ئامانجی PKK ئاڵۆز کردنی دۆخی هەرێمی کوردستانە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ڕایگەیاند: پەکەکە بووەتە بەڵا بەسەر هەرێمی کوردستان و ئامانجی دروستکردنی کێشەیە بۆ هەرێمەکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان۲۴ی ڕاگەیاندووە: مانگی ڕەمەزان بوو کاتێ بازاڕی چەلێ لە دهۆک سووتا، ڕووداوەکە دوای بانگی بەیانی بوو، ئەو کاتی گومانمان هەبوو کە ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووبێت، چونکە کارەبای شوێنەکە پریپەید بوو و هیچ ئاڵۆزییەک و پەرشوبڵاوییەک لە وایەرەکاندا نەبوو.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد: بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرچوو کە پەکەکە لە پشت سووتاندنی بازاڕەکە بووە. پەکەکە ڕێکخراوێکی توندڕەوە دژی هەرێمی کوردستان و ئەزموونەیەکەیەتی، هەروەها ئامانجی ئاڵۆزکردنی دۆخی هەرێمەکەیە.

جەختی لەوە کردەوە، سووتاندنی دوکانی کاسبکاران کارێکی نامرۆڤانەیە. هاوکات گوتی: چەند ئەندامێکی یەکێتی لە سووتاندنی بازاڕەکە بەشدار بوون، بەڵام ئەم کارە سیاسیەتی حزبەکە نییە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، سووتاندنی بازاڕ لەلایەن پەکەکەوە حاڵەتێکی ئاساییە، چوونکە پەکەکە دژی هەرێمی کوردستانە، هەروەها ئەو کەس و لایەنانەشی کە حەز ناکەن هەرێمی کوردستان پێش بکەوێت دۆستی پەکەکەن.

هەر لەبارەی پەکەکەوە سەربەست لەزگین، وتی: پەکەکە بووەتە بەڵا بەسەر هەرێمی کوردستان، شەڕی خۆی لەگەڵ تورکیا هێناوەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو گوتیشی: پەکەکە ڕەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستان ناکات و زیانێکی زۆری لێ داوە، بەهۆی ئەوانەوە نزیکەی ۴۰۰ گوند لە هەرێمەکە چۆڵ کراون و دانیشتووانەکەشی  بەرەو شارەکان کۆچیان کردووە.

سەربەست لەزگین، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو: ئەو گرووپە چەکدارانەی لە شنگال هەن سیاسەتی پەکەکە جێبەجێ دەکەن. هەروەها کاتی خۆی پەکەکە هیچ ڕۆڵێکی لە ئازادکردنی شنگالدا نەبووە.

News Code 223779

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha