بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە میدیای فەرمی ئەو وڵاتەیان ڕاگەیاندووە، پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەردەوامە، لەو بارەیەوە کارەکانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمى کوردستان، بە ئەرێنی و لەسەر بنەمای هەماهەنگیی بەڕێوە دەچن.
بە گوتەى تورکیا ماوەی چەند مانگێکە شاندەکانی تورکیا و عێراق سەرقاڵی پێکهێنانی ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەشن "ناوەندەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانە" کە مەبەستی تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستانە، لەو بارەیەوە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، "کارە تەکنیکییەکانی پێکهێنانی ناوەندەکە بەبێ کێشە و گرفت بەردەوامن".
لە بەروارى ۲۳ـى نیسانی ئەمساڵ، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، "کار بۆ دامەزراندنی ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەکەین، هەردوولاش لەسەر دامەزراندنی ناوەندەکە رێککەوتووین و بەرپرسیارییتییەکانی هەردوو وڵات لە ناوەندەکە دیاریدەکرێن".
ئەمەش دوای ئەوە هات، لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵ عێراق، پارتی کرێکارانی کوردستانی وەک رێکخراوێکی قەدەغەکراو ناساند، بەڵام تورکیا داوا دەکات بەغداد پەکەکە بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاند، بەمەبەستی داخستنی سنوورەکانی تورکیا بەڕووی پەکەکەدا، لە هاوین پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان قایمتر دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا ماوەی چەند هەفتەیەکە سوپای تورکیا لە سنووری پارێزگای دهۆک هاتووەتە نێو قووڵایی هەرێمی کوردستان و ڕۆژانە پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکەدا ڕوودەدات.
Your Comment