بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە، لەسەر سکاڵای ڕزگار حاجى حەمە کۆ بووەتەوە و بڕیاریداوە، نابێت ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە بڕیارەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بن، چونکە لە تایبەتمەندى ئەوان نییە.
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان دەشڵێت، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی لە ئامادەکردن و جێبەجێکردنی هەڵبژاردنەکان درووستدەین".
دەستەکە دەشڵێت، "زیانلێکەوتووان لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانن تەنیا لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانە لە بڕیارەکان بدەن، کە تاکە مەرجەعە بۆ وردبینیکردنی راست و درووستی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و بڕیارەکانیشى یەکلاکەرەوەیە".
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن باسلەوەشدەکات، "هەر قسەیەکی پێچەوانەی ئەمە دەبێتە هۆکاری تێکەڵاوبوونی دەسەڵات و بڕیارەکان کە پەیوەستن بەیەک پرۆسەوە".
ئەوەشى راگەیاندووە، بڕیاری تانەلێدراوی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ راگرتنی رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ناڕاستە و پێچەوانەی یاسایە و بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی و ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران.
لە کۆتاییدا دەڵێت، ئەگەر کۆمیسیۆن بە هۆکارى هونەریى نەتوانێت هەڵبژاردن ئەنجامبدات، پێویستە داوا لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بکات، بە مەرسومێکى هەرێمیى وادەیەکى نوێ بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن دیاری بکات.
Your Comment