بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز کۆبونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجە و نەوت کرا.
لە کۆبوونەوەکە نیازی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ڕیشەیی دووپاتکرایەوە و خواستی حکوومەتی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو، ئەو پرسەش پێویستی بە رێگاچارەی هاوبەش و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەنەکانە لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئالنگاریانە کرا کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری دروستبوون، هەروەها ئاماژەبەوەدرا بە پێکەوەیی مانەوە و کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامیدان بە کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن.
ئومێد سەباح ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکان بە پێویست زانرا لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق.
Your Comment