بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای حیزبەکەی سەبارەت بە دوایین قۆناخی پرۆسەی چارەسەری ڕایگەیاند: "زۆرینەی رەهای گەلەکەمان پشتگیری لە تورکیای بێ تیرۆر دەکەن و دەیانەوێ تیرۆر بە تەواوی لە رۆژەڤمان نەمێنێت. تورکیای بێ تیرۆر رێبازێکی دەوڵەتە، سەرکەوتنی سیاسیی تورکیایە و پشتیوان بە خوا دەبێتە دەستکەوتی تەواوی گەلەکەمان."
باخچەلی وتیشی، ئامانج لە هەموارکردنەوە یاساییەکان لێخۆشبوون نییە و گوتی، مەرجی سەرەکی بریتییە لە کۆتاییهێنانە بە پەکەکە و "سەرجەم پێکهاتەکانی پەیوەندیدارەکانی؛ هەروەها رادەستکردنی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانە. دوای ئەوە هەنگاوەکانی دیکە دەنرێن و چاکسازیی یاسایی و کارگێڕی ئەنجام دەدرێ."
سەرۆکی مەهەپە هۆشداریشی دا لە بەرامبەر هەوڵەکانی تێکدانی پرۆسەکە و داوای کرد لە بەرامبەر هەوڵی لەو جۆرەدا چاوکراوە بن.
پرۆسەی چارەسەری لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە بە ئامانجی کۆتاییهێنانی شەڕی چەندین دەیە و بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەستی پێکردووە.
پەرلەمانی تورکیا لە ۱۰ی ئابی ۲۰۲۶ پرۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد.
ئامانج لەو یاسایە، ئامادەکردنی زەوینەی یاساییە بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بۆ تورکیا.
جێبەجێکردنی یاساکەش هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی تەواوەتیی پەکەکە وەک مەرجێکی سەرەکی دەستنیشان کردووە.
Your Comment