تورکیا ئەو لەشکرە زەبەلاحەی تەنها بۆ شەڕی پەکەکە نەهێناوەتە هەرێمی کوردستان

بەشی تورکیا- گواستنەوەی ئەو هێزە زۆرە و ناردنی سەدان تانک و زرێپۆش لەلایەن تورکیاوە بۆ ناوچەکانی باکووری هەرێمی کوردستان، وەک عێراقییەکان خۆیان دەڵێن "دەشێت ئانقەرە هەر تەنها مەبەستی لە لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان نەبێت، بەڵکو ئامانجی تریشی هەبێت، لەوانە کۆنترۆڵکردنی پارێزگای مووسڵ."

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ژەنەراڵێکی لەشکری عێراق لە لێدوانێکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا دەڵێت: "شەڕی پارتیزانی لە ناوچە شاخاوییەکاندا پێویستی بەو هێزە زەبەلاح و گەورە و تانک و زرێپۆش و ئەو بابەتانە نییە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو شەڕە؛ هەربۆیە ناردنی ئەو هەموو کەرەستە و کەلوپەلە لەشکرییە، وەها دەکات بڵێم لەوبڕوایەدا نیم تورکیا تەنها بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو شەڕە هاتبێت. تەنانەت کاتی خۆیشی حکوومەتی عێراقیش نەیتوانیوە ئەو ناوچانە بە زەبری هێز بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی. لەبەر ئەوە ئەگەر تورکیا بیەوێت ئەو ئەزموونە دووبارە بکاتەوە لە شوێنێکدا کە وڵاتی خۆی نییە، پێناچێت سەرکەوتوو بێت و بۆی ناکرێت."

تورکیا بەردەوامە لە جمجۆڵە لەشکرییەکانی خۆی لە باکووری هەرێمی کوردستانی عێراقدا و هەروادێ و هێزی زیاتری لەشکریی بە تانک و زرێپۆشەوە دەگوێزێتەوە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک.

کردە لەشکرییەکان، جا لە هەر شوێنێکدا بکرێن، ئامانجی ئاشکرا و نائاشکرایان هەن؛ بە مانایەکی تر ئامانجی دەستبەجێی لەشکریی و ئامانجی تری سیاسی درێژخایەن کە بە جودا لە ژوورە داخراوەکاندا باس دەکرێن و بڕیاریان لێدەدرێن.

ئەم ژەنەراڵە کە داوای کرد ناوی نەهێنرێت لەبەر هەستیاریی پێگەکەی لەناو لەشکری عێراقدا، دەڵێت: "هێنانی ئەو هەموو کەرەستە و کەلوپەلە لەشکرییە لەلایەن تورکیاوە، لە ڕووی لۆژیکی سەربازی و لە ڕووی ڕەهەندە سیاسی و ستراتیژییەکانیشەوە شتی تریشی لەپشتە. تورکیا بابەتی مووسڵ و ویلایەتی مووسڵی وەلاوە نەناوە و وەک دەزانین ساڵانە لە بوودجەی وڵاتی خۆیدا، بوودجەیشی بۆ دادەنێت".

News Code 223781

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha