جێگیر کردنی تەکفیرییەکان لە قەندیل لەلایەن تورکیاوە، هەڕەشەیە لەسەر پێکەوەژیانی مەزهەبی و ئاسایشی عێراق و ئێران و سەرجەم ناوچەکە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود عەبدولخالق لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕەهندەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاوی ئەمدواییەی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد و هۆشداریی دا کە جێگیر کردنی هێزە تەکفیرییەکان لە قەندیل و ئاسوس لەلایەن تورکیاوە هەڕشەیەکی گەورەیە لەسەر پێکەوەژیانی ئایینی و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئێران و ناوچەکە بەگشتی.

کوردپرێس

بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان لە جووڵە سەربازییەکانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق، سوپای تورکیا لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا 15 کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێم پێشڕەویی کردووە بەڵام بێ دەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردستانییەکان لەمبارەوە پرسیاری زۆر گرینگی لەبارەی ئەم خەمساردییە هێناوەتە ئاراوە. بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین جار پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)یان بە بەرپرسی دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لەناو خاکی هەرێم ناو بردووە. تورکیا لە سەرەتای 2023وە کە پەیماننامەی لۆزان کۆتایی هاتووە بیری لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەربڵاو لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کردۆتەوە. ژمارەیەک لە چاودێران بڕوایان وایە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم جووڵە سەرباززە ڕوانگەی توندڕەوانەی ناسیۆنالیستیی ئەردۆغان دەخاتەڕوو کە ویلایەتی مووسڵ بە بەشێک لە خاکی تورکیا دەزانێت و بەنیارە بەشێوەیەک ئەم بەشە کوردنشینەی خاکی عێراق بخاتەوە سەر خاکی وڵاتەکەی.

هەرێمی کوردستان لاوازترین ئەڵقەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

مەسعوود عەبدولخالق چاودێری سیاسی و سەرۆکی دەزگای ستاندەر لەبارەی دوورنواڕی تورکیا و ئامانجی لە هێرشەکان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە ڕاستیدا تورکیای نوێ چاوی بڕیبووە کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورە لە کوردستاندا و لەسەر ئاستی ناوچەکەش لە لیبیا جموجۆڵی هەبوو لە دەریای سپی ناوەڕاست تا دەگاتە ئاسیای ناوەڕاست، بەڵام لە زۆربەی ئەو شوێنانە فاشل بوو و بووە هۆی ئەوەی تورکیا تووشی قەیرانێکی ئابووریی زۆر زۆر گەورە ببێت. بەڵام ئەو شوێنەی ئێستا کوردی لێیە کە لاوازترین ئەڵقەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تورکیا بەرۆکی گرتووە.

ئایا هەماهەنگی لەنێوان تورکیا و عێراق هەیە بۆ هێرش کردنەسەر خاکی هەرێمی کوردستان؟

لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر هێزی تورکیا هاتوونەتە ناو سنووری پارێزگای دهۆک و شاری ئامێدی و چەک و تەقەمەنیی زۆریان لەگەڵ خۆیان هێناوە و تا قووڵایی 10 کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی لەو بارەیەوە نەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیبراهیم سەمیدعی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە بوونی هەماهەنگی لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

مەسعوود عەبدولخالق لەبارەی بوون یا نەبوونی هاوکاری لەنێوان تورکیا و عێراق بۆ هێرش کردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بێ هەڵویستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتی: بەڕای من لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حکوومەتی عێراق هەڵوێستی دەبێت، لە ڕاستیدا کێشەکە ئەوەیە حکوومەتی هەرێم هەڵوێستی نییە ئەو جارەی کە لە عەرەبەکانی دا چوونکە حکوومەتی هەرێم هەڵوێستی هەبوو عێراق زۆر بە توندی لێیهاتە جواب و قەزییەکەیان گەیاندە نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵام ئێستا هەرچی ڕوو دەدات حکوومەتی هەرێم خۆی ڕێکی دێنێت تەنانەت ئەگەر هاووڵاتیەکیش هەڵویستی دبێت ڕێگری لێدەکات لەبەر ئەمانەش هەرێم بۆ خۆی ئەو تاوانەی هەیە و ڕاستی تاوانێکی گەورەیە کە سوپایەک بێت و وڵاتەکەت داگیر بکات مۆڵەت نەدەی خۆپیشاندانێک بکرێت و خەڵکێک ڕووبەڕووی ببێتەوە؛ ئەگەر ئێستا ئەو هێزەی تورکیا هێزێکی کوردی بوایەت ئێستا شەڕێک بوو لەنێوان خۆیاندا بەڵام چوونکە هێزێکی بێگانەیە هەموو لایەکیان سەریان شۆڕ کردووە بە حزبی دەسەڵات و بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە.

ئامادە بوونی پەکەکە تەنها بیانوویەکە

ناکۆکی و کێشە لە نێوان هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە هەمیشە بوونی هەبووە و لە دوایین لێدوانی بەرپرسانی فەرمیی پارتیدا سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ گۆڤاری هەریچیدا ڕایگەیاندووە: پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1991ەوە لە شوێنە دوورەدەستەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بوونە و کێشەی زۆریان بۆ هەرێم دروست کردووە و نابێت ئەم هێزانە لەناوخاکی هەرێم بمێننەوە. لەلایەکی دیکەوە وەفا محەمەد کەریم ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت ئامادەب بوونی پەکەکە لەناو خاکی هەرێم تەنها پاساوێکە بۆ تورکیا.

مەسعوود عەبدولخالق لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە و بیانووەکانی تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو خاکی هەرێم بە کوردپرێسی وت: لە ئێستادا برایانی پارتی تا ڕادەیەک تێگەیشتوونە کە تورکیا نیازی زۆر لەوە فراوانترە کە دژی لایەنێک بێت. بۆیە لەسەردانی ئەوجارەیاندا بۆ بەغدا کەمێکی باس کردووە و بەکورتی تورکیا نیازی ئەوەیە هەرێمی کوردستان بەتەواوێتی تێکبچێت، بەداخەوە سەرکردایەتیی کورد لە هەرێمی کوردستان دەستی لە بۆ کارتێکی زۆر خراب برد لەبواری هەڵبژاردن. ئەوەی تورکیا ئێستا دەیکات لە دار بڕینەوە و لە هێنانی هێزی تەکفیری و لە نەوت دەرهێنان و دەرکردنی خەڵک لەو ناوچانەی هێرشیان دەکاتە سەر و لە هەڕەشە کردن لەسەر هەرێمی کوردستان بێ وێنەیە.

تورکیا تەنها لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەڕێوەنەبردووە

سەرۆکی دەزگای ستاندەر لەبارەی ئەو هەڕەشانەی بەهۆی هەڵمەتە سەربازییەکانی تورکیا لەناوچەکە کەوتوونەتەوە بە کوردپرێسی وت: تورکیا ئێستا لە سێ پارچەی کوردستان ئۆپەراسیۆنی هەیە لەناوخۆی تورکیا لە سووریا و لە عێراقیش ئەوەی تورکیا ئۆپەراسیۆنی لێی نییە لە وڵاتی ئێرانە. زۆر بەداخەوە هەر لایەنێک لە کوردستان کە ئەو ڕێخۆشکردنە دەکەن لە کۆتاییدا زەرەر و زیانێکی زۆر گەروە دەکەن. لە مێژووی نوێدا کەس سوود و قازانجێکی لە جموجۆڵی تورکیا نەبینیوە. بەتایبەتی ئەو پەلامارەی ئەو جارەی کە سوپای تورکیا کۆمەڵێک تیرۆریستی تەکفیریی لەگەڵە کە نەک هەر هەڕەشەیە لەسەر هەرێمی کوردستان هەڕەشەن لەسەر ئێران و لەسەر عێراق و لەسەر تەواوی ناوچەکە و جیهانیش چوونکە ئەو تیرۆریستانە دەیانهەوێت پێگەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکەن و تورکیاش یارمەتیدەریانە بەتایبەتی لە قەندیل و ئاسۆس و ئەو ناوچانە کە نزیک سنووری ئێرانیشە ئەگەر تورکیا ئەو هێزە تەکفیرییانە لەوێ جێگیر بکات کە هەم ڕۆحی حەرەکەی کوردی دەبات هەمیش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هەڕەشەیە لەسەر پێکەوەژیانی مەزهەبی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

تورکیا بەدوای لەناوبردنی هەرێمی کوردستاندایە

مەسعوود عەبدولخالق وتیشی: کە واتا تورکیا بەدوای خاڵی لاوازی میللەتانە و ئاشکرا و ڕوونیش دیارە کە چی دەوێت لە ناوچە کوردستانییەکان. زۆر جار خەڵک هەیە واتێدەگات ئەو پەلامارەی تورکیا لەبۆ یەک جیهەتە لە حاڵێکدا وا نییە. تورکیا بەڕوونی دەیەوێت هەرێمی کوردستانیش لەناو ببات زۆر جار ئەوەی لێ کەشف بووە کە گفتوگۆی لەگەڵ عێراق کردووە و داوای کردووە کە ئەگەر عێراق هێزەکانی بێنێتە شوێنی ئەو، تورکیا هێزەکانی دەکشێنێتەوە، کە وابوو زۆر ڕوونە کە دەیهەوێت هەرێمی کوردستان و عێراق تێکبەربدات و بەمشێوەیە هەرێم تێکبچێت.

گڵۆپی سەوزی ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئێمە داوامان لە تورکیا کردووە ئۆپه‌راسیۆنەکانی دژی پەکەکە بەهەماهەنگی بێت لەگەڵ دەسەڵاتدارنی هەرێم‌ و بەرپرسانی عێراق تا کەمترین زیان بەر خەڵکی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بکەوێت". ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم وتانەی ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە واتای هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا دێتە ئەژمار، مەسعوود عەبدولخالق لەمبارەشەوە وتی: دەبێت بڵێم ئاشکرایە کە تورکیا ئەندامی ناتۆیە و لەبواری هەڵکەوتەی جوگرافییەوە لەلایەن ناتۆوە زۆر گرینگە و تەنسیقێکی سەربازی لەگەڵ تورکیا هەیە، بەڵام ئەوەندەی من تێگەیشتبم ئەمریکا یان هاوپەیمانان بەو دەرەجە زۆرە هاریکاری تورکیا نین کێشەکە دووبارە دەگەڕێتەوەسەر حکوومەتی هەرێم کە خۆی هاریکارە و خۆی دەستپێشخەرە لەبەر ئەمەش نە ئەمریکا و نە نەتەوەیەکگرتووەکان و تەنانەت دەوڵەتی عێراقیش بەجواب نایەت. بەڕای من ئەمریکا گڵۆپێکی سەوزی تەواوی هەڵنەکردووە بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوەش بین کە پەکەکە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان بۆیە ئەمریکا تا ڕادەیەک ئەو مۆڵەتەی بە هەر دەوڵەتێک داوە لە هەر شوێنێکدا شەڕیان لەگەڵ بکات.

 

News Code 223775

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha