هیوادارین پارتی رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی نووسینگەی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاند لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا بە ۵۹ بەربژێر دەچنە هەڵبژاردن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی نوسینگەی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاند: بەپێی ئەو خشتەیەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دیاریکردبوو، کۆمەڵی دادگەری ئەمڕۆ لیستی بەربژێرەکانی پێشکێش کرد و چاوەڕێی ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەکەین بۆ تەواوکردنی وردبینییەکانیان. ئەگەر هەر کەموکوڕییەک هەبێت چاکی دەکەنەوە، بەپێچەوانەوە کۆمسیۆن پەسندی دەکات و دەچێتە نێو سێرڤەری دەنگدانەوە.

بێستوون حەمەساڵح ڕاشیگەیاند، بۆ هەر چوار بازنەکەی هەرێمی کوردستان، ۵۹ بەربژێریان هەیە و بەم بەربژێرانە دەچنە هەڵبژاردنەکان و چاویان لەوەیە کە لە سەرجەم بازنەکاندا کورسی بەدەستبهێنن.

هەروەها باسی لەوە کرد، سەرۆکی لیستی کۆمەڵ لە هەولێر، عەبدولستار مەجیدە، لە سلێمانی مامۆستا رێبوار حەمەد خدر سەرۆکی لیستە، لە دهۆک مامۆستا مەلا عەنتەر بادینی و لە هەڵەبجە مامۆستا تۆفیق مستەفا رەحیم سەرۆکی لیستی کۆمەڵی دادگەری دەبن.

لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی بەربژێرەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا، دکتۆر بێستوون حەمەساڵح بە رووداوی گوت، "لەسەر سێ بنەما کراوە، خواستی ئەو کەسانەی شیاوییان هەیە بۆ بەربژێر بوون لەو بازنانە، هەروەها ژمارە و رێژەی دەنگەکانی کۆمەڵ لە بازنەکان و بنەمای سێیەمیش دەبێ لە هەموو بازنەکاندا بەربژێرمان هەبێت".

لەبارەی هۆکاری دانەمەزراندنی هاوپەیمانییەک لەگەڵ پارتە ئیسلامییەکاندا، بەرپرسی نوسینگەی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، "گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان کرد، بەڵام رێکنەکەوتین. یەکگرتوو داوایکرد بەرەیەکی ناڕازی پێکبهێنین هاوشێوەی هاوپەیمانی بێت کۆمەڵیش داوایکردبوو سەرجەم هێزە ناڕازییەکان یەک لیستی هاوبەش پێکبهێنن بەڵام نەگەیشتینە ئەنجام. دوای هەڵبژاردنەکان بەرەیەکی هاوبەش بەگوێرەی پێشهاتەکان پێکدەهێنین."

سەبارەت بە بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا، دکتۆر بێستوون حەمەساڵح رایگەیاند، نازانن پارتی تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردن ناکات یان بەشداری ناکات و رێگە نادات هەڵبژاردن بکرێت. "هەروەها دەبێ کۆمسیۆنیش ئەمە یەکلایی بکاتەوە کە ئایا پارتی بەشداری هەڵبژاردن ناکات و رێگە بە هەڵبژاردن دەدات یاخود خۆی بەشداری ناکات و رێگەش نادات هەڵبژاردن لە زۆنی زەرد بکرێت. هیوادارین پارتی دیموکراتی کوردستان نەیگەیێنێتە ئەو ئاستەی کە رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات".

 گوتیشی، "بەپێچەوانەوە، پارتی وەک هێزێکی سیاسیی مافی خۆیەتی تێبینی لەسەر کۆی پرۆسەکە هەبێت، ئێمەش هەمیشە پێش و پاش هەڵبژاردن تێبینیمان هەبووە و هیچ هەڵبژاردنێک نەبووە بە ویست و حەزی ئێمە بووبێت".

باسی لەوەشکرد کە تێبینی زۆریان هەیە و پێشکێشی کۆمسیۆنیان کردووە، وەکو نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری هاووڵاتییان کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەم دیاردەیە زۆر بە زەقی بینرا.

بڕیارە رۆژی ۱۰ـی حوزەیران هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى دەکات.

لە دواى داخستنى دەرگەى پێشکێشکردنى بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کۆمیسیۆن ناوەکانیان دەنێرێت بۆ چەند دامەزراوەیەک و دەبێت لە ۱۵ رۆژدا وردبینى لە دۆسیەکانیان بکرێت، هەر بەربژێرێک رەتبکرێتەوە دەبێت لە سێ رۆژدا جێگرەوەکەی دەستنیشان بکرێت.

News Code 223279

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha