لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەر ڕادەگەیەنین

مەحموود بەرخۆدان، بەرپرسی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە كۆبانێ ڕایگەیاند، "لە چەند ڕۆژی داهاتودا هەڵوەشاندنەوەی یەپەگە و هەسەدە ڕادەگەیەنین و پێکهاتەی بەڕێوەبەریی خۆسەر نامێنێت". دەشڵێت، "تاكو ئێستا ۱۰ هەزار شەڕڤانمان تێکەڵی سوپای سووریا بون، ڕەنگە ئەم ژمارەیە بگاتە ۱۲ هەزار. ئەو دەنگۆیانەی دەگوترا سوپایەکی ۷۰ بۆ ۱۰۰ هەزار کەسیمان هەیە، ڕاست نەبون".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود بەرخۆدان، لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "Turkiye Gazetesi" ڕایگەیاند، کێشەکانی تێکەڵبون (ئینتیگراسیۆن) لەگەڵ سوپا و حکوومەتی سووریا بە ڕێژەی ۹۹% چارەسەر کراون و وتی، "لە چەند ڕۆژی داهاتودا هەڵوەشاندنەوەی یەپەگە-هەسەدە ڕادەگەیەنین. بەڕێوەبەریی خۆسەریش نامێنێت. لە چوارچێوەی یەک سوپا، یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا و نیشتمانێکی هاوبەشدا سووریای نوێ بنیاد دەنێینەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو خاڵەی لە سووریا پێی گەیشتون، ناتوانرێت جیا بکرێتەوە لەو پڕۆسەیەی لە تورکیا بەڕێوە دەچێت و وتی: "سەرۆک کۆمار ئەردۆگان و باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، هەنگاوێکی مێژویی و ژیرانەیان ناوە کە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی خوێنڕشتن و گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا، چونکە بێ لەبەرچاوگرتنی مافی کوردەکان هیچ چارەسەرێکی دیکە بۆ کۆتاییهێنان بەم ئاژاوەیە نەبو".

بە وتەی مەحموود بەرخۆدان، تێکەڵبون بە سوپای سووریا لە ڕوی تیۆرییەوە کۆتایی هاتوە و تەنها هەندێک وردەکاری وەک دۆسیەی (یەپەژە) و شەڕڤانانی خەڵکی تورکیا ماون کە ئەوانیش چارەسەر دەبن. بەرخودان دەڵێت "چەکەکانمان ناشت و گەڕانەوە نییە"؛ ئێستا وەک بەشێکی ڕەسەنی سووریا لەژێر یەک ئاڵا و بۆ یەک ئامانج بەردەوام دەبین. ئەرکی دیمەشقە دەستورێکی نوێ بنوسێتەوە کە مافی هەموان (کورد، تورکمان، عەرەب، ئاشوری، ئێزدی، ئەرمەنی، دروز و عەلەوی) بپارێزێت و بە تەواوی کۆتایی بە عەقڵییەتی بەعس بهێنێت.

لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەر ڕادەگەیەنین

بەرخۆدان ئاماژەی بەوەکرد کە هاوکات لەگەڵ تێکەڵبوونی سەربازی، ڕادەستکردنی دامەزراوە گشتییەکان و بیرە نەوتەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە و وتی، "کوردەکان لە بنەڕەتدا کۆمەڵگەیەکی موسڵمانن و چوارچێوەی ئومەی ئیسلامی لە سووریا یان لەم جوگرافیایەدا هیچ کوردێک بێزار ناکات. ئەمە سۆسیۆلۆژیای سروشتیی ئێمەیە. تەنها بە یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت، نیشتمان و سوپایەکی هاوبەش دەتوانین لەسەر پێ بمێنینەوە".

ئەو فەرماندەیەی هەسەدە دەشڵێت: "داوای دەوڵەتی جیاوازمان (کوردستان) نەكردوە. لە ڕاستیدا هیچ کاتێک نەمانوتوە لە سووریا دەوڵەتێکی جیاواز دادەمەزرێنین. بۆ نمونە گوتنی ئەوەی 'کۆبانی دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ' كارێكی ناعەقڵانیە. کوردی سووریا لە هەمو لایەکی وڵاتدا بڵاوبونەتەوە و بە زمان و کولتور بونەتە بەشێکی قوڵی ئەم کۆمەڵگەیە. ئەمە بۆ تورکیاش ڕاستە، من هەزاران خزمم لە هەمو لایەکی تورکیادا هەیە و دەمەوێت بیانبینم. ئێمەیان لە ساڵی ۱۹۲۶ بە هێڵی برۆکسل لە یەک جیاكراینەوە، ئێستا کاتی داخستنی ئەو کەوانەیە و کاتی ئاشتییە".

مەحموود بەرخۆدان لە دیمانەكەیدا باسی لەوەشكرد، "کاتێک داعش هێرشی کرد، کۆبانی چۆڵ بو و خەڵکەکەمان هەموی چونە تورکیا و لەوێ ڕێزیان لێ گیرا. ئێمە ئەمانە لەبیر ناکەین. لە ۱۵ ساڵی ڕابردودا هەڵە کرا، بەڵام هەمویمان لە بیركرد. ئێستا دەبێت باس لە ئاشتی و یەکێتی بکەین".

بەرخۆدانی تەمەن ۵۲ ساڵ وتیشی: "تاكوو ئێستا ۱۰ هەزار شەڕڤانمان تێکەڵی سوپای سووریا بون، ڕەنگە ئەم ژمارەیە بگاتە ۱۲ هەزار. ئەو دەنگۆیانەی دەگوترا سوپایەکی ۷۰ بۆ ۱۰۰ هەزار کەسیمان هەیە، ڕاست نەبون. هەروەها ئێستا لە ناوماڵی خۆماندا کەسی بە ڕەگەز عەرەب نەماوە، تەنها لە ناوچەی قامیشلۆ-جەزیرە ئەگەر چەند کەسێک مابن".

یەڵماز بیلگەن، ڕۆژنامەنوسی تورک كە بۆ دیمانەكە چوەتە كۆبانی لەوبارەی دەڵێت، "دوای هاوێشتنی هەنگاوە مێژوییەکان بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر، چوینە ناو کۆبانی (عەین ئەلعەرەب)ی سەر بە حەلەب، کە لە ساڵی ۲۰۱۲ـەوە لەژێر کۆنترۆڵی باڵی سووریای پەکەکە (پەیەدە-یەپەگە)دایە. ئەو دیمەنە وێرانەیەی کۆبانی کە لە کاتی شەڕی ناوخۆی سووریادا بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە دروست ببو، بە تەواوی نەماوە.

دەشڵێت، "لەکاتێکدا ژیان بە شێوەیەکی سروشتی و دینامیکی بەردەوامە، تێبینیمان کرد کە لە شەقامەکاندا زمانی تورکی زۆر قسەی پێ دەکرێت و هێڵە مۆبایلە تورکییەکان بەکاردەهێنرێن. کاتێک خەڵکەکە زانییان ئێمە لە تورکیاوە هاتوین، گرنگیپێدانیان زیاتر بوو. هەروەها هەڵکردنی ئاڵایەکی گەورەی سووریا لە ناوەندی شارەکەدا وەک گەورەترین نیشانەی قۆناغە نوێیەکە تۆمار کرا".

News ID 227715

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha