دانەگاز بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرت

بەشی جیهان- کۆمپانیای دانەگاز ڕایگەیاند سەلامەتی و تەندروستیی کارمەندان و کرێکارانى کاری هەرە لەپێشینەی کۆمپانیاکەیە، بەو هۆیەوە بەشێوازی کاتی بەرهەمهێنانیان لە کۆرمۆر ڕاگرتووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیێندراوەکەی دانەگازدا هاتووە: کاژێر ۰۶:۴۰ـی ئێوارەی ڕۆژی ۲۶ـی ئەم مانگە کۆگەیەکی گازی کۆندێنسەیت لە ڕێگەی هێرشێکی تیرۆریستی درۆنییەوە کرایە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشە تیراژیدییەدا چوار لە کارمەندان گیانیان لەدەستدا و هەشتی دیکەش بریندار بوون، لە کاتێکدا سەرقاڵی کاری چاککردنەوەی کۆگەکە بوون".

 لە ڕاگەیندراوەکە هاتووە: "هەموو کەس لە دانەگاز و کۆمپانیا هاوبەشەکانی هاوخەمی قووڵی خۆیان بۆ بنەماڵەی قوربانییان و ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەتووە، دەردەبڕن و هەموو شتێکیش بۆ پاڵپشتی و یارمەتیی زیانلێکەوتووان دەکەن."

 دانە گاز دەشڵێت: "سەلامەتی و تەندروستیی کارمەندان و بەڵێندەران گرنگترین شتە لەلای کۆمپانیای دانەگاز. هەرچەندە زیانی کەم بە دامەزراوەکان و کەرەستەکان کەوتووە، بەڵام بەرهەمهێنانمان بە شێوازی کاتی وەستاندووە و رێوشوێنەکانی کارکردنمان گۆڕیوە."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا دانەگاز دەڵێت: "لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە بەرزترین ئاستدا لە دانوستاندنداین بۆ یارمەتیدانیان لە جێبەجێکردنی بەرپرسارییەتییەکەیان بۆ ئەوەی بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بە سزای خۆیان بگەیەنن."

 دانەگاز جەخت لەوە دەکاتەوە لەوەی "لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەت لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان توندوتۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دواجار بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە.

ئەم کۆمپانیا ئیماراتییە دەشڵێت: "بەتەواوەتی پابەندین بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق، هەروەها خاوەن پشکەکانمان. چاومان لەوەیە هەرکاتێک ئەنجامدانی کارەکانمان سەلامەت بوو، دەست بە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بکەینەوە".

News Code 223416

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha