای سەربازی. دوو لە بارەگا سەربازییە نوێیەکان دەکەونە دەڤەری نهێلی لە قەزای ئامێدی و ٧ بارەگای تری سەربازی نوێ لە قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بنیاتنراون و بارەگایەکی تری سەربازی نوێ لە قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروستکراوە. لەگەڵ ئەمانەشدا، سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا، خاڵێکی پشکنینی داناوە و لەکاتی هاتووچۆی هاووڵاتیانی مەدەنیدا، داوای ناسنامە لە هاووڵاتیان دەکەن. لە شەوانیشدا، سوپای تورکیا بە لایەنی کەمەوە ٢ خاڵی پشکنینی کاتی لە سەر ڕێگاکانی قەزای ئامێدیدا، دادەنێت.

بەهۆی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکی تورکیا، تەنیا یەک هاووڵاتی مەدەنی بۆتە قوربانی. لە ڕۆژی ١٢ی تەمووزی ٢٠٢٤دا، هاووڵاتییەکی مەدەنی قەزای سیدەکان بە ناوی نێچیروان حەکیم، لە کاتی شوانیدا بووە ئامانجی تۆپخانەکانی سوپای تورکیا و برینداربوو. تۆپبارانەکە، لەلایەن بارەگا سەربازییە نوێیەکەی تورکیا لەسەر چیای شەکیف لە قەزای سیدەکانەوە ئەنجام   درا.

زیانی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی، ئاوارەبوون، بەئامانجگرتن و وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری و بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی، بەردەوام بەشێک بوون لە کاریگەری  ئۆپەراسیۆن و چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا. لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا سوپای تورکیا دەستیکرد بە قۆناغی ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی لە خاکی هەرێمدا و بە هۆیەوە ٩ هاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی ٨ شەهید ١ بریندار. دواتر لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکاری ئۆپەراسیۆنەکەدا هاووڵاتییەکی تری مەدەنی برینداربوو، بەمەش ژمارەی قوربانییانی مەدەنی لەم ساڵدا گەیشتە ١٠ قوربانی ٨ شەهید و ٢ بریندار. بەهۆی لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە ساڵانی ١٩٩٠ەکانەوە، ١٧٠ گوند بەتەواوەتی چۆڵبوون و نزیکە ٦٠٢ گوندی تریش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە. لە ساڵی ١٩٩١ەوە، ٧٠٣ هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

News Code 223801

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha