بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا ۷  گوندی دیکەی کریستیاننشین لە بەرواری باڵا چۆڵ کراون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ۷ گوندی بەرواری باڵا کە دانیشتووانەکانیان زۆرینە کریستیانن، ناوچەکانیان لە ماوەی هەفتەیەکدا جێهێشتووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میخائیل مرخایی، موختاری گوندی مێسکا لە بەرواری باڵا رۆژی سێشەممە، ۹-۰۷-۲۰۲۴ بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: "جگە لە گوندەکەی ئەوان، شەش گوندی دیکەش چۆڵ کراون."

موختاری گوندەکە گوتی: "گوندەکانی مەلختە، کری، سەردەشتێ، حەلوا، چەمێ دەستینێ و بالوک بەهۆی شەڕی ئەم هەفتەیە[ی نێوان تورکیا و پەکەکە] چۆڵکراون."

بەپێی بەدواداچوونی رووداو هەریەکێک لەو گوندانە لەنێوان ۱۰ بۆ ۱۵ ماڵی تێدان، ئەوان پێشووتر لەو ناوچانە دەژیان، بەڵام ئێستا هەر خێزانێک چوونەتە ناوچەیەکی دیکە و شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە.

لەبارەی مەترسییەکانی شەڕەکەوە، موختاری گوندی مێسکا دەڵێ: "مەترسیی لەسەر ژیانمان هەبوو، بەشێکی ئەو گوندانە هەر سووتاون.''

ئاگر بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکانی سنووری بەرواری باڵای گرتووەتەوە و بەپێی میخائیل مرخایی "۸۵٪ـی سووتاوە ناتوانین یەک کاژێریش لەنێو ئەو گوندانە بمێنینەوە.''

تورکیا بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکات، میخائیل، موختاری گوندی مێسکا دەڵێت: "پێشتر پەکەکە لە ناوچەی ئێمە هەبووە، بەڵام هیچ جارێک سوپای تورکیا بەو شێوەیە گوندی مەسیحییەکان بۆردوومان و تۆپباران  نەکردووە، ئەوە یەکەمجارە بەمشێوەیە گوندەکانمان دەسووتێن".

گوندی میسکا، بە کۆنترین گوندی دەڤەری بەرواری باڵا دادەنرێت، تەنیا ۱۱ خێزانی كریستیانی تێدا مابوون لەگەڵ خێزانێكی موسڵمان، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی گرژییەکان و بۆردوومان لە ناوچەکەیان، ئەوانیش ئاوارەبوون.

رووداو زانیویەتی، تەنیا لە بەرواری باڵا ۳۲ گوندی زۆرینە کریستیان هەن، کە بەشێک لەو ژمارەیە موسڵمان و کریستیان پێکەوە تێیدا دەژین.

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە CPT بۆ رووداو لەماوەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەفتەیەکدا گوندی دیکە چۆڵکراون، بە گشتی ئێستا تەنیا لە سنووری پارێزگای دهۆک ۶۰۲ گوند چۆڵکراون، ۲۰ هەزار دۆنم زەوی و زاری خەڵک سووتاون ۲۳۸ جار ناوچە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە بۆردوومان کراون.

News Code 223773

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha