بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای پەسەندکردنی یاسای «پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی»، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی نزیکەی ٣ هەزار و ٨٠٠ ئەندامی PKK، کە وتراوە لە ١٨ کەمپدا هەن، بووەتە بابەتی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی «ئۆزگور جەبە»، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی «نەفەس»، بۆ ئەوەی پەروەندەکان لە سیستەمی دادوەریدا کۆنەبنەوە، مامەڵە لەگەڵیان بە پێی بارودۆخی هەر دۆسیەیەک لە سێ گروپدا دەکرێت.
پشکنینی حوکمە کۆتاییەکان لە دادگاکانی جێبەجێکردنی سزاکان
لە گرووپی یەکەمدا، دۆسیەی ئەو کەسانە دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە کە حوکمیان کۆتایی پێهاتووە و دەربڕاوە کە بەشداری لە هێرشە چەکدارەکاندا نەکردووە.
بڕیار وایە پەروەندەکانی ئەم کەسانە لە دادگاکانی جێبەجێکردنی سزاکان پشکنین بکرێن و سزا و حوکمەکانیان لەگەڵ یاسای چوارچێوە بگونجێنرێن. دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە، هەنگاوەکانی ئازادکردنیان دەگیرێن.
مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئەو زیندانیانەی هێشتا دادگایی دەکرێن
گرووپی دووەم ئەو زیندانیانە دەگرێتەوە کە دادگاییکردنیان هێشتا بەردەوامە. پەروەندەکانی ئەم کەسانە لە دادگاکانی تاوانی قورس لە قۆناغی یەکەمدا پشکنین دەکرێن و بەپێی ڕێساکانی یاسای نوێ بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
لە گروپی سێیەمداش دۆسیەی ئەو کەسانە دەخرێتە ناوەوە کە حوکمەکانیان لە قۆناغی پێداچوونەوە یان لە دیوانی بەرزی دادوەرییە. دەبێت ئەم پەروەندانە لەلایەن دەزگا دادوەرییە پەیوەندیدارەکانەوە، بەپێی یاسای چوارچێوە، دووبارە هەڵسەنگێندرێن.
پرۆسەیەکی جیاواز بۆ ئەندامانی دەستگیرکراو
بۆ ئەو ئەندامانی PKK ـەی حوکمی دەستگیرکردنیان بەسەردا هەیە و لە ناو ڕێکخراوەکە لە ناوچە شاخاوییەکان یان لە دامەزراوەکانی ئەورووپا چاڵاکن، پرۆسەیەکی جیاواز دانراوە.
بەپێی ئەم پلانە، دوای خۆبەدەستەوەدان یان تەسلیمبوونی ئەم کەسانە، لێدوانەکانیان تۆمار دەکرێت و هەمان ڕۆژ کیفرنامەکەیان ئامادە دەکرێت. پاشان پەروەندەکەیان لە دادگای تاوانی قورس تایبەت بە تاوانە تیرۆریستییەکان دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە.
پێشبینی کراوە دادگا دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستگیرکردن، بە پشتبەستن بە یاسای چوارچێوە بڕیار لەسەر ئازادکردنیان بدات.
لە هەمان ڕاپۆرتدا هاتووە کە لە ٣٥ تونێلی ژێرزەمینی لە باکووری عێراق، ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی دۆزراوەتەوە؛ بەڵام وردەکاری زیاتر دەربارەی شوێن و کاتی دۆزینەوەی ئەو کەرەستانە و ئەو دامەزراوەیەی دەستی بەسەردا گرتوون، بڵاونەکراوەتەوە.
Your Comment