۴۵ تانک و زرێپۆشی تورکیا چوونە نێو گوندی سەرگەلێ لە هەرێمی کوردستان

بەشی تورکیا- جووڵە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لەناو پارێزگای دهۆک بە باکووری هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوام لە زیادبووندان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە گوتەی ڕێکخراوی CPT ئەمریکی بڵاوی کردەوە ڕۆژی پێنجشەممە ۴ی ۷ی ۲۰۲۴، سوپای تورکیا بە ۴۵ تانک و زرێپۆشەوە بە دووری ۶ کیلۆمەتر لە قەزای ئامێدی، هاتوونەتە نێو گوندی سەرگەلێ و لە ئەنجامی سێ جار لە بۆردوومانەکانیان پتر لە نیوەی دارستان و ڕەز و باخی سنوورەکەیان سووتاندووە.

لەمبارەوە کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمریکی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە ئێمە، لە کاتژمێر ۲ و ۳۰ خولەکی بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ۴۵ تانک و زرێپۆشی سوپای تورکیا لە ڕێگەی ناحیەی بامەرنێوە بە قەزای ئامێدیدا تێپەڕیون و لە وێوە چوونەتە نێو گوندی سەرگەلێ. هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیرکراوە و هەتا ئێستا سێ جار ناو گوندی سەرگەلێیان بۆردوومان کرووە".

گوندی سەرگەلێ بە دووری ۶ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی و لە ئێستادا تەنها ۴۷ خێزان لەناو گوندەکەدا دەژین. بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمریکا، جێگربوونی هێزەکەی تورکیا لە پشت گوندەکە بۆ ڕێگریی کردنە لە دزەکردنی چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر هێزەکانی تورکیا.

کامەران عوسمان بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی وتیشی، "لەگەڵ هاتنی هێزەکەی تورکیادا، بە درێژایی شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی گوندەکانی نێوان گەلی ڕەشاڤا و گوهەرزێیان کردووە و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە ۱۰ ڕۆژی ڕابردووشدا ۵۵%ی دارستان و ڕەز و باخی گوندەکە بە تەواوەتی سووتاون".

ڕێکرخراوی سی پی تی ئەمەریکایی بڵاویکردەوە کە تورکیا لە مانگی دوازدەی ساڵی ۲۰۱۷ەوە هەتا مانگی چواری ۲۰۲۲، بە تەواوی ۶۴ بنکە و بارەگای سەربازی لە خاکی هەرێمدا لە قووڵایی ۱۲ بۆ ۴۰ کیلۆمەتر دروستکردووە، سەرباری بوونی ئەو بارەگایانەش بەردەوام هێرشی سەربازی دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوەکە تەنها لە ساڵی ۲۰۲۳، تورکیا ۱۵۴۸ جار بۆردوومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگییەوە بوون کە ژمارەیان ۱۱۵۹ هێرشبووە، هەروەها ۲۲۸ جاریش بۆردوومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون، ئەوانی دیکە بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردن بوون.

مەسعوود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی، سەبارەت بە جووڵە سەربازییەکانی ئەم دواییەی تورکیا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "زۆر ڕوونە تورکیا کۆمەڵێک ئامانجی هەیە لەناوچەکەدا، پێشووتر دەپەڕییەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و لیبیا و زۆر شوێنی تر. لەوانە سەرکەوتوو نەبوو و بۆیە قەتیس مایەوە لە کوردستان. لە هەر شوێنێکیش پاساوی خۆی هەبوو لە کوردستانیش پاساوی بوونی پارتی کرێکارانە، بەڵام لە شوێنێکی وەکو بەعشیقە خۆ هیچ پەکەکەی لێنیە، کەچی سوپایەکی زۆری لەوێ کۆکردووەتەوە".

مەسعوود عەبدولخالق پارتی دیموکراتی کوردستانی بە هاوکاری کردنی لەشکرکێشییەکەی تورکیا تۆمەتبار کرد.

مەسعوود عەبدولخالق وتیشی: "لێرە و لەوی وا باس دەکرێت کە عێراقیش لە گەڵ تورکیا دایە بۆ ئەم لەشکرکێشیە، بەڵام وەکوو من تیگەشتووم عێراق لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا نییە و چەند ڕۆژیکی تر ڕەنگە بەیانی فەرمی هەبێت و ئەوە ڕەتبکاتەوە و ڕازیش نابێت بەم لەشکرکێشییە".

لە بەشێکی دیکەی ئاماری ڕێکخراوی سی پی تیدا ئەوە خراوەتە ڕوو تەنها لە ماوەی ۱۵ی مانگی شەش بۆ ۱ی مانگی ۷ی ۲۰۲۴، واتا لەگەڵ دەستپێکی لەشکرکێشیەکە، تورکیا ۱۵۱ جار بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی کردووە، ئەمە جگە لەوەی لە ۶ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ۸۳۳ بۆردوومانی دیکەی کردووە و بۆردومانەکان بوونەتە هۆی ئەوەی دانیشتوانی چەندان گوند ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و گوندەکانیان چۆڵ بکەن.

مەسعوود عەبدولخالق چاودێری سیاسی وتیشی: "لە ڕاستیدا مەبەستی تورکیا لە هاتنە ناوەوە بۆ ناو خاکی کوردستان ئەوەیە هەرێمی کوردستان تێکبچێت، بەڵام تێکچوونەکە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێک لەگەڵ عێراق. چەند جارە لەگەڵ عێراق ئەو پێشنیارە دەکات کە ئەوان هێزەکانیان بکشێننەوە و هێزی عێراق ببنە جێگرەوە ئەوەش بە ڕوونی دیارە کە بە مانای ئەوەیە هەرێم تێکبچێت، بەڵام هەر ئەوەندە نا بە ئامانجی کۆمەڵێک ڕێکەوتن، کاتێک ئەردۆغان هاتە بەغدا دەیویست دەستکەوتێکی زۆری مادییان هەبێت بۆ تورکیا، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجێکی تر کۆتایی هێنانە بە بوونی پەکەکە".

تورکیا سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی، بەڵام نایشارێتەوە کە پلانی هێرشی بە فروانتری هەیە، بیانووکەشی پاراستنی وڵاتەکەی و سنوورەکانێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان، کە وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی لێیان دەڕوانێ.

News Code 223763

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha