لە دوای ساڵی ۲۰۳۰ کورد لە کەرکووک زۆرینە نابێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسێکی یەکێتی لە کەرکووک هۆشداری لە کەمبوونەوەی ژمارەی کورد و زیادبوونی ژمارەی عەرەب لە کەرکووک دەدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی قەڵایی، بەرپرسی سەنتەری هەڵبژاردنی سەلاحەدین و کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاندووە: "ڕێژەی کورد لە کەرکووک، لەسەر ئاستی خوێندگەکان و خستنەوەی وەچە ڕووی لە کەمییە. لەبەرئەوەی دۆخی کورد لە ڕووی ئابوورییەوە خراپە و بووەتە هۆی ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری کەم بکرێتەوە. هاوکات دۆخی نەتەوەکانی دیکەی کەرکووک لە ڕووی ئابوورییەوە جێگیر بووە. لە دوای ۱۶ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەم مەترسییە زۆر هەستی پێ دەکرێت".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژ بە ڕۆژ رێژەی نەتەوەی عەرەب لە دوو ڕەهەندەوە زیاد دەکات، ڕەهەندێکیان پەیوەندیی بە تەعریبەوە هەیە؛ ئەوەی دیکە تایبەتە بە خستنەوەی وەچەوە.

عەلی قەڵایی دەڵێت: "عەرەب بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر وەچە دەخەنەوە؛ هەموو پیاوێکی عەرەب بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی خێزانەکەی لە ۱۰ کەس کەمتر نییە. زۆرترینیشیان ۱۶ بۆ ۱۷ سەرخێزانن. ئەمە لەنێو کورددا جیاوازە و کەمترە؛ خێزانی کورد لە کەرکووک ژمارەی خێزانیان دەگاتە ۶ بۆ ۷ سەرخێزان. نەتەوەی تورکمانیش ۳ بۆ ۴ سەرخێزان زۆرترینیانە."

نەخشەی جوگرافیی شاری کەرکووک وا هەڵکەوتووە، گەڕەکە زۆرینە عەرەبی و تورکمانییەکان کەوتوونەتە باشوور و رۆژئاوای شارەکە، ناوچە کوردییەکانیش لە باکوور و رۆژهەڵاتن، بەڵام کورد جگە لەو ناوچانە، پێشتر بەشێک لە دانیشتووانی باشوور و رۆژئاوایان پێکدەهێنا، ئێستا خەریکە ژمارەیان لەو شوێنانە زۆر کەم دەبێتەوە.

لەبارەی هۆکاری کەمیی ژمارەی سەرخێزانی کورد، ئەو بەرپرسەی هەڵبژاردنی یەکێتی وتی: "هۆکارەکە کەمتەرخەمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، چوونکە بەپێی پێویست ئاوڕی لەو ناوچانە نەداوەتەوە. ئەو ناوچانە کۆمەڵێک گرفتی گەورەیان هەیە؛ بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە مووچەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر گەنجی کورد دروست کردووە. بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانێت هاوسەرگیری بکات و نەوە بخاتەوە... ئەمەش مەترسییە بۆ کەمبوونەوەی کورد لەو ناوچانەدا. بەڵام عەرەب بەپێچەوانەی کوردە، ئابوورییەکی باش و ژیانێکی جێگیریان هەیە. بۆیە وەچە زۆر دەخەنەوە".

عەلی قەڵایی هەروەها دەڵێت "عەرەب دیدێکی خێڵەکی هەیە و ناوچەکانی دەوروبەری حەویجە سێ چوار ژنیان هەیە. ئەم دیدە خێڵەکییە گواستراوەتەوە بۆ نێو شاریش؛ لە زانکۆکاندا، دکتۆری ئەکادیمی هەیە سێ ژن و چوار ژنی هێناوە. فرەژنی لەنێو عەرەب هۆکاری خستنەوەی وەچەی زۆرە. دوای ۱۶ـی ئۆکتۆبەر تەعریب دەستیپێکردەوە و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. ئەمەش لەبەرژەوەندیی عەرەبە".

گەڕەکی کوردستان پێش ۲۰۰۳ سەربازگەبووە، کوردانی گەڕەکەکە دەڵێن، خراپیی خزمەتگوزاری و پەراوێزخستنیان لەلایەک و دۆخی سیاسی، وایکردووە زۆرترین کورد جێیبهێڵن. ساڵانە لە مانگی پێنج بەدواوە، دانیشتووانی گەڕەکی کوردستان تەنیا بە تانکەر دەتوانن ئاوی خواردنەوەیان دەستبکەوێت. گەڕەکەکە ساڵانێکە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنێت.

بە گوتەی عەلی قەڵایی و بەپێی ئەو توێژینەوەی کردوویانە، "لە دوو هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی ۲۰۳۳، ژمارەی عەرەب لەسەر ئاستی تاک زۆر زیاد دەکات. ئەمەش مەترسییە بۆ کورد لە کەرکووک. دەبێتە مەترسیش بۆ ئاسایشی نیشتمانی کورد. چونکە تاوەکو کەرکووک پارێزراو بێت، هەرێمی کوردستان پارێزراوە. تاوەکوو کوردانی نەینەوا پارێزراو بن، هەولێر و دهۆک پارێزراون. پارێزراوی سلێمانییش پەیوەندی بە کەرکووکەوە هەیە. تاوەکو ماددەی ۱۴۰ لەو ناوچانە جێبەجێ نەکرێت، مەترسی لەسەر ئەم ناوچانە هەیە. چوونکە هەڵبژاردن لەو ناوچانە، بە دیدێکی نەتەوەیی سەیر دەکرێت. لەو ناوچانە دەنگ بە نەتەوە دەدرێت نەک حیزب".

ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بە جۆرێک لە نزیکەی ۷۰۰ هەزار کەسەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک و ۵۰۰ هەزار کەس کە زۆرینەی زیادبوونەکە لەنێو عەرەبدایە.

لەبارەی چارەسەری کێشەی کەمبوونەوەی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەرپرسی سەنتەری هەڵبژاردنی سەلاحەدین و کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردییەکان گرنگی بەو ناوچانە بدەن؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان وا بکات ئەم ناوچانە ببنە شوێنی گەشتیاری و خەڵک ڕوویان تێبکات. لەبری ئەوەی خەڵک لەو ناوچانە کۆچ بکات، شتێکی وا بکرێت خەڵک لە ناوچەکانی دیکەوە ڕوو لە ناوچەکانی ماددەی ۱۴۰ بکەن. هاوکات دۆخێکی ئابووری لەو ناوچانە بڕەخسێندرێت".

News Code 223837

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha