هێزە سیاسیەکانی کەرکووک بەسەر دوو بەرەی ڕکابەر و نەیاری یەکتر دابەشبوون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و کوتلەی سیادەی عەرەبی سونە هاوپەیمانێتییان پێکهێناوە و دەیانەوێت حکوومەتی خۆجێی کەرکووک پێکبهێنن، لەکاتێکدا یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن و دوو ئەندامی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕکابەرییان دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتۆر میعراج کەرکووکی، چاودێری سیاسی و کەسایەتی عەرەبی سونە لە کەرکووک، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "ئەندامانی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دابەش بوون بەسەر بەرەی پارتی و یەکێتیدا، ئەمە پرسیاری لای شەقامی عەرەبی دروست کردووە. هەرچەندە پاساوی ئەو ئەندامانەی عەرەبی سونە کە تەواوکردنی نیسابی یاساییان پەکخستووە ئەوەیە دەیانەوێت هەموو لایەنەکان لە حکوومەتی خۆجێییدا بەشدار بن".

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان ۵ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان ۲ کورسی، عەرەبی سونە ۶ کورسی، بەرەی تورکمانی ۲ کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش ۱ کورسیی لە کۆی ۱۶ کورسی ئەنجومەنە هەیە.

پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی خاوەنی ۴ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکن، لەگەڵ کوتلەی سیادە بە سەرۆکایەتی خەمیس جەنجەر ڕێککەوتوون و بەرەکەیان ۸ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای هەیە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان ۵ کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش خاوەنی یەک کورسییە، دوو ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش چوونەتە نێو بەرەکەیانەوە، یەکێکیان نزیکە لە کوتلەی عەزم و ئەویتریان سەر بە کوتلەی تەقەدومە بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی و ئەم بەرەیەش خاوەنی ۸ کورسییە.

دکتۆر میعراج کەرکووکی، دەڵێت: "فاکتەری ئیقلیمی بە تایبەت ئێران و تورکیا هۆکاری دابەشبوونی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکن، چوونکە بەرەیەکیان ئینتیمایان بۆ ئێران و بەرەکەی تریش ئینتیمای بۆ تورکیا هەیە. ئێمە ڕەنگدانەوەی فاکتەری ئیقلیمی و فشاری سەر ئەندامانی ئەنجومەن ڕەتدەکەینەوە".

دابەشبوونی ئەندامانی عەرەبی سونە بەسەر بەرەی پارتی و یەکێتی باڵانسی لە نێوان هەردوو بەرەکە دروستکردووە، وایکردووە هیچ لایەکیان نەتوانن بە بێ ڕێککەوتن لەگەڵ لاکەی تر هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک هەڵبگرن.

بەشێک لە سەرکردەکانی عەرەبی سونە لە کەرکووک پێیانوایە، فاکتەری خێڵەکی و ناکۆکی نێو خۆیی لەگەڵ فاکتەری ئیقلیمی یەکیانگرتووەو ناو ماڵی عەرەبی سونەیان دووچاری دابەشبوون کردووە.

شێخ وەسفی عاسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە کوتلەکەی خاوەنی یەک کورسییەو لە ئێستادا لەگەڵ بەرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە، ڕایگەیاندووە،"بە بێ یەکێتی نیشتمانی بەشداری حکومەتی خۆجێی کەرکووک ناکەین، چونکە سەقامگیری دروست نابێت".

دابەشبوونی ئەندامە عەرەبەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەسەر بەرەی پارتی و یەکێتی ڕەنگدانەوەی ناکۆکییەکانی نێو عەرەبی سونەشی پێوە دەبینرێت، بەو پێیەی کوتلەی عەزم و تەقەدوم کە لەگەڵ یەکێتیدان، ناکۆکن لەگەڵ کوتلەی سیادە بەسەرۆکایەتی خەنجەر کە لەگەڵ پارتیدایە.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە لە کەرکووک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دوو ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ یەکێتی هەیەو کوتلەی سیادەش لە پارتییەوە نزیکە، ئەمە هۆکاری دابەشبوونەکەیە".

دەشڵێت: "ئەندامە عەرەبەکانی ئەنجومەنی پارێزگا باڵانسیان لە نێوان یەکێتی و پارتی ڕاگرتووە، چونکە پێکهێنانی حکومەت بە بێ یەکێتی سەقامگیری تێکدەدات".

ڕۆژی ۴ ی مانگی دووی ۲۰۲۴، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەشاری سلێمانی کۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەوکاتی کۆبوونەوەی نێوانیان هاوڕابوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک.

هاوڕایی نێوان یەکێتی و پارتی زۆری نەخایاندو نێوانیان گۆڕا بۆ یەکتری تۆمەتبار کردن، لە ئێستاشدا ئەم دوو لایەنە کوردییە ڕکابەری یەکتری دەکەن و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانیان لەدەوری خۆیان کۆکردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە کەرکووک کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێناچێت لایەنە ڕکابەرەکان بە ئاسانی ڕێکبکەون، چونکە تەنازول بۆ یەکتری ناکەن و چاویان لەسەر باڵادەست بوون و پۆستە گرنگەکانی کەرکووکە".

ناکۆکۆ نێوان لایەنەکانی کەرکووک لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە لەکاتێکدایە، کەمتر لە سێ هەفتەیان لەبەردەمدایەو بە پێی یاسای هەڵبژاردن، دەبێت لەو ماوەیەدا بگەنە ڕێککەوتن و حکوومەتی خۆجێی کەرکووک پێکبهێنن.

News Code 223832

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha