بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكدا بۆ پەڕەی ڕهسمی وەزارەتەكەی ئاشكرای كردووە، کێشەی سەرەکی بەردەم هەناردەی نەوت ئەوەیە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت زۆرە، هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کۆمپانیاکان لە کەرتی نەوتدا وەبەرهێنانیان کردووە.
ناوبراو باسی لەوەش كردووە، عێراق ساڵانە چەندین تریلیۆن دینار بۆ کەرتی نەوتەکەی تەرخان دەکات، بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان جیاوازە، لە عێراق کەرتی گشتییە و لە هەرێمی كوردستان کەرتی تایبەتە.
وەزیری سامانە سروشتییەكان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتوویەتی، عێراق ساڵانە چەندین تریلیۆن دینار بۆ کەرتی نەوتەکەی تەرخان دەکات، ئێستا عێراقیش گەیشتووەتە ئەم قەناعەتە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
کەمال محەمەد ساڵح، ئەوەشی ڕوونكردەوە، بڕیارە رۆژی یەكشەممە 9ـی ئەم مانگە شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت سەردانی بەغداد بکات، چاوەڕێ دەکەین بەمنزیکانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كردووە، کۆمپانیاکان بە بڕە پارەیەکی زۆر وەبەرهێنانیان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە و پێویستە بەغداد ڕەچاوی ئەمە بکات.
Your Comment