بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو گەورەترین سەرچاوەی داهات دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بووە، ئەو رێکەوتنانەی لە نێوان عێراق و تورکیا و دوو وڵاتی دیکە واژۆ کراوە، کۆتایی بە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل دەهێنێت.
عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، هێڵی گەشەی ستراتیژی دروست دەکرێت کە بەسرە دەبەستێت بە تورکیاوە و بە ۱۱ پارێزگادا تێپەڕ دەبێت و تێچوەکەی ۱۷ ملیار دۆلارە و قازانجی ساڵانەی چوار ملیار دۆلارە.
باسی لەوەشکرد، واتە بۆ لەمەودوا کاڵا لە تورکیاوە بەو هێڵەدا دێتە عێراق و حکوومەتی بەغدا دەسەڵاتی بەسەرەوە هەیە، بۆری نەوتی کەرکووک، مووسڵ و تورکیا لە مانگی ئایار کۆتایی دێت، ئەو بۆرییە نەوتەش لە تەنیشت هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت و نەوتیش دەچێتە دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقییەوە.
عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی ئاشکرا کرد، نەوتی کەرکووک پێشتر بە هەرێمدا تێدەپەڕی لە ئایندەش دەیانەوێت نەوتی خورمەڵە و نەوتی کێڵگەڵەکانی هەرێمیش بخرێتە سەر ئەو بۆرییانە، نەوتی خورمەڵە بەشێکی زۆری نەوتی هەرێم پێکدەهێنێت، واتە سەردانەکەی ئەردۆغان و ئەو رێککەوتنانەی واژۆی دەکات خزمەتێکە بە کاروباری سیاسی عێراق.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، ئەجێندای گەورەی سەردانەکەی ئەردۆغان ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیایە بۆ سەر چیای گارە بە درێژی ۳۹ کیلۆمەتر، واتە پارێزگای دهۆک و هەولێریش دەگرێتەوە و هەرێمی کوردستان بەرەو دۆخێکی تاریک و جەنگ دەبات.
Your Comment