بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی باسنیووزی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوی کردەوە: یەکێتی لەگەڵ ڕاکان جبووری و گرووپەکەی ڕەیان کلدانی، بەنیاز بوون کۆبوونەوەیەکی نایاسایی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕێک بخەن و تێیدا پۆستەکان لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن، بەڵام کەس بەدەم داواکەی یەکێتییەوە نەچووە و ئەو پیلانەشی شکستی هێنا.
لەمبارەیەوە ئەحمەد گلی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: یهکێتی دیسان ویستی پیلانگێڕی بکات و هاوشێوهی کودهتا بهسهر شهرعییهتی پێکهاتهکانی کهرکووک، لهگهڵ گرووپەکەی ڕهیان کلدانی و تاقمێکی شۆڤێنی، دەیانویست ئەو کارە شکستخواردووەی لە نەینەوا کردیان، لە کەرکووکیش بیکەن، بەڵام بۆیان نەچووە و سەر و هەر خۆیان ناچار بوون کۆبوونەوەکە هەڵبوەشێننەوە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "تا ئێستا هیچ لایهنێکی براوه لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نهگهیشتووەته رێککهوتن لەگەڵ لایەنەکانی تر، ئهوهی دوو رۆژه یهکێتی بانگهشهی بۆ دهکات، تەنیا پیلانێکی خۆیان بوو، بەڵام وا دیارە لە کۆتاییدا پیلانەکەیان شکستی هێناوە".
ئەحمەد گلی جەختی کردەوە کە سیاسەت کردن لەسەر بنەمای فێڵ و تەڵەکەبازی و بە چنینەوەی بەرهەمی خیانەت و خۆفرۆشی، سەرئەنجامەکەی هەر ئەوەیە کە لە ڕێگەی ڕێککەوتنی نهێنییەوە هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەکانت بدەیت، چونکە ئەگەر ئەو خاڵانە ئاشکرا ببێت کە لە بەرامبەریدا ئەو لایەنانەی دیکەیان رازی کردووە، ئەوکات هێندەی دیکە تووشی ئابڕووچوونی سیاسی دەبن.
Your Comment