بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سائیر مەخیف پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵدەریی "بەغداد ئەلیەوم"دا ڕایگەیاندووە: "تورکیا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری کردووە کە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە لە ماوەی ١٠ ساڵدا، لە سەرانسەری ٤ ناوچەوە بەرەو دهۆک بەردەوامە لە بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی و تۆپخانە، کە بووەهۆی ئاوارەبوونی سەدان خێزان و زیانگەیاندن بە دەیان گوند و چۆڵبوونیان".
ناوبراو دەشڵێت: "لەشکرکێشیی تورکیا بۆ هەموو عێراقییەکان جێگای نیگەرانییە، ترسیشمان هەیە کە ببێتە سەرەتای کۆنترۆڵ کردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی ڕێککەوتنێکی سیاسی شاراوە لەگەڵ هەندێک لایەن، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو بێدەنگییەی کە پرسیاری زۆر دروست دەکات".
سائیر مەخیف ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچەکانی عێراق و دامەزراندنی بنکە و وێستگە و ئاوارەکردنی خەڵک هێڵی سوورە و سەروەری نیشتمانی پێشێل دەکەن، ئێمەش قبووڵیان ناکەین".
ناوبراو هەروەها جەختیشی کردەوە: "لە ژێر ڕۆشنایی چاودێری کردنی ئەنقەرە بۆ هەڵوێستەکانی عێراق، سوود لە نەبوونی وەڵامدانەوە وەردەگرێت".
مەخیف ڕاشیگەیاند کە ئەوەی تورکیا دەیکات سێگۆشەی بڵێسەدار دروست دەکات، بە ئاماژەدان بە ناوچەکانی دەوروبەری دهۆک کە خەڵک لە ڕووی ئاوارەیی و وێرانکاری و ئاژاوەگێڕییەوە باجەکەی دەدەن. ئاماژەی بە پێویستی گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک کرد بۆ پاراستنی زەوی و زار و خەڵک و ڕێگری کردن لەوەی ئەو ناوچانە بە بیانووی شەڕکردن ببنە گۆڕەپانی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
Your Comment