ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات کێشەی کوردانی فەیلی چارەسەر بکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی فەیلی ڕایگه‌یاند، کێشەی کوردانی فەیلی لە عێراقدا چارەسەری ڕیشەیی دەوێت و هێشتا بەشێکی زۆر لە کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تارق مەندەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی فەیلی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "کوردانی فەیلی کێشەیان زۆرە و هێشتا بەشێکی زۆر لە خێزانە زیان لێکەوتووەکان قەرەبوو نەکراونەتەوە، کوردانی فەیلی کێشەی ڕەگەزنامەیان هەیە و هێشتا بڕیارەکانی سەردەمی بەعسیش هەڵنەوەشێنراونەتەوە، کە بەو بڕیارانە دەستگیرا بەسەر ئەموالی مەنقوولە و غەیر مەنقوولەیاندا".

هەرچەندە ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی کوردانی فەیلی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی کوردانی فەیلی بە دوو ملیۆن کەس لە عێراقدا مەزەندە دەکرێت، زۆربەیان نیشتەجێی پارێزگاکانی بەغدا و واست و کەرکووک و دیالەن.

تارق مەندەلاوی دەڵێت، "دەبێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی کوردانی فەیلی بدۆزرێتەوە، داوا لە حکوومەتی عێراق و یەکێتی و پارتی دەکەین پاڵپشتی کوردانی فەیلی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان".

کوردی فەیلی کە بە نەتەوە کورد و بە مەزهەب شیعەن، وەکوو یەکێک لە کەمینەکانی عێراق هەژمار کراون و لە پارێزگای بەغدا و واست دوو کورسی کۆتای ئەنجومەنی پارێزگایان بۆ دانراوە.

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی فەیلی دەڵێت: "کوردی فەیلی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی دیوی ڕەسافەی بەغدا پێکدەهێنن و لە دیوی کەرخیشەوە ژمارەیەکی زۆر کوردی فەیلیمان هەیە، کوردی فەیلی مێژویەکی درێژیان لە بەغدا هەیە و ژمارەیەکی گەورەن".

کوردانی فەیلی بەشێکی زۆر لە قوربانییەکانی سەردەمی حکوومەتی بەعس پێکدەهێنن، ئەوە جگە لەوەی لەسەر دەستی ڕێکخراوی قاعیدە و گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان ژمارەیەکی زۆریان لە پارێزگای دیالە و ناوچەکانی تر لێ کوژرا.

جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی وایکرد کوردانی فەیلی ببنە ئامانجی گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان، بە تایبەت لە سنووری ناحیەکانی سەعدیە و مەندەلی پارێزگای دیالە بە دەیان کەسیان لەلایەن ئەو گرووپانەوە لێ کوژراوە.

تارق مەندەلاوی دەڵێت، "لە کۆی ۶۰ هەزار قوربانی کە ناویان لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق تۆمارکراوە ۱۵ هەزاریان کوردی فەیلین، واتا چارەکێکی ئەو ناوانەی قوربانی دەستی بەعسن و تۆمار کراون فەیلین".

هەرچەندە ژمارەی کوردانی فەیلی لە بەغدا بە نیو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، بەڵام پێگەی حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناویاندا لاوازەو نەیانتوانیوە سوود لە دەنگەکانیان وەربگرن بۆ بەدەست هێنانی کورسی لە بەغدا.

بەشێکی زۆر لە کوردانی فەیلی لایەنگری حزبە شیعەکانن و بەشێکی کەمیان نزیکن لە حزبە کوردییەکانەوە، هەروەها محسن مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئێستادا پارتێکی دروستکردوە و هەوڵی ڕاکێشانی کوردانی فەیلی بەلای خۆیدا دەدات.

تارق مەندەلاوی وتی: "کاتی خۆی بەشێکی کوردانی فەیلی لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا بوون، بەتایبەت مام جەلال دۆستی فەیلییەکان بوو".

ناوبراو هەروەها وتیشی: "کوردی فەیلی مەزهەبین و ئەمە کاریگەری هەبوە، بەڵام کێشەی ئێمە سیاسی نییە، هەر لایەنێک هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کوردانی فەیلی بدات دەتوانێت ۱۰۰%ی دەنگەکانیان بەدەست بهێنێت".

News Code 223733

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha