بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوو دیداری جیاوازدا لە واشنتۆن لەگەڵ هەریەک لە ئامۆس هۆچستاین، ڕێکخەری تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ستیڤ بیتنەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆ بووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکاندا کە دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی یەکێتی لەبارەی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و کەرتی وزە روونکردنەوەیدا و ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزی گازە و دەبێت مامەڵەیەکی بەرپرسیارانەی لەگەڵ بکرێت. پێویستە بە ستراتیژێکی نوێ و نیشتمانییەوە گەشە بەو کەرتە بدرێت و ببێتە مایەی بەهێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، داهاتەکەی لەخزمەت خەڵک و ئاوەدانیی هەرێمەکەماندا بێت. ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە ئێمە هەوڵی بەدیهێنانی دەدەین و دەمانەوێت بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی هەنگاوبنێین.
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تاڵەبانی لە واشنتن، لەلایەن نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوە مێزگردێکی بۆ سازکرا و هەریەک لە نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کاروباری سەربازی و سیاسی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ و کار، ئۆپەراسیۆنەکانی ململانێ و سەقامگیری، هەواڵگری و لێکۆڵینەوە تێیدا ئامادەبوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەسەرەتای مێزگردەکەدا سەرۆکی یەکێتی باسێکی ورد و چڕی لەبارەی رووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان پێشکەشکرد و سیاسەتی نیشتمانیی یەکێتی وەک هێزێکی کاریگەر و بەرپرسیار بەرامبەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی روونکردەوە و گوتی، هەوڵی ئێمە لەسەرەتاوە لەپێناو قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان بووە، هەمیشە لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان بووین و هەوڵمانداوە بەشێک بین لە چارەسەر و باوەڕی تەواومان بە هاوبەشیی راستەقینە هەیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. لەگەڵ هاوبەشەکانیشمان لە بەغدا لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان رێککەوتووین و کۆکین لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی هەموو گەلانی عیراق.
تاڵەبانی لەبارەی هەڵبژاردن و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە گوتی، هەمووان هەڵوێستی ئێمە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گەشەکردنی دیموکراسی لەهەرێمی کوردستان دەزانن، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانیتریش هاوهەڵوێستن و دەیانەوێت گۆڕانکاری لەپڕۆسەی حوکمڕانی بێتەئاراوە. هەموو هەوڵێکیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و نامانەوێت خواست و ئیرادەی خەڵک بۆ گۆڕانکاری بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەت.
سەبارەت بە پرسی پێشمەرگەش، سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ رێکخستنەوە و بەنیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و بەئومێدەوە لێی دەڕوانین. پشتیوانی و هاوکارییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا جێگەی پێزانینی ئێمەیە و پرۆسەکەی خێراتر کردووە. جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکانیش دەکەینەوە لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵک و سەقامگیریی ناوچەکە، چونکە مەترسییەکانی تیرۆر بەردەوامە و دەبێت هەمووان پێکەوە ڕووبەڕووی بوەستینەوە.
Your Comment